كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانا بە دیزاینێكی ناوازە كرایەوە

:: PM:02:58:15/05/2019 ‌

چەند مانگێك بەر لە ئێستە لەسەر ئەركی حكوومەتی هەنگاریا دەست كرا بە نۆژەنكردن و دروستكردنەوەی كەنیسەی مارگۆرگیسی مەسیحییەكانی دیانا و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا كەنیسەكە كرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، یەتڕوون یۆنان داود قەشەری مەسیحیەكانی دیانا و دەڤەری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بچووكی كەنیسەی ماركۆرگیس لە دیانا كە سەر بە كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە، شوێنی بەشدارانی رێوڕەسمە ئاینییەكانی بچووك بوو و جێی خەڵكی نەدەبوو، بۆیە دوای هەوڵێكی زۆر حكوومەتی هەنگاریا رەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینكردنی 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكی بۆ دروستكردنەوەی كەنیسەیەكی پێشكەوتوو .

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 16 میتڕانی دنیا كە تێیدا میتڕانی ئەمەریكا، هیندستان، ئێران، هەنگاریا وەزیری هەنگاریا بۆ كاروباری مەسیحییەكان و وەزیری ئەوقافی كوردستان و چەندان بەرپرسی باڵای حكوومی و خەڵكێكی زۆری مسوڵمان و مەسیحی كەنیسەی مارگۆرگیس لە دیانا كرایەوە، خۆشحاڵین لەگەڵ مسوڵمانان لە خۆشی و ناخۆشیدا هەمیشە پێكەوەین.

"كەنیسەكە هەر لە شوێنی خۆی بە شێوازێكی مۆدێرن دروست كراوەتەوە و هۆڵێكی گەورەی هەیە كە جێی 400 كەسی تێدا دەبێتەوە، رەچاوی هەموو چالاكی و رێوڕەسمێكی ئاینی كراوە و ناوەوەی كەنیسەكە بە دیزاینێكی ناوازە دروست كراوە و كەلوپەل و پێداویستییەكانی رێكوپێكن و هەموو رێوڕەسمە فەرمییەكانی وەك نزاكردن و جەژن و كۆڕ و كۆبوونەوە و ئاهەنگی بووك گواستنەوە لەمەودوا لەناو ئەو هۆڵەدا دەكرێت" قەشە یەتڕوون یونان وای گوت. 

كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانا ساڵی 1980 لە سەنتەری شارەدێی دیانا لە لایەن حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بە هاوكاری كەسایەتی ئاینی مەسیحییەكان دروست كرابوو، بەڵام بەهۆی كۆنی باڵەخانە و بچووكی شوێنەكە خراپ كرا و دووبارە دروست كرایەوە . جیا لە شارەدێی دیانا و هەریەك لە گوندەكانی هاودیان و بێدیال لە سنووری مێرگەسۆر كەنیسەی گەورەی مەسیحییەكان بوونی هەیە و رۆژانە چالاكی ئاینی و بەتایبەت رۆژانی یەكشەم رێوڕەسمە ئاینییەكانیان تێدا ئەنجام دەدەن، جیا لە كەنیسەكانیش مەسیحییەكانی دەڤەری سۆران زیاتر لە 10 مەزار و شوێنی پیرۆزیان هەیە .

دەڤەری سۆران سەر بە پارێزگای هەولێرە و ئیسلام و مەسیحی بە درێژایی مێژوو پێكەوە دەژین و كەمترین كێشە و گرفتیان هەبووە ، لە سنووری دیانا و هاودیان و بێدیال لە مەسیحییەكان بوونیان هەیە، ژمارەیان بە 300 خێزان دادەنرێت كە نزیكەی هەزار كەس دەبن، پیشەی سەرەكیی مەسیحییەكان لەو دەڤەرەدا، فەرمانبەری داودەزگاكانی حكوومەت و ژمارەیەكیشیان كاسبكارن و مێژوویەكی كەوناریان هەیە .

دیانا/ موڕشید برادۆستی









وشە - هیدایه‌ت جان