لە ئینستاگرام كچێك خۆكوشتنی دەخاتە دەنگدان

:: PM:09:01:15/05/2019 ‌
پۆلیسی مالیزی پەڕاوی لێكۆڵینەوەی لە تاوانی خۆكوشتنی كچێكی هەرزەكار كردەوە دوای ئەوەی لەسەر ئینستاگرامی تایبەت بەخۆی پرسی خۆكوشتن و درێژەدان بە ژیانی خستە راپرسی.

میدیاكانی مالیزی بە گرنگەوە باسی خۆكوشتنی كچە تەمەن 16 ساڵەكەیان كرد كە لە پۆستێكدا نووسیویەتی "بابەتەكە زۆر گرنگە، یارمەتیم بدەن لەسەر هەڵبژاردنی مردن یان ژیان"، بەشدارانی پۆستەكە بەشی زۆریان دەنگیان بە مردن دا، ئەمەش وای كرد كچە خۆی بكوژێت.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات كە 69%ی دەنگدەرانی پۆستەكە، دەنگیان بۆ بەرژەوەندی كوشتن دا، ئەمەش پاڵنەری سەرەكی بووە لەوەی كچە خۆی بكوژێت.

 یەكێك لە پارێزەرەكانی مالیزی دەڵێ، هەموو ئەوانەی بەشداریان لە دەنگدانەكە كردووە و هانی كچەیان داوە بۆ خۆكوشتن ئەوا تۆمەتبارن بە هاندان بۆ خۆكوشتن.

پارێزەر رامكاربال سینگ زیاتر گوتی "ئەگەر دەنگدەران دەنگیان بۆ ژیان بدابووایە ئێستە كچە لە ژیان بوو، بەڵام ئەوەش دیار نییە كە بەشدارانی پۆستەكە كاریگەرییان لەسەر بڕیاری خۆكوشتنی كچەكە هەبووە یان نا".

دەسەڵاتدارانی مالیزی دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، بەڵام تا ئێستە ئاشكرایان نەكردووە كە كچە چی بەكارهێناوە بۆ خۆكوشتن.


وشە - فه‌رمان سادق