چی وا ده‌كات له دوو ده‌یه‌ی داهاتوو گۆی زه‌وی ببێته مه‌ترسیدارترین شوێن بۆ ژیان؟ ڕه‌نگه بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره هه‌مووتان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه، كه جه‌نگ و ململانێی وڵاتان و چه‌كی كۆكوژ و رۆبۆت كه به جێگره‌وه‌ی مرۆڤ داده‌نرێ، ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر مرۆڤ، به‌ڵام ئه‌مانه هۆكاری لاوه‌كین، سه‌ره‌كیترین هۆكار بۆ تێكچوونی ژیان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بریتییه له گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و پیسبوونی ته‌واوه‌تی ژینگه، لایه‌نێكی تریش داته‌پینی ئابووری جیهانه، كه ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن مرۆڤ سه‌رگه‌ردان و گیرۆده‌ی چاره‌نووسێكی شووم بێت.
ئێسته كۆمه‌ڵگاكان به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه و له‌تبوون و جیابوونه‌وه و دروستبوونی كۆمه‌ڵگا و ڕه‌وت و گرووپی تر ده‌بن، ئه‌م جیابوونه‌وانه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه، به‌مشێوه‌یه توندوتیژی ڕووی له زیادبوون كردووه، به‌هۆی تێكچوونی كه‌شوهه‌وا و گۆڕانی ڕیشه‌یییش له‌و بواره و پیسبوونی ژینگه، پێشبینی ده‌كرێ كاره‌ساتێكی گه‌وره ڕوو له جیهان بكات، كاره‌ساتێك گه‌وره‌تر له‌وه‌ی تیرۆر به‌سه‌ر جیهانی هێناوه له ماوه‌ی 18 ساڵی ڕابردوودا. بێگومان له جیهانێكی دابه‌شبوو و نه‌بوونی ستراتیجێكی فره‌لایه‌ن و به‌شدارنه‌بوونی هه‌مووان له جێبه‌جێكردنی ژینگه و كه‌شوهه‌وای زه‌وی به ته‌واوی به‌ره‌و وێرانبوون ده‌چێت.
ئابووری و ژینگه و ئاسایش سێ بواری سه‌ربه‌خۆ نین، به‌ڵكوو سه‌رجه‌میان پێوه‌ستی و پێوه‌ندی تۆكمه‌یان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، بوونی كه‌لێن و ته‌نگژه له هه‌ر یه‌كێكیان وا ده‌كات ئه‌وانی تریش به‌ره‌و كێشه و كاره‌ساتی گه‌وره هه‌نگاو بنێن.
لیبرالی نوێ كه ئابووری كۆمه‌ڵگاكانی له‌سه‌ر بنیات نراوه و پشت به ئازادكردنی بازاڕ ده‌به‌ستێ، بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی سه‌رمایه‌داری و بازرگانی بكات، به‌ڵام ئه‌مه یه‌كسانی دروست ناكات، بگره ژینگه‌یه‌كی ئابووری پڕ له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و فێل و ته‌ڵه‌كه‌بازی دروست ده‌كات، كه هه‌مووان هه‌وڵده‌ده‌ن پاره كۆ بكه‌نه‌وه و گرنگی به كوالێتی نادرێ و نرخ له كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێ و بازرگان و سه‌رمایه‌داره‌كان له شوێنی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌بن به به‌رپرس و سه‌رمایه‌داری گه‌وره، ئه‌مه‌یش له بنه‌ڕه‌تدا وا ده‌كات كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا زیان بكه‌ن، بۆیه له ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه كاردانه‌وه دروست ده‌بێ و كێشه به دوای خۆی دا ده‌هێنێت.
ئه‌و سیسته‌مه نوێیه بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت لاواز ده‌كات و كۆت و به‌نده‌كانی سه‌ر دراو و ئابووری ده‌كاته‌وه، كاڵاكان به ویستی بازرگانان نرخیان له‌سه‌ر داده‌نرێ و ناتوانرێ له ڕێی سه‌ندیكانان به‌سه‌ر كه‌رتی كاردا زاڵ بن، له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش حكوومه‌ت هه‌میشه چاوی له زیادكردنی باجه، له كاتێكدا ڕێی به بازرگانان داوه، بكه‌ونه گیانی جه‌ماوه‌ره‌وه، له هه‌مان كاتیش خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و فێربوون ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له خراپبوون ده‌كات.
ئامانجی سه‌ره‌كی سیسته‌می نیولیبرالی بۆ هه‌ره‌سهێنانی سیسته‌می سۆڤیه‌تی و هه‌ژموونی چین بوو به‌سه‌ر جیهان، به‌ڵام ئێسته خۆی له كێشه‌ی گه‌وره‌دایه، چونكه بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ئاژانسه‌كانی گه‌شه‌پێدان تووشی قه‌رزی زۆر بوونه‌ته‌وه و به‌ره‌و پاشه‌كشه هه‌نگاو ده‌نێن.
ئه‌م جۆره له سیسته‌مه ئابوورییه وایكردووه، ملیاردێران زۆر بن له جیهان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئازادیان پێبه‌خشراوه له نرخ دانان، له هه‌مان كاتدا هه‌ژاران به‌رده‌وامی ڕوو له زیادبوون ده‌كه‌ن و به گوێره‌ی ئاماره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ساڵی 2022 ڕێژه‌ی هه‌ژاری 7% به‌رز ده‌بێته‌وه و 1.5 ملیۆن كه‌س برسی ده‌بن و ناتوانن پێویستییه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
ئه‌م دۆخه پێوه‌ندی گه‌وره به‌سه‌ر باری ئاسایش دروست ده‌كات، كاتێك خه‌ڵكی تووشی كاره‌ساتی له‌وشێوه‌یه ده‌بنه‌وه، ناچارن ڕوو له كۆچكردن ده‌كه‌نه‌وه، كاتێك له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانیش ڕێیان لێ بگیرێ و بگه‌ڕێنرێنه‌وه، ئه‌وا ڕق و تووڕه‌یی دروست ده‌بێ به‌رانبه‌ر وڵاتانی پێشكه‌وتوو و سه‌ره‌نجام گرووپی توندڕۆ به‌رده‌وام دروست ده‌بن. به‌مشێوه‌یه ئه‌گه‌ری هه‌ڵایسانی جه‌نگ زیاتر و شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كان له نێوان كۆمه‌ڵگاكان قوڵتر ده‌بنه‌وه.
كاتێك شه‌ڕ و ناكۆكی به‌رده‌وام بوو، وڵاتان هه‌موو بودجه‌ی خۆیان بۆ پاره‌داركردنی جه‌نگه‌كان خه‌رج ده‌كه‌ن، جیا له‌وه‌ی بۆمب و مووشه‌كه‌كان به ته‌واوی ژینگه وێران ده‌كه‌ن، هاوكات هیچ بودجه‌یه‌كیش له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه بۆ ڕێگرتن له گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و تێكچوونی ژینگه خه‌رج ناكرێ، به‌مشێوه‌یه جیهان به‌ره‌و كاره‌ساتی زۆر گه‌وره هه‌نگاو ده‌نێت و پێده‌چێ شوێنێكی شیاو نه‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی تا مرۆڤ تێیدا بژی، چونكه ئه‌گه‌ر له ڕووی ئابووری و دراو و كاره‌وه‌یش وڵاتانی به‌هێز بمێنن، ئه‌وا له ڕووی ژینگه‌یییه‌وه هه‌موو جیهان ڕووبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی گه‌وره ده‌بێته‌وه، كه مه‌ترسی له‌سه‌ر داهاتووی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی دروست ده‌كات، بۆیه زانایان هۆشداری ده‌ده‌ن كه وریای ئه‌و كاره‌ساته بن كه پێشبینی ده‌كه‌ن تا 2040 به ته‌واوی له واقیع هه‌مووان هه‌ستی پێ بكه‌ن.