نەخۆشێک لەژێر نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا و پزیشکەکە گیرا

:: AM:09:35:16/05/2019 ‌
شەوی ڕابردوو نەخۆشێك لە ژووری نەشتەرگەری گیان لە دەست دەدات و کەسوکاری نەخۆشەکە سکاڵا لە دژی پزیشکەکەی تۆمار دەکەن، پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای دەكات پزیشكەكە گیراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی ئایارا، عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لەكاتی نەشتەرگەریدا لە تەلاری ئەحمەد لەناو بازاڕی شارۆكەی كەلار، هاووڵاتییەك بەناوی سەرهەنگ جەلال عەبدولقادر لەدایكبووی 1991 دانیشتووی گەڕەكی بنگردی كەلار گیانی لە دەست دا.

گوتەبێژی پۆلیس ئاشكرای دەكات، ئەو نەخۆشە لەكاتی نەشتەرگەی گیانی لەدەست داوە و ئێستە تەرمەکەی بەمەبەستی توێكاری ڕەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كراوە و لەسەر سكاڵای كەسوكاری و بەبڕیاری دادوەر دكتۆرەكەی ڕاگیراوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، پۆلیس دەستی بەلێكۆڵینەوە كردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی پزیشكین لەسەر هۆكاری گیان لەدەستدانی نەخۆشەكە.

گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی هەڵەی پزیشكی لە دوو ساڵی ڕابردوو هەبووە و چەند هاووڵاتییەك بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و لێكۆلێنەوە كراوە. وەزارەتی تەندروستیش دووپاتی كردووەتەوە هەر كەموكوڕییەك لەلایەن پزیشكەكانەوە بێت سزا دەدرێن.



وشە - رامیار جەواد