تا دێت توندوتیژی دژ بە ژنانی مەغریب روو لە هەڵكشان دەكات، بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە 54.4%ی ژنان و كچانی مەغریبی توندوتیژییان بەرانبەر كراوە و لەمەشدا ژنان زۆرینەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی ئایار، دەرئەنجامی توێژینەوەیەك لەسەر توندوتیژی دژ بە
ژنان و كچانی مەغریب بڵاو كرایەوە، بەپێی ئەنجامی كۆتاییش بێت ئەوا 54.4%ی كچان و ژنانی ئەو وڵاتە رووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە لەوانە توندوتیژی دەروونی كە زۆر بڵاوە لەناو ژنانی مەغریب، دوای ئەوەیش توندوتیژی ئابووری و پاشان جەستەیی و سێكسی دێت.
بەگوێرەی راپۆرتی توێژینەوە فەرمییەكەی حكوومەتی مەغریبی، لەو رێژەیەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە كە زۆرترینیان دژ بە ژنانی بە شوودراو دەكرێت، ئەوا 90%یان سكاڵا تۆمار ناكەن بۆ سەندنەوەی مافەكانیان یان پاراستنی مافەكانیان.
توێژینەوە نیشتمانییەكەی دووەمی مەغریب، چەندان جۆری توندوتیژی دژ بە ژنان و كچان ئاشكرا دەكات، لەوانە گێچەڵی سێكسی و دەستدرێژی سێكسی و رێگرتن لە خوێندن و دەركردن لەسەر كار و جیاوازی لە رۆژانەی كاریان لەگەڵ پیاوان.
توێژینەوە نیشتمانییەكە 13 هەزار و 543 ژن كە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 64 ساڵی بووە لە سەرتاسەری مەغریب بەشداریان تێدا كردووە. دەركەوتووە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 29 ساڵیدایە لە هەمووان زیاتر رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە كە رێژەكەی گەیشتووەتە 59.8%.
توێژینەوەكە دوای 10 ساڵ دێت بەسەر توێژینەوەی یەكەم، بەگوێرەی ناوەڕۆكەكەش بێت، ئەوا توندوتیژی دەروونی دژ بە ژنان لە هەموو جۆرەكانی تری توندوتیژی بڵاوترە، پاشان ئابووری و ئینجا جەستەی و سێكسی دێت.
لە 12.4%ی ژنان و كچانی مەغریب لە شوێنە گشتییەكان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هاوكات رێژەی گێچەڵی سێكسی و سووكایەتی و بێزاركردن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دژ بە ژنان بۆ 13.4% زیادی كردووە.
لە توێژینەوەكەدا هاتووە كە 93.4%ی ژنانی قوربانی توندوتیژی ئامادە نین سكاڵا تۆمار بكەن، بەڵام ئەوانەی لە هاوسەرەكانیان جیا بوونەتەوە یان بێوەژنن زیاتر لەوانی تر سكاڵا تۆمار دەكەن.
ئەو توێژینەوەیە لە كاتێكدایە ساڵی رابردوو لەو وڵاتە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەرچووە و سزاكانیش توند كراون و هەندێك كردەوەش بەرانبەر بە ژنان هەر قەدەغە كراوە.