ئاده‌م تایلۆ نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی له وتارێكی له ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه واشنتن له سه‌روبه‌ندی به‌رپاكردنی جه‌نگێكی سه‌ربازییه له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، دوای ئه‌وه‌ی دوو كه‌شتی نه‌وتی سعوودیه و یه‌كێكی نهروجی له كه‌نداو هێرشیان كرایه‌سه‌ر و ئه‌مه‌ریكایش كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگر و ده‌یان فڕۆكه‌ی جه‌نگی و 120 هه‌زار سه‌رباز ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و نووسه‌ره هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه ئێران نابێته عێراقی دووه‌م و دۆخی ئێسته‌ی ئێران ته‌واو جیاوازه له دۆخی عێراق له سه‌رده‌می 2003 و كاتی حوكمی سه‌دام حوسێن.
تایلۆر ئاماژه‌ی داوه، ناكۆكییه‌كانی نێو حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ له پارتی كۆمارییه‌كان، كه خواستێكی دوژمنكارانه‌ی به‌رانبه‌ر به هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه، وایكردووه زۆربه‌مان بگه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه تره‌مپ ئه‌زموونی 2003ی عێراق به‌سه‌ر ئێران دووباره ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ڕاستییه‌كان و ئاماره‌كانیش هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئێران هه‌رگیز هاوشێوه‌ی عێراقی سه‌رده‌می سه‌دام نییه و له زۆر ڕووه‌وه زۆر به‌هێزتره له حكوومه‌تی به‌عس و به ئاسانی ده‌سته‌مۆ ناكرێت.
بۆ دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ی عێراق، زۆرێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ڕژێمی سه‌دام ئێسته‌یش ڕۆڵی باڵا ده‌گێڕن، به تایبه‌ت جۆن بۆڵتنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا كه ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له 2003 كه بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بوو بۆ چاودێری چه‌ك و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و جۆرج ده‌بلیو بۆشی هان دا تا شه‌ڕی عێراق بكات.
مامه‌ڵه‌كانی جۆن بۆڵتن له‌وكات وایكرد ناوی به پیاوه سهرشێتهكه ناو بنرێ و ئێسته‌یش هه‌مان ڕۆڵ دووباره ده‌بێته‌وه و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ماوه‌ی ڕابردوو ئاشكرای كرد، كه‌سانی توندڕۆ له ده‌وری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا درۆ و زانیاری ناڕاست بۆ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌گوازنه‌وه و ده‌یانه‌وێ شه‌ڕ له نێوان هه‌ردوو وڵات دروست بكه‌ن.
نووسه‌ر هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ستپێكی گرژییه‌كان و هه‌نگاو و پلانه‌كان هاوشێوه‌ی هێرشكردنه سه‌ر ڕژێمی سه‌دامه، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه ڕوون بێت، كه ئێران نابێ وه‌كو عێراقی دووه‌م سه‌یری بكرێت، چونكه له زۆربه‌ی ڕووه‌كانه‌وه له یه‌كتر جیاوازن، عێراق له 2003 ژماره‌ی دانیشتووانی 25 ملیۆن كه‌س بوو، كه‌چی ئێران ئێسته 82 ملیۆن كه‌سه و زیاتره له سێ هێنده‌ی دانیشتووانی ئه‌وكاتی عێراق.
له ڕووی ڕووبه‌ره‌وه، عێراق ڕووبه‌ره‌كه‌ی 168 هه‌زار میل چوارگۆشه‌یه، به‌ڵام ئێران 591 هه‌زار میلی چوارگۆشه، به گوێره‌ی زانیاری و ئاماره‌كان سوپای ئه‌وكاتی عێراق 450 هه‌زار سه‌رباز بوو، به‌ڵام ئێران 523 هه‌زار سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ر و 250 هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گی هه‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش پێگه‌ی جیوگرافی ئێران به ته‌واوی له هی عێراق جیاوازه، كه‌وتووه‌ته ناوه‌ڕاستی ئۆراسیا و له ڕووی بازرگانییه‌وه پێگه‌یه‌كی زۆر ستراتیجی هه‌یه، جیا له‌وه‌یش به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوڵتاننشینی عومان به‌سه‌ر ئاوی گه‌رووی هورمز ده‌ڕوانن كه 10% نه‌وتی جیهان له‌و ڕێیه‌وه ڕه‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی دنیا ده‌كرێت.
هه‌رچه‌نده له ڕووی سه‌ربازییه‌وه ئێران توانای ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای نییه و سوپای ئه‌مه‌ریكا و چه‌كه‌كانی زۆر به‌هێزتر له سوپا و چه‌كی ئێران، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره كۆماری ئیسلامی ئێران پلانی وردی داڕشتووه، بۆ ئه‌وه‌ی له ناوچه‌ك هێرش بكاته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بۆیه لێدان له ئێران بێ زیان نییه و كارێكی ئاسان نابێت، چونكه ئێران هێزی به وه‌كاله‌تی له عێراق و لبنان و سووریا و یه‌مه‌ن و زۆرێك له وڵاته‌كانی ناوچه‌كه هه‌یه و پێشبینی ده‌كرێ كه ئه‌و هێزانه بۆ لێدان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رابسپێردرێن.
پێشتریش كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و ئه‌زموونه‌ی تاقیكردووه‌ته‌وه و له ساڵی ڕابردوو به گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، هێزه بریكاره‌كانی ئێران به‌رپرسن له كوشتنی 608 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له عێراق له ماوه‌ی 2003 تا 2011، بۆیه دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه هێزه بریكاره‌كانی ئێران ده‌توانن ئاڵۆزی و گرفتی گه‌وره بۆ ئه‌مه‌ریكا له عێراق و ئه‌فغانستان دروست بكه‌ن.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه هێزی ده‌ریایی
ئێران تۆكمه و به‌هێزن و له ڕووی جیوگرافییهوهیش شه‌ڕ له ئاوه‌كانی كه‌نداو له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه، چونكه سنووری ئاوی هه‌ردوو كه‌ناراوی سوڵتاننشینی عومان و ئێران ته‌سكه، بۆیه ده‌توانرێ ته‌نیا به به‌له‌می تیژڕۆ و به‌كارهێنانی ته‌قه‌مه‌نی و ژێرده‌ریایی ڕێ له پێشڕه‌وی كه‌شتییه زه‌به‌لاحه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگرێ و كێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ دروست بكات.
هه‌رچه‌نده پاتریك شاناهانی وه‌زیری به‌رگری دووپاتی كرده‌وه كه به‌رنامه و پلانی بڵاوكردنه‌وه‌ی 120 هه‌زار سه‌ربازی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕاده‌ستی كۆشكی سپی كردووه، به‌ڵام ئه‌مه ژماره‌یه‌كی یه‌كجار كه‌مه و بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران، واشنتن پێویستی به سه‌ربازی زیاتره، چونكه بۆ جه‌نگی عێراق 150 هه‌زار سه‌ربازی بڵاوكرده‌وه جیا له ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی وڵاتانی تری هاوپه‌یمان كه دوو تریلیۆن دۆلاری تێچوو و زیاتر له 400 هه‌زار كه‌س به‌وهۆیه‌وه كوژران.