كۆیه، یه‌كێكه له شاره دێرین و مێژووییه‌كانی كوردستان، ئه‌مه‌ش به گه‌واهیدانی مێژوو و مێژوونووسان، هه‌روه‌ها به شاری به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و فره كولتووری و ئاینی ناسراوه و ھه‌ڵگری په‌یامی به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و كولتووری تایبه‌ته. دانیشتووانی ئه‌م شارۆكه‌یه ھاوشانی ڕه‌وتی شارستانیی و گه‌شه‌سه‌ندن په‌ره‌ی سه‌ندووه و 179 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر قه‌یسه‌ری تایبه‌ت و بازاڕیان دروست كردووه.
له ناو بازاڕی كۆیه‌دا دوو قه‌یسه‌ری هه‌ن كه به قه‌یسه‌ری كۆن و قه‌یسه‌ری نوێ ناسراون، ساڵی 1999 هه‌ردوو قه‌یسه‌رییه‌كه نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه. ئه‌م بازاڕانه سیما و تایبه‌تمه‌ندی جیاواز و سه‌رنجڕاكێشیان هه‌یه.
قه‌یسه‌ری كۆن ساڵی ١٨٤٠ له‌لایه‌ن به‌كر ئاغای حه‌وێزی به‌شێوه‌یه‌كی جوان و سه‌رنجڕاكێش دروست كراوه. ئه‌و قه‌یسه‌رییه ٤٠ دووكانی بچووك و سێ ده‌رگه‌ی له خۆ گرتووه و به 10 گونبه‌تی "گونبه‌ز" په‌نجه‌ره‌دار داپۆشراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێی په‌نجه‌ره‌كانه‌وه ڕووناكی به دووكانه‌كان بگات. له پێشتر و ته‌نانه‌ت ئێسته‌ش دووكانه‌كانی ئه‌م قه‌یسه‌رییه بۆ پیشه‌ی به‌رگدروو و پینه‌دۆزی و چاككردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ده‌نگی به‌كار ھاتوون.
له‌باره‌ی قه‌یسه‌ری كۆن، دكتۆر ده‌ریا حه‌وێزی كه‌سایه‌تی دیاری حه‌وێزییه‌كان بۆ "وشه" گوتی، بوونی قه‌یسه‌ری كۆن له‌ناو شاری كۆیه، بۆ زیندوویی ئه‌م شارۆكه‌یه و گرنگی بازرگانی سنووره‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه كۆیه له نێوان سێ شاری گه‌وره‌ی هه‌ولێر-سلێمانی و كه‌ركووك هه‌ڵكه‌وتووه، بنه‌ماڵه‌ی حه‌وێزییه‌كانیش به‌درێژایی مێژوو هه‌وڵی خزمه‌تكردنیان داوه، له‌م ناوه‌نده‌شدا ئه‌م قه‌یسه‌رییه‌یان دروست كردووه، ئه‌مه‌ش به ئامانجی هاندانی كاركردن و هێنانی بازرگانی بۆ ناوچه‌كه.
ده‌ریا حه‌وێزی كه پله‌ی زانستی پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر و مامۆستای زانكۆی كۆیه‌یه، روونی كرده‌وه كاتی خۆی حه‌وێزییه‌كان و به‌تایبه‌تی به‌كر ئاغای حه‌وێزی هه‌وڵی داوه به جوانترین شێواز قه‌یسه‌ری دروست بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ستای به‌توانا و لێهاتوو و شاره‌زای له مووسڵ و حه‌له‌به‌وه هێناوه، به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری زۆر جوان دروستیان كردووه، ئه‌مه‌ش به به‌شێك له كولتوور و فه‌رهه‌نگی ئه‌م شارۆكه‌یه داده‌نرێ، به خۆشحاڵیشه‌وه له‌كاتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕه‌چاوی بنه‌ما ڕه‌سه‌نییه‌كه‌ی خۆی كرا و له‌سه‌ر هه‌مانشێوه نۆژه‌ن كرایه‌وه.
داماو یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی دووكانی به‌رگدرووی له‌ناو قه‌یسه‌ری كۆن هه‌یه و به "وشه"ی گوت، "ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه دووكانی به‌رگدرووم له‌ناو ئه‌و قه‌یسه‌رییه‌دا هه‌یه. راستییه‌كه‌ی ئه‌و قه‌یسه‌رییه له بازاڕی گشتی جیاوازه، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز و دیزاین و شێوازێكی جوان دروست كراوه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكارێك بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیار، به‌به‌رده‌وامی گه‌شتیاری ده‌ره‌وه‌ی كۆیه و ته‌نانه‌ت گه‌شتیاری بیانی سه‌ردانی ئه‌و بازاڕه ده‌كه‌ن و وێنه‌ی یاده‌وه‌ری له‌ناودا ده‌گرن، به وردی له دووكان و ده‌رگه‌ی دووكان و گونبه‌ته‌كان ده‌ڕوانن. به‌لایانه‌وه شتێكی نامۆ و جیاواز و سه‌رنجڕاكێش و ده‌گمه‌نه، له ڕووخساریان بۆت ده‌رده‌كه‌وێ كه چێژیان وه‌گرتووه، دواجار و به‌ر له‌وه‌ی بڕۆن له چاپخانه‌كه لاده‌ده‌ن و چایه‌كی كۆییانه ده‌خۆنه‌وه.
ئه‌و به‌رگدرووه زیاتر ده‌ڵێ له پێشتردا ئه‌و بازاڕه وه‌ك بازاڕێكی لاچه‌پ و لاوه‌كی بوو، چونكه هه‌موو دووكانه‌كان كرابوون به كۆگه‌ی دووكانه گه‌وره‌كانی ناو بازاڕی گه‌وره، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه ئه‌و بازاڕه ئاوه‌دان كراوه‌ته‌وه و زۆربه‌ی دووكانه‌كانی كراون به دووكانی به‌رگدروو و چاككردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی ده‌نگی، له‌به‌رئه‌وه‌شه كه زیاتر پیاوان سه‌ردانی ئه‌و بازاڕه ده‌كه‌ن و كه‌متر ژنان به‌رچاو ده‌كه‌ون.
قه‌یسه‌ری نوێ، 64 ساڵ له‌دوای دروستكردنی قه‌یسه‌ری كۆن دروست كراوه، واته ساڵی ١٩٠٤ له‌لایه‌ن حه‌مه‌ئاغای غه‌فوورییه‌وه بنیات نراوه و به گه‌وره‌ترین قه‌یسه‌ری كۆیه داده‌نرێ، ٧٢ دووكان و پێنج ده‌رگه له خۆ ده‌گرێ و 21 گونبه‌تی په‌نجه‌ره‌داری له‌سه‌ره، له پێشتردا دووكانه‌كانی ئه‌م قه‌یسه‌رییه بۆ جلوبه‌رگ و فرۆشتنی ئامێره كاره‌باییه‌كان به‌كار ھاتوون، دواجار كرا به بازاڕی زێڕنگران و ته‌واوی زێڕفرۆشان له‌وێ بوون. به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه زۆربه‌ی دووكانه‌كان چۆڵ كراون.
له‌باره‌ی قه‌یسه‌ری نوێ، ئالان غه‌فووری كه‌سایه‌تی غه‌فوورییه‌كان بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه له ڕابردوو و له‌دوای دروستكردنی قه‌یسه‌ری كۆن و به‌هۆی ستراتیجیی شارۆكه‌ی كۆیه‌وه، قه‌یسه‌ری نوێ له‌لایه‌ن حه‌مه‌ئاغای كۆیی دروست كرا، ئه‌مه‌ش وه‌ك زیاتر گه‌شه‌سه‌ندن و فراوانكردنی شار و بازاڕ به‌تایبه‌تی، دروستكردنی ئه‌و قه‌یسه‌رییه له‌و سه‌رده‌مه‌دا گرنگی و به‌ها و سه‌نگی تایبه‌تی هه‌بوو.
ئالان غه‌فووری كه مامۆستای زانكۆی كۆیه‌یه، زیاتر گوتی ئێسته ئه‌و بازاڕه وه‌ك پاشماوه و شوێنه‌وار سه‌یر ده‌كرێ و به به‌شێك له سیمبۆلی كۆیه ئه‌ژمار ده‌كرێ، له پێشتردا به‌شێك له جووه‌كان بازرگانییان تێدا كردووه. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م بازاڕه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك نازناوی پیشه‌ییه، بۆ نموونه پیشه‌وه‌ری كورتاندروو و دارتاشی و.. هتد، چونكه پێشتر ئه‌و جۆره كارانه‌ی لێ ئه‌نجام دراوه، له ئه‌نجامدا بووه به نازناو و ناسینی خه‌ڵكه‌كه.
شاكێو شه‌فیق یه‌كێكه له‌و دووكاندارانه‌ی پێشتر دووكانی زێڕنگری له‌ناو قه‌یسه‌ری نوێ‌دا هه‌بوو، به‌ڵام زیاتر له سێ ساڵه قه‌یسه‌ری نوێی جێهێشتووه و له‌ناو بازاڕی گه‌وره دووكانی كردووه‌ته‌وه، له‌باره‌ی قه‌یسه‌ری نوێ بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد له‌دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری نوێ، ته‌واوی زێڕنگرانی كۆیه‌یان له‌ناو ئه‌و قه‌یسه‌رییه جێگیر كرد، به‌ڵام له‌دوای چه‌ند ساڵێك زێڕنگران ئه‌و قه‌یسه‌رییه‌یان به شوێنێكی لا چه‌پ زانی، له‌به‌رئه‌وه قه‌یسه‌رییه‌كه‌یان چۆڵ كرد، ئێسته‌ش ئه‌و قه‌یسه‌رییه بووه به شوێنی فڕێدانی پاشماوه و زبڵ و خاشاك، تا ئێسته‌ش به‌شێكی دووكانه‌كان داخراون و كه‌سی تێدا نییه، به‌شێكی تر كراون به كۆگه، هه‌روه‌ها چه‌ند دووكانێكی كه‌م به‌رگدروو و چاپخانه‌ی تێدایه.
وشه/ تایبه‌ت