"وشه‌" سه‌ردانى ئه‌و ماڵانه‌ ده‌كات كه‌ داعش كه‌سێكی رفاندوون

:: PM:04:53:17/05/2019 ‌
ئازادكردنى هه‌ر هاووڵاتییه‌ك به‌ پێنج تا 25 هه‌زار دۆلاره‌

له‌ گونده‌كانى سنوورى شارۆكه‌ى مه‌خموور، ڕفاندنى هاووڵاتیى سڤیل له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعش ده‌ستى پێ كردووه‌ته‌وه‌ و به‌گوته‌ى كه‌سوكارى ئه‌و هاووڵاتییانه‌، "داعش هه‌بووه‌ له‌ناو بازاڕى مه‌خموور هاتووه‌ بۆ شت كڕین و كه‌سیش نه‌یگرتووه‌، له‌ كاتێكدا خۆى و چه‌ند كه‌سێكی تر به‌رپرس بوون له‌ ڕفاندنى دوو هاووڵاتیى گوندى عه‌لیه‌ڕه‌ش".

ڕێزان مه‌ولوود خێزانى یه‌كێك له‌و هاووڵاتییانه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆرستانی داعش له‌ ڕۆژى 14ـى نیسان ڕفێنراوه‌، ئه‌و ئێسته‌ گونده‌كه‌یانى جێهشتووه‌ و هاتووه‌ته‌ شارۆكه‌ى مه‌خموور و له‌وێ نیشته‌جێ بووه‌. به‌گوته‌ى خۆى "چه‌كدارانى داعش له‌ شه‌ودا زیاتر له‌ شه‌ش گوندى ده‌وروبه‌رى مه‌خموور كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن و چییان بوێ ده‌یكه‌ن".

ڕێزان بۆ "وشه‌" ئاشكراى كرد، "چه‌كدارانى داعش له‌ به‌شى باشوور و ڕۆژئاوای مه‌خموور هه‌موو شتێكیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ڕێ ناده‌ن سوپاى عێراقیش تێیدا جووڵه‌ بكات، وه‌ك چۆن له‌ ڕابردوو میلیشیاكانى حه‌شدى توركمان له‌ سنووره‌كه‌یان نزیك بوونه‌وه‌ و لێیان دان، به‌م شێوه‌یش چه‌ند جارێك ڕووبه‌ڕووى سوپاى عێراق بوونه‌ته‌وه‌".

"ئه‌و چه‌كدارانه‌ داواى 10 هه‌زار دۆلار ده‌كه‌ن له‌ به‌رانبه‌ر ئازادكردنى هاوسه‌ره‌كه‌م و ئێسته‌ مامى هاوسه‌رم ڕۆژانه‌ پێوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كات بۆ ئازاكردنى، چونكه‌ رۆژی 25ـى نیسان ئه‌و پاره‌یه‌مان پێ دان كه‌ داوایان كرد، به‌ڵام هێشتا ئازادیان نه‌كردووه‌". ڕێزان واى گوت.

به‌ڵام كه‌مال شكور كه‌ سه‌ره‌تاى په‌یدابوونه‌وه‌ى داعش له‌و سنووره‌ ڕفێنراوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و چه‌كداره‌ى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چه‌كدارى تر ئه‌ویان ڕفاند، به‌گوتی خۆی "له‌ بازاڕى مه‌خموور بینیمه‌وه‌ خه‌ریكى كڕینى ماست و سه‌وزه‌ بوو، دواى ئه‌وه‌ی ئاگه‌دارى هێزه‌كانى پۆلیس و سوپام كرد، بۆی چوون، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ى جێهێشتبوو".

ئه‌و هاووڵاتییه‌ بۆ "وشه‌" گوتى، "بۆ له‌وه‌ڕاندنى مه‌ڕوماڵات له‌ دووریى دوو كیلۆمه‌تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌مان بووم، تیرۆرستان له‌ناكاو په‌یدا بوون و منیان ڕفاند، چه‌ند سه‌ر مه‌ڕێكیشیان برد، هه‌شت ڕۆژ لایان مامه‌وه‌ و تا ئازادیان كردم، هه‌ر رۆژه‌ی مه‌ڕێكیان ده‌خوارد و ده‌بوو بۆیان ئاماده‌ بكه‌م".

له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ئازادكردنی، كه‌مال ده‌ڵێ، "بڕى حه‌وت هه‌زار دۆلار و چۆڵكردنى گوند مه‌رجى ئازادكردنم بوو، بۆیه‌ به‌ ناچارى پاره‌كه‌م دا و وازم له‌ به‌خێوكردنى مه‌ڕوماڵات هێنا و ئێسته‌ سه‌رقاڵى فرۆشتنى ماست و په‌نیر و هێلكه‌م له‌ مه‌خموور".

له‌باره‌ى ڕه‌فتارى تیرۆرستان زانیاریى زیاتری ئاشكرا كرد و گوتى، "ئه‌وان زۆر توندوتیژن، ته‌نانه‌ت چه‌ند كه‌سێكى بیانییان تێدابوو و داواى سه‌ربڕینی منیان ده‌كرد، هه‌روه‌ها هه‌موو پێداویستییه‌كیان هه‌یه‌، ئه‌شكه‌وته‌كان شوێنیانه‌ و چه‌ندان ئه‌شكه‌وتیش خۆیان دروستیان كردوون و سوودیان لێ ده‌بینن. ئه‌میرێكیشیان هه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات به‌ناوى ئه‌بو موهاجر سوورى".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كانى خۆى هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى كردووه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك، به‌ڵام ئه‌و چه‌كدارانه‌ تا ئێسته‌ ڕووبه‌ڕووى پێشمه‌رگه‌ نه‌بوونه‌ته‌وه‌.

لیوا زریان شێخ وه‌سانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خموور، بۆ "وشه‌" رای گه‌یاند كه‌ له‌ سنووری خۆیان هه‌موو ڕێكارێكیان گرتووه‌ته‌ به‌ر و سه‌نگه‌ره‌كانیان به‌هێزه‌ و پێشمه‌رگه‌كانیان له‌ ئاماده‌باشیدان.

ئاماژژه‌ی دا، "ئه‌و تیرۆرستانه‌ له‌ به‌رزاییه‌كان و ناو زنجیره‌ چیاى قه‌ره‌چووغ به‌ڕووى مووسڵدا خۆیان شاردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جووڵه‌ى سه‌ربازیشیان هه‌یه‌ و هێرشكردنه‌ سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى له‌ ڕابردوو له‌ سنووره‌كه‌ باشترین نموونه‌یه‌".

لای خۆیه‌وه‌ به‌رپرسێكى فیرقه‌ى 14ـى مووسڵى سوپاى عێراق، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ له‌ناو مووسڵ و دیوی مه‌خموور به‌ ئاراسته‌ی مووسڵ، داعش له‌ ڕووى پێوه‌ندیى تایبه‌تى خۆی و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ موختارى گونده‌كان و چه‌ند كه‌سێك، به‌ ته‌واوه‌تى ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و كه‌سیش خۆى به‌ خاوه‌ن ناكات.

ئه‌و كه‌ ئه‌فسه‌رى هه‌واڵگرى سوپا بوو و نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێت، بۆ "وشه‌" گوتی، "11 گوندى سنوورى مه‌خموور ڕووه‌و مووسڵ و سنوورى چیاى قه‌ره‌چووغ، به‌ ته‌واوه‌تى له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كۆنتڕۆڵ كراون، ئێمه‌ به‌یانییه‌كه‌ى دواى سه‌عات شه‌ش ده‌چینه‌ شوێنه‌كه‌ و ئه‌وانیش دواى سه‌عات چوار كۆنتڕۆڵى ده‌كه‌نه‌وه‌".

زیاتر ڕوونى ده‌كاته‌وه‌، "ئێمه‌ ئاگه‌دارى ئاڵوگۆڕى نێوان تیرۆرستان و هاووڵاتییانین، كاتێ هاووڵاتییه‌ك ده‌ڕفێنرێت له‌ به‌رانبه‌ردا پاره‌ وه‌رده‌گرن. ئه‌و تاكتیكه‌ى ئه‌وان به‌كارى دێنن زۆر پێشكه‌وتووتره‌ له‌ ئێمه‌، تا ئێسته‌ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ زانیبێتمان پێنج جار له‌ناو شارۆكه‌ى مه‌خموور پاره‌یان له‌ كه‌سوكارى ڕفێنراوان وه‌رگرتووه‌".

باسى له‌وه‌ش كرد، تا ئێسته‌ ئه‌وه‌ى به‌ ئێمه‌ گوتراوه‌ و هاووڵاتییان هه‌واڵیان پێ داوین، 16 ڕفێنراو و سێ كوژراو هه‌بووه‌، به‌ڵام دوو هه‌وڵى ڕزگاركردنیشمان هه‌بووه‌، له‌ چالاكى ئاڵوگۆڕكردنى ئه‌و چه‌كدارانه‌، 11 كه‌سمان لێ گرتوون و دوو كه‌سى گوندى عه‌لیه‌ڕه‌شمان ئازاد كردووه‌ و كه‌سێكى گوندى عه‌لى سان ئێسته‌ بێسه‌روشوێنه‌.


وشە - رامیار جەواد