له حه‌وتی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری ڕابردوو كۆشكی سپی، ماسیۆ تۆلهری باڵوێزی واشنتن له یه‌مه‌ن وه‌ك كاندیدی سه‌رۆك تره‌مپ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له شوێنی دوگلاس سیلیمان ڕاگه‌یاند، تۆله‌ر كه‌سێكی نوێ نییه له ناو كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكوو له یه‌مه‌ن و كوێت و قه‌ته‌ڕ و سعوودیه و عێراق و ئوردن و میسڕ پێشتر له بواری دیپلۆماسی ئه‌مه‌ریكا كاری كردووه و ئه‌ركی سه‌ره‌كیشی له به‌غدا ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌وه.
جیا له‌وه‌ی تۆله‌ر له پۆست و پێگه‌ی جیا جیای باڵوێزخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاتانی كه‌نداو و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كاری كردووه، هاوكات پێشتریش جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كاروباری كه‌نداو و به‌رپرسی كاروباری میسڕ بووه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و باڵوێزه نوێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق عه‌ره‌بییه‌كی زۆر باش ده‌زانێ و به ڕوونی ده‌توانێ قسه‌ی پێ بكات.
رایان كرۆكه‌ر به‌رپرسی پێشووی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق دووپاتی كرده‌وه، كه ئه‌و باشترین هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكییه كه تا ئێسته به باشترین شێوه بتوانێ به زمانی عه‌ره‌بی قسه بكات. تۆله‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی پێشتر له كه‌رتی دیپلۆماسی ئه‌مه‌ریكا له مه‌غریب كاری كردووه، ماوه‌ی چوار ساڵ له‌وێ بووه و فێری قسه‌كردنی عه‌ره‌بی بووه و دواتریش له زانكۆ له قاهیره زمانی عه‌ره‌بی خوێندووه.
ڕۆژی پێنجشه‌م ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا متمانه و ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ماسیۆ تۆله‌ر دا كه وه‌ك باڵوێزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌ست به‌كار بێ، به‌ڵام هاتنی تۆله‌ر بۆ عێراق چ مانا و ئاماژه‌یه‌كی له پشته‌وه‌یه، هاتنی ئه‌و باڵوێزه نوێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ به‌غدا له كاتێكدایه ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌غدا دروست بكات و هه‌ژموونی تاران له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته كه‌م بكاته‌وه، به‌غدا به‌ره‌و گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی كه‌نداو بهاوێژێت، بۆ ئه‌مه‌یش له ماوه‌ی پێنجی ساڵی ڕابردوو توانراوه گۆڕانكارییه‌ك له دوورخستنه‌وه‌ی به‌غدا له تاران بۆ ڕیاز و وڵاتانی عه‌ره‌بی بهاوێژرێ، به‌ڵام ئه‌مه ئاستێكی كه‌مه و له چاو ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌تی.
له ڕووی ڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی سیاسییه‌وه، ماسیۆ تۆله‌ر یه‌كێكی تره له ههڵۆكانی ئه‌مه‌ریكا كه به دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران داده‌نرێ، هاوكات زۆر نزیكه له سعوودیییه‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی هێرشكه‌ری هه‌یه، له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی پێشوویشی له به‌رانبه‌ر حوسییه‌كان، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی پشتیوانی خوا "حووسییه‌كان" زۆر خراپ بوو و هه‌رگیز نه‌یده‌توانی به ئاسایی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات، بۆیه گواستنه‌وه‌ی بۆ به‌غدا كه به دڵی ململانێكانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا داده‌نرێ، به ته‌واوی له‌گه‌ڵ تۆله‌ر ده‌گونجێ و ده‌توانێ له‌وێ به باشی سیاسه‌ته هێرشكاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.
زۆرێك له سیاسییه عێراقییه‌كانی دژ به ئێران ڕه‌خنه‌ی توندیان له نوێنه‌رانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له عێراق گرتووه، له‌وانه دۆگلاس سیلیمانی باڵوێز و برێت ماكگۆركی نێرده‌ی تره‌مپ له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، میسال ئالووسی سه‌رۆكی پارتی ئوممه‌ی عێراقی له سیمینارێكی له واشنتن دووپاتی كرده‌وه، كه ئێران گه‌وره‌ترین ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنی عێراق ئه‌نجام دا، كه‌چی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له جیاتی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه سوپاسی عێراقییه‌كان ده‌كات، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی دیموكراسییان نا.
تۆله‌ر له‌وكاته‌ی وه‌ك باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له یه‌مه‌ن بوو، بۆچوونه‌كانی ڕوون و ڕاشكاوبوون دژی حووسییه‌كان و ده‌ستوه‌ردانی تاران، بۆیه هۆشداری توندی به واشنتن ده‌دا، ئه‌گه‌ر ڕی له ئێران نه‌گرن، دواجار حووسییه‌كان ده‌كات به حزبوڵا و قاعیده‌یه‌كی تر له یه‌مه‌ن و ههڵكهندیان زۆر قورس ده‌بێ و تێچووی یه‌كجار زۆری ده‌وێت، هاوكات حوكمی حووسییه‌كانی له‌و ناوچه‌كانی یه‌مه‌ن كه له ژێر ده‌ستی ئه‌واندا بوو، به حوكمێكی وه‌حشی و دڕنده ناو ده‌برد و دووپاتی له‌وه ده‌كرده‌وه كه پێویسته هه‌موو پشتیوانییه‌ك بۆ سعوودیه ده‌سته‌به‌ر بكرێ، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین گورز له حووسییه‌كان بوه‌شێنێت.
ماسیۆ تۆله‌ر سه‌ره‌تا له زانكۆی بریگام یۆنگ ده‌ستی به خوێندنی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه و دواتر سیاسه‌تی گشتی له كۆلێژی كیندی له زانكۆی هارڤار ته‌واو كردووه و له‌گه‌ڵ دینیس گیرنی هاوسه‌رگیری كردووه و خاوه‌نی پێنج منداڵن، ناوی ته‌واوی ماسیۆ هیوۆد تۆلهره و له 1957 له‌دایكبووه، له هه‌شتی ئایار/مایۆی 2014 بووه‌ته باڵوێزی ئه‌مه‌ریكا له یه‌مه‌ن و له‌لایه‌ن باراك ئۆباماوه كاندید كراوه، تا ئه‌م دواییه‌ش له پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام بوو و ئێسته متمانه‌ی پێ به‌خشراوه، وه‌ك باڵوێزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا ده‌ست به‌كار بێت.