نه‌بوونى كارگه‌ى دروستكردنى موبه‌ریده و ئامێره سه‌ره‌تاییه‌كان كه له پێناسه‌ى پیشه‌سازیدا به "كارگه‌ى ناوه‌ندى" داده‌نرێن، وایكردووه ساڵانه چوار ملیۆن دۆلار له هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ ئێران و توركیا بچێت، خراپیی كوالیتی كاڵاكهیش ناصارت ده‌كات سێ ساڵ جارێك بیكڕیته‌وه.
شوكریه زێدان فه‌رمانبه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه، به‌مه‌به‌ستى كڕینى موبه‌ریده سه‌ردانى یه‌كێك له بازاڕه‌كانى هه‌ولێرى كردووه و خۆی ده‌ڵێ، ساڵى 2015 موبهریدهم به نوێی كڕی، ئێسته ناچارم یه‌كێكى تر بكڕم به‌هۆى ژه‌نگهه‌ڵهێنان و بێكهڵكبوونى.
شوكریه بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه "موبه‌ریده زۆر جۆرى هه‌یه و فرۆشیاره‌كانیش چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جیاواز ده‌خه‌نه ڕوو بۆم، بۆیه ئێسته نازانم كامه جۆرى بكڕم، هه‌روه‌ها ڕه‌نگ و قه‌باره‌ى جیاواز و بوونى دوو واته‌ر په‌مپ و نووسراوى هه‌ڵكۆڵدراو به ته‌واوه‌تى سه‌رى لێشواندووم".
"پێشتر ته‌نیا دوو جۆر موبه‌ریده هه‌بوو، ئێسته له سێ فرۆشگه زیاتر له 11 جۆریان پێ نیشان داوم و هه‌موویشیان باس له باشى و كوالێتى به‌رز ده‌كه‌ن، به‌ڵام دڵنیا نیم لێیان". شوكریه واى گوت.
"ده‌ڵاڵخانه" بازاڕێكى شارى هه‌ولێره، له‌وێ ڕێبوار مسته‌فا یه‌كێكه له بازرگانانى ساغكردنه‌وه‌ی موبه‌ریده و به‌گوته‌ی خۆی "له هه‌رێمى كوردستان ناوبانگى ده‌ركردووه". ئه‌و بۆ "وشه" په‌رده له‌سه‌ر راستییه‌ك لا ده‌دات كه ململانێكه كاڵ ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت "ئه‌و موبهریدهیهى دێته هه‌رێمى كوردستان هه‌موو دروستكراوى دوو بۆ سێ كارگه‌ن و به چ ناوێك ده‌ته‌وێ بۆت دروست ده‌كه‌ن".
ڕێبوار ئاشكراى ده‌كات، "خراپى كوالێتى ئه‌و موبهریدانه له ئه‌ستۆى ئێمه نییه، كارگه هه‌یه به 75 دۆلار موبهریدهیهكى قه‌باره دوو نیو دروست ده‌كات، كارگهیش هه‌یه هه‌مان موبه‌ریده به 150 دۆلار دروست ده‌كات، واتا خۆت كوالێتییه‌كه‌ى و نرخه‌كه‌ى دیارى ده‌كه‌یت".
به‌ڵام هه‌ر خۆی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه "موبه‌ریده هه‌ر جۆرێك بێت و هه‌ر كوالێتییه‌كى هه‌بێت، سێ ساڵ زیاتر نامێنێته‌وه، چونكه به‌شێكى پلێتهكهى به‌هۆى بوونى خوێ له ئاوى هه‌رێمى كوردستاندا له‌گه‌ڵ كلۆر، ژه‌نگ هه‌ڵدێنێت و كه‌ڵكى نامێنێت".
"دروستكردنى ئه‌و موبهریدانه هه‌موویان له سێ كارگه‌ن، به‌هه‌ر جۆر و ناو و تابلۆ و ڕه‌نگێك بته‌وێت بۆتى دروست ده‌كه‌ن و هیچ جیاوازییه‌ك نییه، ئه‌وه‌ى جیاوازى دروست ده‌كات له نرخدا، هاووڵاتییان و ڕێكلامى بازاڕى كوردستانه، ئه‌گه‌رنا هه‌موو یه‌ك جۆرن". رێبوار وای گوت.
ئاشنا سدیق مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى ئابوورى، كه ساڵى 2012 سه‌ردانى مه‌یدانى ناوه‌نده‌كانى بازرگانی كردووه له هه‌ر چوار پارێزگاكه، به‌گوته‌ی خۆی "بۆم ده‌ركه‌وت له‌و ساڵه بایى سێ ملیۆن و 750 هه‌زار دۆلار موبهریدهى ئێرانى و توركى هێنراونه‌ته هه‌رێمى كوردستان".
ئاشنا بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، "له ساڵى 2013 هێنانى موبه‌ریده بووبوو به پێنج ملیۆن دۆلار و بۆ ساڵى 2014 تا 2016 ڕێژه‌كه له نێوان سێ بۆ چوار ملیۆن دۆلار بوو، له 2017 و 2018 فرۆش بۆ دوو ساڵ گه‌یشته 14 ملیۆن دۆلار، چونكه بۆ مووسڵ و كه‌ركووك و شنگال و كه‌مپه‌كانیش سوود له بازاڕی كوردستان وه‌رگیرا".
به‌گوته‌ى ئه‌و مامۆستایه، نه‌بوونى پلانی سه‌ره‌تایى بۆ پیشه‌سازى ناوه‌ندى، وایكردووه ئه‌و بڕه پاره زۆره بچێته ده‌ره‌وه، له هه‌شت ساڵى ڕابردوودا به تێكڕایى ده‌توانین بڵێین زیاتر له 32 ملیۆن دۆلار بۆ موبه‌ریده چووه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش هیچ پێشوه‌چوونێك له ئابوورى دروست ناكات و هێزى كارى كوردستانیش سست ده‌كات، بۆیه پێویستى به پێداچوونه‌وه‌یه.
لای خۆیه‌وه ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگای هه‌ولێر باس له‌وه ده‌كات كه كێشه له نه‌بوونى پیشه‌سازى ناوه‌ندییه له هه‌رێمى كوردستان، بۆیه كارگه‌ى له‌و شێوه‌یه نییه و به‌هۆیه‌وه ساڵانه سامانێكى زۆر به‌فیڕۆ ده‌چێ.
ڕێباز بێركۆتى بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "پێویسته گرنگى به پیشه‌سازى ناوخۆ بدرێت به‌تایبه‌ت پیشه‌سازى ناوه‌ندى كه هه‌موو پێداویستییه‌كانی به‌رده‌سته، كه‌واته ته‌نیا هاندان و حكوومه‌تى پێویسته بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پیشه‌سازییه په‌ره‌ى پێ بدرێت".
به‌گوته‌ى بێركۆتى "دروستكردنى موبه‌ریده له پیشه‌سازى ناوه‌ندیدا جێى ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر كارگه‌ى له‌و شێوه‌یه دروست بكرێت، جگه له چوونه ده‌ره‌وه‌ى سامانێكى زۆرى نیشتمانى، له هه‌مانكاتدا سه‌تان گه‌نج ده‌بنه خاوه‌ن هه‌لى كار، بۆیه پێویسته بیر له دروستكردنى ئه‌و جۆره كارگانه بكرێته‌وه تا بونیادى ئابووریمان به‌هێز بێت".
*له هه‌شت ساڵى ڕابردوودا بایى 32 ملیۆن دۆلار موبه‌ریده بۆ كوردستان هێنراوه.