سبەی ناوی كاندیدانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

:: AM:09:48:18/05/2019 ‌
بڕیارە سبەی ناوی كاندیدانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرا بكرێت لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و دواتر كاتی هەڵبژاردن و دەنگدان پێیان ئاشكرا دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئایار، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"سبەی سەعات 11 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناوی كاندیدانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت.

لە زانیارییەكان هاتووە، تا ئێستە پێنج هاووڵاتی بەفەرمی خۆیان كاندید كردووە، هەروەها لەو كاندیدانەی تا ئێستە تۆمار كراون یەكێكیان تەمەنی 39 ساڵە و یەكێكیشیان كێشەی ناسنامەی هەیە كە ناسنامەی وڵاتێكی ئەوروپایە.

بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێویستە دوای سێ‌ ڕۆژ لە داخستنی دەرگەی خۆپاڵاوتن ناوی كاندیدان پڕ بكرێتەوە تا پەرلەمانتارانیش زانیارییان هەبێـ لەسەر كەسی پاڵوێراو، بەشێك لە شایستەبوونی ئەو كەسانەی خۆیان پاڵاوتووە بنێردرێت بۆ وەزارەتی داد و ناوخۆ.

بەگوێرەی یاسای هەڵبژادرنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێویستە كەسی پاڵێوراو نابێت تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر بێت و هیچ كێشەی لە پێشینەی نەبێت و توانای سیاسی هەبێت.



وشە - رامیار جەواد