نرخی نەوت بۆ دووەم هەفتە هەڵكشا

:: AM:09:57:18/05/2019 ‌

هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و نرخی نەوتیش سەرەڕای ئەوەی كە لە دوایین رۆژی بازاڕەكە دابەزینی تۆمار كرد، بەڵام لە كۆی هەفتەكە رەنگەكەی بە سەوز داخرا و ئەمەش دووەم هەفتەیە لە دوای یەكتر نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

سەرەتای هەفتەكە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 70 دۆلار و 70 سەنت، بەڵام شەوی رابردوو بە 72 دۆلار و نۆ سەنت داخرا. هەڵبەت هەر لەم هەفتەیەدا نرخی نەوت تا سەرووی 73 دۆلاریش بەرز بووبووەوە.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكی یان تەكساسیش سەرەڕای ئەوەی كە رۆژی هەینی نیو دۆلار دابەزی لە كۆی هەفتەكە نزیكەی دوو دۆلار بەرز بووەوە و هەر بەرمیلێكی بە 62 دۆلار و 66 سەنت فرۆشرا.

رۆژی هەینی بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی لەسەر دابەزینی ئاستی داخوازی لەسەر نەوتی دنیا دروست بووبوو، نرخی نەوت دابەزی، بەڵام بەردەوامبوونی كێشەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر پرسی نەوت دیسان بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەفتانەی نەوت.

بازاڕی نەوت پشت بە خستنەڕوو و داخوازی دەبەستێت، هەر كاتێك ئاستی خستنەڕوو بەرانبەر داخوازی كەمی كرد، نرخەكە هەڵدەكشێت و پێچەوانەكەشی نرخی نەوت دادەبەزێنێت.



وشە - سلێمان تاشان