ئەمەریكا گومرگی لەسەر دوو كانزای كەنەدا و مەكسیك لابرد

:: AM:11:04:18/05/2019 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، سەپاندنی گومرگ بەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمی كەنەدا و مەكسیك هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەو باسی لەوەش كرد كە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە رێككەوتووە و ئەمەریكاش بە بێ گومرگ بەرهەمەكانی هەناردەی كەنەدا و مەكسیك دەكات.

دەبێت كۆنگرێس بۆ ئەم بڕیارە رەزامەندی دەرببڕێت و ترەمپیش هیوای خواستووە رێككەوتنەكەیان لە لایەن كۆنگرێسەوە پەسند بكرێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوبەشی ئەمەریكا و مەكسیك لە ماوەی 48 سەعاتدا بڕیارەكە دەبێ جێبەجێ بكرێت.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلی" حكوومەتی ئەمەریكا بەرێژەی 25% باجی خستبووە سەر بەرهەمی ئەلەمنیۆم و پۆڵای كەنەدا و رێژەی باجەكەش بۆ هەمان بەرهەم كە لە مكسیكەوە هاوردە بكرێت 10% بوو.

نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر ئەمەریكا لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریكا بڕیارەكەی لە دژی كەنەدا و مەكسیك دەركردبوو.

ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە كە هێشتا جەنگی ئابووری ئەمەریكا لەگەڵ چین بەردەوامە و ماوەی رابردوو دیسان ئەمەریكا باجی بەسەر بەرهەمەكانی چیندا سەپاند.



وشە - سلێمان تاشان