چەندان پەیمانگەی بێ مۆڵەت لە سلێمانی كراونەتەوە

:: AM:11:17:18/05/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەندان پەیمانگەی بێ‌ مۆڵەت هەن كە خولی زمان دەكەنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئایار، بەگوێرەی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی تێیدا هاتووە، لە دەسەڵاتی وەزیری پەروەردەیە مۆڵەت بدات بە كردنەوەی پەیمانگەی پیشەیی ئەهلی بۆ فێربوونی زمانەكان و بەهێزكردنی وانەكانی خوێندن و فێربوونی پیشەیی، بەڵام چەندان شوێن بەناوی ڕێكخراو و دەزگا و دامەزراوە، بەتایبەتی لە هاویندا خولی جۆراو جۆر دەكەنەوە كە هیچ مۆڵەتێكیان نییە و لەژێر چاودێریدا نین.

لە نووسراوەكە ئاشكرا كراوە، ئەو پەیمانگانەی مۆڵەتی وەزارەتی پەروەردەیان هەیە پێویستە ساڵانەیان نوێی بكەنەوە و چاودێریشیان دەكرێت، بەڵام ئەو شوێنانەی مۆڵەتیان نییە، هیچ چاودێرییەكیان لەسەر نییە.

نووسراوەكەی پەروەردە ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی كراوە و داواكراوە هاوكاریان بن بۆ ڕاگرتن و داخستنی ئەو پەیمانگە و ڕێكخراو و خولانەی بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی پەروەردە كراونەتەوە.

لە كۆتایی نووسراوەكە هاتووە، پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و ئەو پەیمانگەی مۆڵەتی وەزارەتی پەروەردەیان هەیە، مۆڵەتەكەیان هەڵواسیوە و فەرمانی وەزارییان هەیە، هەركەس سكاڵای لەسەریان هەبوو، ئاگەداریان بكەنەوە و ئەوان لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكەن.



وشە - رامیار جەواد