هەناردەی نەوتی ئێران بۆ خوارووی نیو ملیۆن بەرمیل دابەزی

:: PM:01:21:18/05/2019 ‌

دوایین ئاماری هەناردەی نەوتی ئێران ئەوە دەردەخات ئەو وڵاتە لەم مانگەدا توانیویەتی رۆژانە كەمتر لە 500 هەزار بەرمیل نەوت  هەناردە بكات.

لە 22ی  نیسانی ئەمساڵ ئەمەریكا هەر جۆرە مۆڵەتێك بۆ كڕینی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بگەیەنێتە سفر و ئێرانیش لە وەڵامی ئەو بڕیارەی ئەمەریكا گوتی، هەرگیز ئەمە سەرناگرێت و كۆمەڵێك رێی تریان هەیە تا لێیەوە نەوت هەناردە بكەن.

سەرچاوەیەكیش بە رۆیتەرزی گوتووە، ئێران لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە نێوان 250 هەزار بەرمیل تا 500 هەزار بەرمیلی هەناردە كردووە.

ئامانجی زۆر لە بەرهەمی نەوتی ئێران وڵاتانی ئاسیایە و ئێستە هەریەك لە چین و هیندستان بە گرنگترین كڕیاری نەوتی ئێران هەژمار دەكرێن و هەناردەی نەوتی ئێران بۆ توركیا و ئەوروپا وەستاوە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" رێك ساڵێك لەمەوبەر و یەك مانگ بەر لە دەرچوونی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی، ئێران رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، كەچی ئێستە بۆ خوارووی نیو ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.



وشە - سلێمان تاشان