پردی دەلالی زاخۆ نۆژەن دەكرێتەوە

:: PM:01:54:18/05/2019 ‌

گرووپێكی خۆبەخش بە هاوكاری داودەزگا كارگێڕییەكانی شارۆكەی زاخۆ هەڵساون بە هەڵگرتنی سەرجەم زیادەڕۆییەكانی سەر پردی دەلال ئەوانەی كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروست كراون، لەجیاتی زیادەڕۆییەكانیش خزمەتگوزاری گشتی و جوانكاری دروست دەكرێت بۆ پردەكە.

یوسف ئیسلام ئەندامی گرووپی خۆبەخشی گەنجانی زاخۆ كە هەڵمەتی راكرتنی زیادەڕۆییەكانی سەر پردی دەلال لە زاخۆیان كردووە بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی زیادەڕۆیی زۆر لە دەوروبەری پردی دەلال، پردەكە بە تەواوەتی لەبەر چاوی خەڵك و گەشتیار ون بووە، بۆیە بڕیارمان دا كە گوشاری زۆر لەسەر لایەنی پێوەندیدار بكەین بۆ ئەوەی بە زووترین كات ئەو زیادەڕۆیانە لابدرێ و دەست بە خزمەتگوزاری بۆ پردەكە بكەن.

زیاتر گوتی، گرووپێكی حەوت كەسی بەناوی گەنجانی خۆبەخشی زاخۆ دەستیان بە هەڵمەتی گوشار بۆ سەر حكوومەت كردووە بۆ ئەوەی بە زووترین كات هەموو ئەو زیادەڕۆیانە هەڵگرن و دەست بە خزمەتگوزاری بۆ پردی لە دەلال بكرێ.

" قایمقامیەتی شارۆكەی زاخۆ بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و گەشتوگۆزار و شارەوانی و ئەو گرووپە خوبەخشە ئێستە دەستیان بە هەڵگرتنی هەموو ئەو زیادەڕۆیانە كردووە كە لە چوار دەوری پردی دەلال دروست كرابوون و سیمای پردەكەیان تێكدابوو". یوسف وای گوت.
 
پردی دەلال سەتان هەزار ساڵ تەمەنی هەیە و یەكێكە لە بەناوبانگترین شوێنەوارەكانی عێراق و كوردستان، 114مەتر درێژە و نزیكەی شەش مەتر فراوانە، بەپێی داتانانی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگۆزاری زاخۆ ساڵانە نزیكەی 70 هەزار كەس سەردانی بۆ دەكەن.

زاخۆ/ نەوزاد هلۆری 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم