ئەمڕۆ ئاوی گەڕەکەکانی هەولێر دێتەوە

:: PM:01:55:18/05/2019 ‌
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئێستە شوێنی شكانی بۆڕییەكەی ئاوی ئیفراز سێ‌ بەدەركەوتووە و سەرقاڵی چاككردنەوەین.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی ئایار، مەسعوود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن بۆ چاكردنەوەی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ‌ بە باشی بەڕێوە دەچێت وەك ئەو پلانەی بۆمان دانابوو.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكان گوتی، كەرەستەی پێویستمان هێناوەتە شوێنەكە و ئێستە سەرقاڵی كاركردنین بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو گەڕەكانە لە بێ ئاوی رزگار بكەین لە دوێنێوە دەستمان بەكار كردووە، هەروەها قۆناخی چاككردنەوەی بۆڕییەكە دەست پێ كردووە.

زیات ڕوونی دەكاتەوە، هەموو هەوڵێك دەدەین بە زوویی بۆڕییەكە چاك بكەینەوە بۆ ئێوارە یان پاش مەغریب ئاو بۆ ماڵەكانی ئەو گەڕەكانە بەربدەینەوە كە ئێستە ئاویان نییە، هەروەها هەوڵ دراوە بیرەكانیش بخرێنەوە كار كە لە گەڕەكەكانی ڕۆژهەڵاتی هەولێرن ژمارەیان 200 بیرە بۆ ئەوەی تا بۆڕییەكە چاك دەبێتەوە ئاو بەربدرێتەوە.

هەولێر بۆ دابینكردنی ئاو پشت بە بۆڕی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێ‌ دەبەستێت لە ڕابردووش ئەو بۆڕییە جارێكی تر شكاوە بەهۆی سەرپێچی كۆمپانیایەك لەسەر بۆڕییەكە كۆگایەكی دروست كردبوو.





وشە - رامیار جەواد