بە ڤیدیۆ... هەزاران كەس بۆ دەستخستنی ئاو روو لە كانیاوێكی گەلی باڵندە دەكەن

:: PM:02:34:18/05/2019 ‌

بۆ دەستخستنی ئاوی خواردنەوە، ساڵانە هەزاران كەس روو دەكەنە كانیاوێك لە بناری چیای كوڕەژار لە گەلی باڵندە، لەبەر ئەوەی كانیاوەكە لە شەقامی سەرەکی دوور بوو، هاووڵاتییانی گوند لە رێی بۆڕی هێناویانەتە سەر رێی گشتی.

رەمەزان سیتەیی یەكێكە لەو كەسانەی ‌ چاودێریی كانیاوەكە دەكات، وەك بۆ "وشە"ی باس دەكات، هەر لە كۆنەوە‌ تا ئێستە خەڵكانێكی زۆر روو دەكەنە گەلی باڵندە و كانیاوی گوندی سیتە بۆ ئەوەی ئاوی سازگاریان دەست بكەوێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كانیاوەكە دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی چیای كوڕەژار، لەبەر ئەوەی‌ كانییەكە لەسەر شەقامی گشتییەوە دوور بوو، دانیشتووانی گوندەكە بە بۆڕی ئاوی كانیاوەكەیان راگواستووە بۆ نزیك رێیە گشتییەكەی گەلی باڵندە، ئەو كارەشمان وەك كارئاسانییەك بۆ هاووڵاتییان كردووە.

"تا ئێستە هیچ پشكنینێكی زانستی بۆ ئاوەكە نەكراوە، بەڵام‌ ساڵانە هەزاران كەس روو دەكەنە ئاوەكە و وەك ئاوێكی سازگار و پاك بۆ مەبەستی تەندروستی بەكاری دەهێنن"، سیتەیی وای گۆت.

بێجگە لەو كانیاوە چەند كانیاوێكی تریش لە دەڤەری ئامێدی هەن و هاووڵاتییان وەك سوودوەرگرتن لە مادە كانزاییەكانی بۆ مەبەستی تەندروستی بەكاریان دەهێنن.



ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - هیدایه‌ت جان