ئاژەڵە سەرگەردانەكانی كوردستان چیتر رووبەڕووی كوشتن نابنەوە

:: PM:03:36:18/05/2019 ‌

دوای راپۆرتێكی وشە له بارەی سەگە بەڕەڵاكانی ناو شاری سلێمانی كە بە كۆڵان و گەڕەكەكاندا بڵاو بوونەتەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لیژنەی كشتوكاڵ راسپێردراون بۆ ئەوەی چارەسەرییەك بۆ دیاردەكە بدۆزنەوە.

هەفتەی رابردوو "وشه"‌ لە راپۆرتێكدا مەترسی ئەو سەگە بەڕەڵایانەی بڵاوكردەوە كە پەلاماری هاووڵاتییان دەدەن و تا ئێستە لە شاری سلێمانی و لە تەواوی هەرێمی كوردستان رێچارەیەكی گونجاو بۆ ئەو سەگ و ئاژەڵە بەڕەڵایانە نەدۆزراوەتەوە و نەتوانراوە لە دەرەوەی شار و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون شوێنێكی حەوانەوەیان بۆ دابین بكرێت.

هۆشیار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دوای راپۆرتی "وشە" لە بارەی بوونی سەگی بەڕەڵا و بڵاوبوونەوەیان لە كۆڵان و گەڕەكەكانی سلێمانی و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، نووسراومان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەن كرد.

زیاتر روونی دەكاتەوە، سەرۆكایەتی ئەنجوومەن لەگەڵ لیژنەی كشتوكاڵ راسپێردراون بۆ ئەوەی كار لەسەر ئەو كێشەیە بكەن و بە زوترین كات رێچارەی گونجاو بگرنەبەر.

با‌رزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشه" ئاشكرای دەكات، بۆ ئەو دیاردەیە ئەنجوومەن نووسراوی ئاراستەی ڤێتەرنەری كردووە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵ بكرێت و هەر نەبێت ئەو سەگانە دەرزییان لێ بدرێت تا لە كاتی روودانی هەر حاڵەتێكی پالامار و گەستن نەخۆشی بڵاو نەبێتەوە.

"لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەن راسپێردراوە تا لەگەڵ ئەو لایەنانە چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن و دەبێت بە وردی كار بۆ ئەو بابەتە بكرێت و هەر لایەنێك پێوەندیدار بێت بەو دیاردەوه،‌ دەبێت بە دەمەوەهاتنی هەبێت بۆ چارەسەری یەكجاری ئەو دیاردەیە". جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وای گوت.

بارزان محەمەد دووپاتی دەكاتەوە، چارەسەری گونجاو بردنە دەرەوەی ئەو سەگانەیە و كۆكردنەوەیانە لە شوێنێكی دوور لە نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان.

لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر و لەسەر ئاستی دنیا شێڵتەر بۆ داڵدەدانی ئەو ئاژەڵانە دروست كراوە كە لەناو شار و ئاوەدانییەكان بەڕەڵا كراون و لەڕووی خۆراك و پێداویستی پزیشكییەوە خزمەت دەكرێن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - هیدایه‌ت جان