پەرلەمانتارێكی یەكێتی: كەس بۆ پۆستەكانی حكوومەتی داهاتوو یەكلا نەكراوەتەوە

:: PM:04:37:18/05/2019 ‌
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێ، هێشتا هیچ كەسێك لەناو یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆست لە حكوومەتی داهاتوو یەكلا نەكراوەتەوە.

یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان ژمارەیەك پۆستی پێ دراوە، بەڵام هێشتا هیچ كەسێكی بۆ پۆستەكان یەكلا نەكردووەتەوە كە ئەوە بەشێكی پێوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبەوە هەیە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی ئایار، شامۆڵ سابیر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ یەكلا كردنەوەی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكانی حكوومەت پێویستە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆ ببنەوە.

زیاتر گوتی، تا ئێستە هیچ كەسێك بۆ پۆستەكانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان یەكلا نەكراوەتەوە و ئەوەیشی كە باسی دەكرێ‌ تەنیا ئەوەیە سی ڤییان پێشكەش كردووە.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوە كرد، لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان یەكلا دەكرێنەوە لەسەر بنەمای ئەو سی ڤییانەی لە ڕێی مەڵبەندەكانەوە ئاراستە كراون، چونكە ئەمجارە پلان هەیە تیمی حكوومەتی یەكێتی لە هەموو ناوچەكانی تێدا بێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم