ئەمەریكا جموجۆڵە سەربازییەكانی لە عێراق زیاتر دەكات

:: PM:05:27:18/05/2019 ‌

سەرچاوە سەربازییەكان لە پارێزگای ئەنبار دووپاتی دەكەنەوە كە جموجۆڵە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەناو عێراق لە سنوورەكانی بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار چووەتە دەرەوە بەرەو پشتێنەی سنووری نێوان عێراق و ئوردن و فەرماندەیەكی حەشدی شەعبیش دەڵێت، هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەنبار رێوشوێنی تەناهیان توندتر كردووە.

سەرچاوەكان ئەمڕۆ شەموو روونیان كردەوە كە ئەو جموجۆڵە سەربازییەی ئەمەریكا لەناو عێراق لە سنوورەكانی بنكە سەربازییەكەوە دەستی پێ كردەوە بەرەو پشتێنەی سنووری نێوان عێراق و ئوردن بە درێژایی رێگەی خێرا لە نێوان هەردوو وڵات، ئەوەش لە چوارچێوەی پەرەسەندنی دۆخی سەربازی ئەمەریكا لەدژی ئێران نایەت، بەڵكو ئەوان بۆ دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكە ئەو كارە دەكەن بۆ ئاشكراكردنی هەر هەڕەشەیەكی گریمانیكراو. 

سەرچاوەیەكی تەناهی لە حەشدی شەعبیئەمڕۆ شەموو دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا رێوشوێنی تەناهیان لە سەرانسەری پارێزگای ئەنبار زیاد كردووە لە هەردوو بنكەی سەربازی حەبانییە لە رۆژهەڵاتی رومادی و عەین ئەسەد لە شاردێی بەغدادی و لە قائیم و رەتبە و حەدیسە و لە ناوچەكانی سەرووی فورات تا دەگاتە دەروازە سنوورییەكانی ئوردن و سووریا و سعوودیە لە رۆژئاوای ئەنبار.

وەك سەرچاوەكە ئاماژەی كردووە، هێزەكانی ئەمەریكا بەربەستی تەناهی و خەندەكیان لە دەوری سەربازگەكان داناوە و ئاماژەی نووسراویشیان داناوە بەوەی قەدەغەیە لێیانەوە نزیك ببنەوە و بە فڕۆكەش ناوچەكە رووماڵ و چاودێری دەكرێت. 

ئەمڕۆ شەموو حوسێن عەقابی پەرلەمانتاری عێراق وریایی لە ئەگەری دروستبوونی جەنگی لە نێوان تاران و واشنتن و كاریگەری بۆ سەر ناوچەكە دا كە ئاگری ئەو شەڕە ناوچەكە بەتەواوەتی دەسووتێنێت و هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەبنە گۆڕەپانی ئەو جەنگە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل