عێراق.. ئەمەریكا ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دێنێتە دەرەوەی عەین ئەسەد

:: PM:06:28:18/05/2019 ‌

تا دێت بەبێ ئاماژەیەكی روونی ئەمەریكا بۆ جەنگێكی گەورە لەگەڵ ئێران و لایەنگرانی لە ناوچەكە، خەریكە ئەمەریكا هێزەكانی لە ناوچەی كەنداو و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە گشتی زیاد دەكات، بێگومان مەبەستی سەرەكیی ئەمەریكا عێراقە و بەم دوایە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی هێناوەتە دەرەوەی بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق كە بنكەی سەرەكی هێزەكانی ئەمەریكایە لە عێراق. 

ئەمڕۆ بەحرێن هاتە ریزی ئەو وڵاتانەی بەئاشكرا رای گەیاند كە پەرەسەندنێكی مەترسیدار لە ناوچەی كەنداو هەیە لەبەرانبەر ئێران و رەنگە پەرەسەندنەكە زیاتر عێراق بگرێتەوە، لەوكاتەی ئەو شانشینە بچووكەی كەنداو كە بووەتە شوێنی مانەوەی پێنجەم كەشتیگەلی سەربازی ئەمەریكا لە ناوچەكە و ئەركی ئەوان چاودێریكردنی هاتوچۆی كەشتییەكانی نەوت و پاراستنیانە لە كەنداو، بەحرێن هاووڵاتیاینی لە عێراق ئاگەدار كردەوە كە بەپەلە ئەو وڵاتە جێبێڵن، لە ئەگەری دروستبوونی پەرەسەندنی سەربازی. 

ئەو وریاكردنەوە لە زاری وەزیری دەرەوەی بەحرێن هات كە ئەمڕۆ شەموو ئاماژەی كرد بەوەی دووپاتكردنەوە هەیە بەوەی دۆخەكە لە ناوچەكە ناسەقامگیر دەبێت لەوانە لە عێراق. بۆیە پێویستە ئەو بەحرێنیانەی ئێستە خەریكی سەردانیكردنی عێراقن بۆ مەزارە شیعییەكان پێویستە زوو ئەو وڵاتە جێبێڵن.

رۆژنامەی "عوكاز"ی سعوودی بەم دواییە بڵاوی كردەوە كە بەپێی زانیارییەكانیان ئەمەریكا لە مانگی نیسانی رابردوو بەفەرمی بە عێراقی راگەیاندووە كە نیازی زیادكردنی ژمارەی سەربازەكانی لەو وڵاتە هەیە، جیا لە دامەزراندنی بنكەی نوێی سەربازی بۆ لەخۆگرتنی ئەوان، رۆژنامەكە لە پەرلەمانتارێكی عێراقی گواستەوە كە واشنتن بەفەرمی بە بەغدای راگەیاندووە بەوەی نیازی بنیاتنانی بنكەی نوێی سەربازی لە عێراق هەیە بۆ لەخۆگرتنی ئەو هێزانەی ئەمەریكا كە بەمنزیكانە دەگەنە عێراق. لەو كاتەی عێراق پێشوازی لە هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق و یارمەتیدانی بۆ نەهێشتنی تیرۆر لەسەر خاكەكەی دەكات، جیا لەوەی بەغدا ستایشی هاریكاری سەربازی لەگەڵ واشنتن كردووە.

چەند دەزگایەكی راگەیاندنی عەرەبی لە لەندەن ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە عێراق تێبینی جموجۆڵێی سەربازی ئەمەریكای لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە كردووە و ئەوان لە سەرچاوە سەربازییەكانی عێراقیان گواستەوە بەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كە لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەدن لە رۆژئاوای عێراق لە پارێزگای ئەنبار، جموجۆڵەكانیان بە درێژایی شەوی رابردوو زیاد كردووە و لە دەرەوەی سنوورەكانی ئەو بنكەیە ئۆپراسیۆنی سەربازیان ئەنجام داوە.

سەرچاوەكان روونیان كردەوە كە ئەو جموجۆڵە سەربازییەی ئەمەریكا لەناو عێراق لە سنوورەكانی بنكە سەربازییەكەوە دەستی پێ كردەوە بەرەو پشتێنەی سنووری نێوان عێراق و ئوردن بە درێژایی رێگەی خێرا لە نێوان هەردوو وڵات، ئەوەش لە چوارچێوەی پەرەسەندنی دۆخی سەربازی ئەمەریكا لەدژی ئێران نایەت، بەڵكو ئەوان بۆ دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكە ئەو كارە دەكەن بۆ ئاشكراكردنی هەر هەڕەشەیەكی گریمانكراو. 

لە ماوەی ئەم مانگەدا ئێران سێ گەورە فەرماندەی سوپای پاسدارانی گۆڕی و زنجیرەی فەرمانڕەوایی سوپاكە شێوەیەكی نوێی وەرگرت و ئێستە ئەو دامەزراوە جێگری فەرماندە و یاریدەری هاوئاهەنگی نوێی هەیە، كاتێك لیوا حوسێن سەلامی وەك فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران دیاری كرا و ئەویش دوو یاریدەری بۆخۆی دیاری كرد، موراد وەیسی لە دەستەی نووسەرانی رادیۆی "غەد"ی ئەمەریكی كە بە زمانی فارسی پەخش دەكرێت گوتی، سوپای پاسداران دامەزراوەیەكی ئاسایی نییە لە ئێران و فەرماندەكانیشی بەو شێوە دیاری ناكرێن، كاتێك سوپای پاسداران بەهێزترین دامەزراوەكانی ئێرانە لە دوای دامەزراوەی رابەر و بە دەسەڵاتدارترینیانە، بۆیە ئەگەر سوپای پاسداران و رابەر دوو بەهێزترین دامەزراوەی ئەو وڵاتە بن، پێویستە دانان و گۆڕینی فەرماندە دیارەكانی سوپای پاسداران رێك و رەنگدانەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانە بن بۆ سەر رژێمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە، بەوپێیەی سوپای پاسداران و رابەر كڕۆكی سەرەكی بنیاتی رژێمی ئەو وڵاتەن.   

ئێستە رژێمی ئێران رووبەڕووی چەندان هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەكی و هەڕەشە و مەترسی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری و سەربازی ئاڵۆز و تێكەڵ دەبێتەوە، دەتوانرێت وەك لە خوارەوە بێنە پۆلێنكردن:

یەكەم/ مەترسی لە هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی فرەوانی جەماوەری لەدژی حكوومەت تا گەیشتن بە یاخیبوونی جەماوەری لەدژی شكستی حكوومەت لە رووی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە.

دووەم/ زیادبوونی گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە و جومگە هەستیارەكانی ئێران وەك كەرتەكانی نەوت و دراو.

سێیەم/ مەترسی لە جێگیری دۆخی ئێران لە دوای مردنی عەلی خامنەیی رابەری ئێران لە رووی كێبەركێ و ململانێكانی ناوخۆییەوە.

چوارەم/ هەڕەشەكانی ناو باڵەكانی رژێمەكە و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە و ناوخۆی ئەو وڵاتە و هەڵوێستی پاسداران لەبەرانبەریانەوە.

بەگشتی هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران دەیانەوێت عێراق لە یەكتر دووربخەنەوە و بیكەن بە شوێنپێی دەسەڵاتیان لە ناوچەكە، ئەمەریكا هاوكات هێزەكانی لە كەنداو زیاتر دەكات، لە عێراقیش جموجۆڵی بڵاوبوونەوەی سەربازی دەكات و دەیەوێت بە ئێرانی بڵێت كە ئەو هەڵەی ساڵانێكە كردوویەتی بە رزگاركردنی عێراق و رادەستكردنی بۆ ئێران كاتەكەی كۆتای هات و پێویستە ئێران دەست لە عێراق بەردبدات، لەبەرانبەردا ئێران بە بوونی دراوسێیەكی بە هاوشێوەی ئەمەریكا رەت دەكاتەوە، بەڵام لە رێگەی جەنگی راستەوخۆی سەربازی نا، بەڵكو لە رێگەی باڵە چەكدارەكانی لەو وڵاتە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل