رۆژنامەیەكی بەریتانی: ئەمەریكا بە هەڵە لە ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێگەیشتووە

:: PM:08:06:18/05/2019 ‌
نووسەرێكی بەریتانی پێی وایە ئەمەریكا جارێكی تر كەوتووەتە هەڵەوە لە بارەی تێگەیشتنی لە جۆریەتی ململانێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەشی ئێستە ئەنجامی دەدات هیچ سوودێك بە ئەمەریكا ناگەیەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و لبنان.

پاتریك كۆبرن لە وتارێكدا كە رۆژنامەی "ئەی"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، باس لە هەڵەكانی پێشتری ئەمەریكا و رۆژئاوا دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێی وایە ئەوەی روودەدات ململانێی نێوان هەردوو مەزەوی سوونە و شیعەیە، بۆیە هەر دەستوەردانێكی ئەمەریكا بە زیان بۆی دەشكێتەوە.

كۆبرن دەڵێ، 40 ساڵ پێش ئێستە لە كاتی كەوتنی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران، ئەمەریكا دەستوەردانی كرد و كەوتە هەمان هەڵەی ئێستە، گوتی "ئەمەریكا و هاوپەیمانانی هەمیشە بەرانبەرەكەیان بە بێ هێز دەبینن، ئەمەش بە بەردەوام زیانی لێ داون".

ئەو نووسەرە بەریتانییە باسی تەقینەوەكەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە لبنان دەكات كە ساڵی 1982 روویدا و بەهۆیەوە 241 سەرباز و كاركەری ئەمەریكی گیانیان لە دەستدا، هاوكات باس لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەكات، گوتی "هەموویان پشتگیریان لە عێراق كرد كەچی ململانێیەكە لە بەرژەوەندی هیچ لایەك كۆتایی نەهات".

پاتریك كۆبرن باس لە هەڵەیەكی تری ئەمەریكا دەكات كە ساڵی 2003 كاتێك رژێمی عێراقی رووخاند لەگەڵ بەریتانیا، بەڵام بوو بە گەورەترین دەستكەوت بۆ ئێران، هاوكات لەگەڵ وڵاتانی سعوودیە و قەتەڕ و توركیاش لە كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەدیش لە سووریا شكستیان هێنا، چونكە هێشتا لە ناوەڕۆكی ململانێیەكان تێ نەگەیشتووە كە زیاتر مەزەوییە.

پاتریك پێی وایە ئەوەی ئێستە روودەدات دووبارەكردنەوەی هەمان هەڵەی پێشترە كە دەرئەنجامەكەی شكستە، زیاتر گوتی، "ئەمەریكا و هاوپەیمانانی رووبەڕووی ئێران بە تەنیا نابنەوە، بەڵكو رووبەڕووی گرووپە شیعەكان دەبنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت عێراق و لبنان".

قسەكانی كۆبرن لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵدەدات لە رێگەی سەپاندنی توندترین سزا لەسەر ئێران ئەو وڵاتە ناچار بە سازش بكات، بەڵام هەریەكە لە جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هانی ترەمپ دەدەن بۆ بژاردەی سەربازی و جەنگ، حزبوڵای لبنانی و گرووپە شیعەكانی عێراقیش بە گرووپگەلێكی سەر بە ئێران دادەنێن، بەڵام نووسەری وتارەكە پێی وایە ئەوانە لە بنەڕەتدا باڵی سەربازی شیعەن لەو دوو وڵاتە، چونكە ویستی ئەو گرووپانە زیاتر بۆ تایفەگەری شیعەیە نەك نیشتمانەكەی خۆیان.


وشە - فه‌رمان سادق