ئێران لە هەڕەشەی كشانەوەی رێككەوتنی ناوەكی شكست دەهێنێت

:: PM:08:38:18/05/2019 ‌
بارگرژییەكانی ناوچەكە دوای جووڵەیەكی تاكتیكی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دێت كە تێیدا شكستی هێنا كاتێك ویستی بە كشانەوە لە بەشێك لە رێككەوتنامەی ناوەكی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی هاوسۆز، هەوڵی دەستخستنی دەلیچەیەك بدات بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی و دەرچوون لە ژێر گوشارە توندەكەی ئەمەریكا، بەڵام دەرئەنجامەكەی بە كارەسات بەسەر تاران شكایەوە و ئەو وڵاتە گەیاندە لێواری جەنگ.

گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا شیكاری هۆكارەكانی پشت ئەو بارگرژی و ململانێی توندەی ئێستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە بە سیاسەتی تاكتیكی ئێران بۆ گوشارخستنەسەر وڵاتانی ئەوروپی هاوسۆز لە رێككەوتنی ناوەكی وڵاتانی (پێنج كۆ یەك)، كە دەرئەنجامەكەی بە شكست بەسەر تاران شكایەوە و ئەو وڵاتەی هێناوەتە كەناری جەنگێكی كراوە.

ئێران وەها خوێندنەوەی بۆ دۆخە كرد بوو كە بەو هەنگاوەی ئەوا پاڵ بە وڵاتانی ئەوروپی دەنێت بۆ گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ دەرچوون لە سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران و پێدانی گەرەنتی فرۆشتنی نەوت و كەلوپەلی تر بە ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام دەرئەنجامەكەی بە كارەسات بەسەر تاران شكایەوە كە چاوەڕوان نەكراو بوو.

ئێران لە دوو هەفتەی رابردوودا بە كشانەوەی پابەندبوونی بە هەندێك لە بڕگەكانی رێككەوتنامەكە و بەرزكردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20% و پێدانی 60 رۆژ مۆڵەت، هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەوروپی كرد ئەگەر دەلیچەیەك بۆ تاران نەدۆزنەوە بۆ دەرچوون لە ژێر سزاكانی ئەمەریكا. ئەو هەڕەشەیەی ئێران ئەوەی تێدا لەبەرچاو نەگیرا بوو كە كۆمپانیاكانی ئەوروپی بە قووڵی سەرقاڵی بازرگانین لەگەڵ ئەمەریكا بە بەراورد بە بازاڕی ئێران، ئەوەی ئەوروپا كردی بۆ ئێران كە دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بوو بۆ بازرگانیەكی نوێ لەگەڵ ئێران كە یەكێتیی ئەوروپا پەسندی كردووە، تەنیا كارئاسانی بووە بۆ بازرگانی لەگەڵ تاران لە دیوە مرۆییەكەی نەك سیاسییەكەی كە ئێران چاوی لێ بوو.

ئامانجی ئەوروپییەكان ئەوەبوو كە ئێران لەناو رێككەوتنەكە بهێڵنەوە تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریكا كە ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت، بەو ئاراستەیەی چاوەڕێی گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمەریكا بكرێت لە رێگەی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ لە دیموكراتەكان، بەڵام ئەو هەنگاوەی ئێران هەوڵی ئەوروپییەكانیشی لەبار برد كە بە ستراتیجیەتی چاوەڕوانی ئەورپی ناسرا بوو.

 فۆرین پۆلیسی دەڵێ، بەشێكی تری ئامانجی ئێران دروستكردنی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ بوو كە پشتی بەو هێزە تازە دەركەوتووانەی ئاسیا دەبەست كە دەیانەوێت پشت لە سیاسەتی ئەمەریكا بكەن، لەوانە چین كە بڕێكی زۆری نەوتی ئێرانی دەكڕێت لەگەڵ رووسیا و هیندستان.
لەو چوارچێوەیەدا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پایتەختی چین و رووسیای كرد، بەڵام دیار نییە ئێران هیچی لەو سەردانە دەستكەوتووە یان نا؟

بەگوێرەی گفتوگۆكانی گەورە دیپلۆماتكارێكی هیندستانی لەگەڵ شارەزایانی رووسی و چینی، ئەوا ئێران خۆی خستووەتە بازنەی دڵەڕاوكێ، ئەگەرچی ئەو وڵاتانە دژی كشانەوەی ئەمەریكا بوون لە رێككەوتنەكە و دژی توندتر كردنی سزاكان بوون لەسەر ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین ئێران ببێتە ئەندامێكی نوێی یانەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، چونكە باش لە لێكەوتنەكانی فراوانبوونی ئەو یانەیە تێدەگەن كە ئەگەر ئێران ببێتە ئەندام ئەوا رێخۆشكەر دەبێت بۆ وڵاتانی تر و بڵاوبوونەوەی زیاتر ئەتۆم.
 
 سیاسەتی هیندستان
ئەگەر هیندستان یەكێكە لەو وڵاتانەی لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیانی بەركەوتووە و ئەو وڵاتەی بێبەش كرد لە دەستكەوتنی نەوتی ئێرانی كە بە نرخێكی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ دەستی دەكەوێت و تێچووی گواستنەوەشی لەسەر كەمە بەهۆی نزیكی سنووری هەردوو وڵات، بەڵام هیندییەكان باش لەوە تێدەگەن كە ناتوانن ئاڵنگاری لەگەڵ ئەمەریكا بكەن، وەزیری نەوتی هیندستانیش ماوەیەك پێش ئێستە رای گەیاند كە وڵاتەكەی پلانێكی تۆكمەی هەیە لە كڕینی نەوتێكی زۆر لە هەناردەكارانی تر.

دیوەكەی تری نهێنی ئەو لێدوانەی وەزیری نەوتی ئێران ئەوەیە كە هیندستان زۆر دژی ئەوەیە ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆم، بەلای نیودەلهی هێڵی سوورە تاران چەكی ئەتۆمی هەبێت، رەنگە بەشێكی پەیوەندی بە پاكستان هەبێت كە ئەویش وڵاتێكی سیستەم ئیسلامییە.

دیپلۆماتكارێكی هیندستانی رای گەیاند كە وڵاتەكەی زۆر نیگەرانە ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆم، گوتی، "كاتێك ئەمەریكا بڕیاری هەڵگرتنی رێگەدان بۆ كڕینی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندنەوە، پێمان وابوو بڕیارێكی تاك لایەنەیە، بەڵام ئێستە ئەگەر ئێران دەست لە بەرنامەی ناوەكی هەڵگرێت ئەوا پشتگیرییەكان بۆ ئێران زۆر بە خێرایی دەبن، نەك تەنیا لەلایەن هیندستان بەڵكو لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی دنیا". زیاتر گوتی "لێدوانەكانی ئەمدواییەی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران مەترسییەكانی هیندستان كەم ناكەنەوە بەڵكو زیاتری دەكەن".

هەڵوێستی رووسیا
ئەگەرچی لە سەرەتادا مۆسكۆ لەسەر زاری ڤلادیمێر پوتین رای گەیاند كە هیچ گەرەنتییەكان لە ئەمەریكا وەرنەگرتووە كە هێرش ناكاتە سەر ئێران، هەروەها كشانەوەی ئێرانیان لە رێككەوتنەكە خستە ئەستۆی ئەمەریكا، بەڵام شارەزایانی رووسیا پێیان وایە هەڵوێستی كرملین زۆر ئاڵۆزە.
ئەو شارەزایە رووسە كە ئاگاداری پێشوەچوونەكانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەیە، قسەی بۆ "فۆرین پۆلیسی" كردووە بەو مەرجەی ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت، ئەو دەڵێت، حكوومەتی رووسیا هەمیشە گومانی هەبووە لە دووپات كردنەوەكانی ئێران كە تاران نایەوێت چەكی ئەتۆمی هەبێت.
"ئێران زانیاری ئەتۆمی هەیە، هەروەها مۆسكۆ هیچ دڵنیاییەكی یەكلا كەرەوەی لە تارانەوە بە دەست نەگەیشتووە كە چەكی ئەتۆم دروست ناكەن". شارەزا رووسییەكە وادەڵێ، ئەوەشی خستەڕوو، زۆر ئاساییە كە ئێرانییەكان هەر كات بیانەوێت لەو بەڵێنە پاشگەز ببنەوە و هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆم بدەن، ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا مۆسكۆ نامەیەكی توند و یەكلا كەرەوە ئاراستەی ئێران دەكات.

نیكولای كوزانۆڤ لێكۆڵەری سەرەكی لە پەیمانگەی ئابووری جیهانی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە مۆسكۆ دەڵێ، ئێستە رووسیا هەڕەشەكانی ئێران بە گرنگەوە وەرناگرێت، گوتی "رۆشنبیری سیاسی لە ئێران كە ئێستە سەرقاڵی هەڕەشە كردنی نا راستەوخۆیە هیچ كاریگەرییەكیان بەسەر دۆخەكە نییە".

پشتگیری چین تا كوێ بەردەوام دەبێت؟
چین یەكێكە لەو وڵاتانەی كە تا ئێستەش كێشەیەكی گەورەی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە لە پرسی رێككەوتنی بازرگانی ئازاد، یەكێكە لە هێزەكانی رۆژهەڵات كە ئێران پشتی پێ دەبەستێت وەك كڕیارێكی نەوت چ بە رێگەی فەرمی بێت یان لە بازاڕی رەش و بە شێوازی جۆراوجۆر.

چین كە لە سەرەتای بارگرژییەكە زۆر بە توندی پشتگیری لە ئێران دەكرد، چاوەڕوان ناكرێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەردەوام بێت بە تایبەت ئەگەر رێككەوتنی ناوەكی لەگەڵ ئێران شكست بهێنێت و تاران هەنگاوی تاك لایەنەی زیاتر هەڵگرێت بۆ دەستخستنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆم.

شین دینگ لی مامۆستای زانكۆی فودان لە شانگهای كە دەنگێكی ناسراوی چینییە و گوێی لێ دەگیردرێت، دەڵێ، چین لەسەر هەمان هێڵە لەگەڵ ئەمەریكا لە پرسی ئەوەی كە نایەوێت ئێران ببێتە وڵاتێكی خاوەن چەكی ئەتۆم، بەڵام لە ستراتیجیەتدا جیاوازییان هەیە.

ئەو بۆچوونەی چین رەنگە بۆ هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپاش راست بێت كە هەموویان بەیەكەوە پشتگیری لە رێككەوتنەكە دەكەن، بەڵام دڵنیان لەوەی ناتوانن هەموو شتێك بكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئێران بەرانبەر بە سزاكانی ئەمەریكا، چونكە هیچ كام لەو وڵاتانە نایانەوێت یاری بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان لەگەڵ واشنتن بكەن، بۆیە ئەوەی لە دەستیان دێت ئەوەیە كە گوشار بخەنەسەر ئێران تا پابەند بێت بە رێككەوتنەكە و پارێزگاری لە رێككەوتنەكە بكرێت، بەڵام پێ دەچێت ئێران بەو هەنگاوە مەرگی رێككەوتنەكەی نزیك كردبێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەریتانیاش پشتگیری خۆی بۆ ئەمەریكا راگەیاند.


وشە - فه‌رمان سادق