دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە شاسوار عەبدولواحید رادەگرێت و سەرچاوەیەكیش دەڵێت, دۆسیەیەكی تایبەت بۆ سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەكرێتەوە و لە لێكۆڵینەوەشدا تۆمەتەكان رەتكردووەتەوە.
پێنجشەمی هەفتەی رابردوو شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوەی چووە بەردەم دادگەی سلێمانی، دادوەری لێكۆڵینەوە فرمانی گرتنی بۆ دەركرد و تا ئێستە راگیراوە و "وشە" زانیاری نوێ لەسەر گرتنەكەی دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ شەموو ١٨ی ئایار, سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە دادگای سلێمانی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی راگەیاند, لێكۆڵینەوە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید كراوە و لەلایەن دادوەر راگیراوە تا ئەو كاتەی دادوەری لێكۆڵینەوە ئیشی پێی دەبێت لای ئاسایش دەمێنێتەوە و پارێزراو دەبێت، ئاسایشیش شوێنێكی خۆیان هەیە بۆ راگرتنی.
زیاتر گوتی, داواكاری گشتی چاودێری دۆسیەكە دەكات, لەكاتی لێكۆڵینەوەش شاسوار پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو دەستی لەو كارەدا نەبووە, بە ناڕاستی داناوە, لەو حاڵەتەشدا دادوەری لێكۆڵینەوە ئەو كەسانەی دانپێدانانیان كردووە لەسەر شاسوار دەبێت دۆسیەكەیان لەیەك جیا دەكاتەوە و ئەو كەسانە وەردەگرێت وەك شاهید كە دانپێدانانیان هەبووە لەسەر شاسوار بۆ ئەوەی بەڵگەی هەبێت لەسەری.
سەرچاوەكە روونی كردەوە، دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ شاسوار عەبدولواحیدی راگرتووە, بەپێی یاسا دەكرێت ئەو ماوەیە درێژ بكرێتەوە و دەكرێت پێش ئەو ماوەیە دادوەری لێكۆڵینەوە كارەكانی خۆی تەواو بكات و بە كەفالەت ئازادی بكات.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی