خۆبەخشە فڕەنسییەكانی ریزی یەپەگە دەبنە كێشە بۆ پاریس

:: PM:10:02:18/05/2019 ‌

لە میانەی جەنگی دژ بە رێكخراوی داعش لە سووریا دەیان چەكداری بیانی هاتنە ریزی هێزەكانی سووریای دیموكرات، بەتایبەتی لە كۆنە شەڕوان و چەپەكان، ئەوان هاوشانی ئەوانیان كرد بۆ جەنگی دژ بە داعش كە لە مانگی ئازاری رابردوو بە كۆنترۆڵكردنەوەی باغووز لە پارێزگای رەقە لە رووی سەربازییەوە كۆتایی بە رێكخراوەكە لە سووریا هات. 

لە ماوەی رابردوو حكوومەتی فڕەنسا لەبارەی داعشەكانی بەرەگەز فڕەنسی بڕیاری دا پێشوازی لەوان نەكات و لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوت بەوەی لە عێراق بمێننەوە و دادگایی بكرێن، ئێستەش پرسیاری ئەوە هاتووەتە ئاراوە بەوەی چارەنووسی دەیان چەكداری فڕەنسایی كە لە ریزەكانی پەیەدە و هەسەدەوە جەنگی داعشیان كردوە چی دەبێت دوای كۆتاهاتنی جەنگەكە، لەوكاتەی دەسەڵاتدارانی فڕەنسا نیگەرانن لە وەرگرتنی بڕیارێك لەبارەی گەڕانەوەیانەوە.

ژمارەی ئەو خۆبەخشە فڕەنسیانەی لە ریزی یەكینەكانی پاراستنی گەل كە زۆرینەی هەسەدە پێك دێنێت و ئەوان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لەدژی داعش پاڵپشتی دەكرێن، دەیان كەس دەبن و تەمەنی ئەوان ناگاتە 30 ساڵ و لە نێوانیاندا هەن كە دژ بە فاشیەت و شیوعین و هیتریش، وەك "فرانس پرێس" باسی دەكات.

سەرچاوەیەكی تەناهی ئاماژە دەكات كە ئەو خۆبەخشە فڕەنسیانە بوونەتە كێشەیەكی تەناهی بۆ دەسەڵاتدارانی فڕەنسا و دەڵێت، شتێكی خراپە كە كەسانێك جا سەر بە هەرچ لایەنێكن، ئەوان بگەڕێنەوە لەوكاتەی شارەزایی و زانیاری شەڕوانیان وەرگرتووە و پێویستە رێگری لە بڵاوكردنەوەی ئەو شارەزاییانە بكرێت كە بەدەستیان هێناوە.

دامیان كیلیر چالاكی سەندیكایی و پشێوخواز تەمەن 25 ساڵ دەڵێت، كەسانێك لە هەموو جۆرێكەوە لە رووداوەكان لە سووریا بەشداریان كرد، كەسانی پشێوخواز و شیوعی و سەربازانی پێشوو سەركێشەكان و ئەوانەشی رۆژانە چوار جار وێنەیان لەگەڵ چەكەكانیان دەگرت و لە فەیسبووك دایاندەنا و هەروەها شێتەكانیش. 

لای خۆیەوە جاكی فڕەنسی تەمەن 29 ساڵ خۆی ساز داوە بۆ جێهێشتنی سووریا و دەڵێت، من هەنگوانم و چەندان شانەی هەنگم هەیە و پێویستە گرنگیان پێ بدەم و ئێستە وەرزی ئەوەیە و دەگەڕێمەوە، بۆیە نیازی ئەوەشم نییە كاتی گەڕانەوەم بۆ فڕەنسا دەسەڵاتداران ئاگەدار بكەمەوە و دەڵێت، وا بزانم ئەوان خۆیان بەدوای مندا دەگەڕێن، لەو كاتەی ئەو پێشتر تەنیا بلێتی چوونی بۆ عێراق بڕیوە و باوەڕیشی وایە كە دەسەڵاتدارانی فڕەنسا لە نزیكەوە چاودێری دەكەن و بە كەسێكی مەترسیداری دەزانن بەهۆی رابردووەكەیەوە. 

لای خۆیەوە ییسانی تەمەن 23 ساڵ لە كۆتایی 2016 تا ناوەڕاستی 2018 چووەتە سووریا و ئێستەش هەر لەوێیە، بەوردی باسی كاتی چوونی ناكات و رەتی ئەوەش دەكاتەوە كە بیڵێت كەسی كوشتووە لەو ماوەیە یان نا، ئەو روونی دەكاتەوە كە گرنگ كاری سیاسی هاوبەشە نەوەك تۆماری سەربازی، ئەو باسی ئەوە دەكات چاوی بە چەندان كەسی فڕەنسی كەوتووە لە شەڕوانانی كۆن و توندڕۆكان لەوانەی هاتوون بۆ سووریا بۆ كوشتنی ریشدارەكان وەك خۆیان دەڵێن و ئاشكرای دەكەن كە ئەوان پێوەندیان بە دۆزی كوردەوە نییە، جیا لە كەسانی شەڕوانی شۆڕشگێڕ كە لە 2018ەوە ژمارەیان لە زیادبووندایە. 

ئەو گەنجە دووپاتی دەكاتەوە كە دەسەڵاتداران لە نزیكەوە چاودێری دۆسیەی خۆبەخشانی ئەو وڵاتە كە لە سووریان دەكەن لەوانەی سەر بە چەپی توندڕۆن، چونكە ئەوان زیاترین ئەوانەن كە دەكرێت كێشە بۆ دەسەڵات دروست بكەن و كەمترین هاریكاریشیان لەگەڵ پۆلیس هەیە، بۆیە ئەوان بە هاوشێوەی توندڕۆ جیهادییەكان و وەك كەسانێكی شكستخواردوو و رقهەڵگر و بێزاركار بۆ كۆمەڵگا سەیری ئێمە دەكەن.

ییسان سەركۆنەی ئەو چاودێرییە بەردەوامە و ئەو گوشارەی سەر خێزانەكانیان لەلایەن حكوومەتی فڕەنساوە دەكات و دەڵێت، هەواڵگریی فڕەنسا ترسی لەوە هەیە كە ئەوان ببنە هەڕەشە بۆ سەر چەند ئامانجێك لەناو فڕەنسا لەوەی بزاوێكی سیاسی دامەزرێنن، بۆ نموونە خۆرێكخستنەوەیان بە هاوشێوەی بزاوی هێڵەك زەردەكان مەترسی لای كۆشكی ئیلیزێ دروست دەكات. 

راستییەكەی سەرچاوە دادوەرییەكانی فڕەنسا دەڵێن ئەو پرسە پێوەستە بە سیاسەتی تاوانكاری كە بەشی نەهێشتنی تیرۆر لە دادگای گشتی پاریس پشتی پێ دەبەستێت و ئەویش یەكینەكانی پاراستنی گەل بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم نادات، هاوكات ئێستە هیچ لێكۆڵینەوەیەك لە دادگای گشتی لە پاریس بوونی نییە كە ئەو فڕەنسیانە بكاتە ئامانج كە بەمەبەستی جەنگ لەپاڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل چوونەتە سووریا لەدژی داعش، لەوكاتەی پارتی كرێكارانی كوردستان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە پۆلێن كراوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل