ئەندامێكی ئەنجوومەنی كەركووك: چەكدارانی داعش لە دەوروبەری حەویجە بە ئاشكرا هەن

:: PM:10:32:18/05/2019 ‌


ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رای دەگەیەنێت كە كاتی خۆی هێزە عێراقییەكان هێندەی پەلەیان بوو پێشمەرگە لە كەركووك و ناو شارەكە نەمێنێت، ئەوەندە پەلەیان نەبوو داعش لە حەویجە بنبڕ بكەن كە ئێستە بوونەتە هەڕەشەی مەترسیدار لەسەر دۆخی تەناهی شارەكە.


جوان زەنگەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، داعش لە گوندەكانی سەر بە شارۆكەی حەویجە و شارەدێكانی رەشاد و ریاز چالاك بووەتەوە و دەستی بە چالاكییە تیرۆرستییەكانی كردووەتەوە.


زیاتر گوتی، ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆكەی حەویجە زۆر هەڵە بوو، چونكە ئێمە داوامان كرد پێش مووسڵ حەویجە كۆنتڕۆڵ بكرێت كە كۆنتڕۆڵكردنەوەكەش گوندەكانی نەگرتەوە و تەنیا رێگە سەرەكییەكانی گرتەوە.


زەنگەنە ئاماژەی كرد، هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی ئەوەندەی پەلەی ئەوەیان بوو هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك بچنە دەرەوە، ئەوەندە كاریان بەسەر پاككردنەوەی ناوچەكانی حەویجە و ریاز و رەشاد  دووبز نەبوو.


ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك روونی كردەوە، ئەمەش وای كرد كە شانە نووستووەكانی رێكخراوی داعش لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستیان بوو، دەست بە جموجۆڵ و كردەی تیرۆریستی بكەنەوە و ئێستەش بوونەتە مەترسی لەسەر كەركووك و ئاسایشی ناوچەكە.


زەنگەنە دووپاتی كردەوە، داعش بە ئاشكرا لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی بوون لە كەركووك چالاكی تیرۆرستی ئەنجام دەدات كە پێشتر بە ئاشكرا لە ناوچەی حەمرین مۆڵگەیان هەبوو، بەڵام هێزە عێراقییەكان هیچ هێرشێكیان نەكردە سەریان.


سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل