ئەمینداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان رایدەگەیەنێت كە كەمئەندامانی سەنگەر لەوانەی لە پشكنین دەرناچنەوە، دەكرێن بە خانەنیشنی ئاسایی و مووچەكانیان كەم دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان بەشی زۆری ئەو كەمئەندامانەی سەنگەر كە پێشتر بە كەمئەندام نووسراون لەكاتی پشكنینەوەی لیژنەی تایبەت دەرناچنەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە چارەنووسیان دیاری دەكات و زانیاری زیاتر لەبارەیانەوە دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ شەموو ١٨ی ئایار, فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند, كەمئەندامانی سەنگەر دراونەتەوە بە لیژنە و بەپێی ئەو مەرج و رێنوێنیانەی كە دانراون, كەمئەندامی سەنگەر دەبێت لە سەنگەر بریندار بووبێت نەك نەخۆشی و شتی تر.
زیاتر گوتی, ئەو كەمئەندامانەی پێشتر بە ناوی كەمئەندامی سەنگەر نووسراون, لەلایەن لیژنەكەوە پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەوانەیان دەرناچن لە لیژنەكە لە كەمئەندامبوون دەردەكرێن و دەكرێنەوە بە خانەنشینی ئاسایی.
یاوەر روونی كردەوە، هەر كەمئەندامێك لە لیژنەكە دەرنەچێتەوە و دەبێتەوە بە خانەنشینی ئاسایی و مووچە و ئیمتیازاتیان كەم دەبێتەوە، چونكە ئێستە كەمئەندامی سەنگەر مووچەی زیاترە و دەبێت خانەنشین لە كەمئەندامی سەنگەر مووچەی كەمتر بێت.
ئەمینداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگە زیاتر گوتی, لە هەرێمی كوردستان نۆ هەزار كەمئەندامی سەنگەر نووسراون و مووچە وەردەگرن، بەڵام بەو پێیە كە دەدرێنەوە بە لیژنە بۆ نیوە كەم دەكرێنەوە، چونكە بەشێك لەوانە لە سەنگەر كەمئەندام نەبوون.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی