سه‌رۆكی توركیا ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، كڕینی سیسته‌می مووشه‌كیی به‌رگری ئێس 400 پاشه‌كشه‌ی نییه و له‌گه‌ڵ ڕووسیا گه‌یشتوونه‌ته بڕیاری كۆتایی و وڵاته‌كه‌شی به‌شدار ده‌بێت له به‌رهه‌مهیَِنانی ئێس 500.
ئێواره‌ی دوێنێ شه‌موو، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، له گوتارێكی بانگه‌شه‌دا بۆ خوێندكارانی زانكۆكانی ئیستانبووڵ، گوتی: ئه‌و توێژینه‌وه ته‌كنیكیانه‌ی توركیا كردوویه‌تی، ئاشكرای ده‌كات ئاساییه هه‌م سیسته‌می مووشه‌كیی به‌رگری ئێس 400ی ڕووسی و هه‌م سیسته‌می ئێف 35ی ئه‌مه‌ریكیمان هه‌بێت و توركیا ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی فڕۆكه‌ی ئێف 35ی ده‌ست ده‌كه‌وێ.
پێشتر به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكی ڕایان گه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر توركیا سیسه‌ته‌می مووشه‌كیی به‌رگری ئێس 400 بكڕێ، ئه‌وا ناتوانێ ئێف 35ی ئه‌مه‌ریكیشی هه‌بێ، چونكه له ڕووی ته‌كنیكیشه‌وه ناگونجێ.
ئه‌ردۆغان به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، له گوتاره‌كه‌یدا ئاشكرای كرد، وڵاته‌كه‌ی له داهاتوودا به‌شێك ده‌بێت له به‌رهه‌مهێنانی ئێس 500 كه پێشكه‌وتووترین سیسته‌می مووشه‌كیی به‌رگریی ڕووسیایه، به‌ڵام هیچ ورده‌كارییه‌كی له‌و باره‌یه‌وه ئاشكرا نه‌كرد.