لە دوو ناوچەی تر ئاگر بەردرایە دەغڵودانی هاووڵاتییانی كورد

:: AM:10:11:19/05/2019 ‌

لە كەركووك سووتاندنی زەوی و داگیركردنی گوند بە پاڵپشتی میلیشیا عێراقییەكان بەردەوامە و شەوی رابردوو كۆمەڵێك زەوی و دەغڵودانی هاووڵاتییان لە قەرەدەرە و مەنسوور سووتێنران.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار سەرچاوەیەك لە رۆژئاوای كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو كۆمەڵێك چەكدار هەڵیان كوتاوەتە سەر گوندەكانی قەرەدەرە لە سنووری شارۆكەی دووبز و گوندی مەنسوور لە سنووری داقووق.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو چەكدارانە عەرەبن و لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانی عێراقەوە رێیان پێ دراوە و شەوی رابردوو سەعات یەكی نیوەشەو، لە هەردوو گوندی قەرەدەرە و مەنسوور گڕیان لە بەرهەمی گەنم و جۆی جووتیارانی كورد بەردا.

"چەكدارەكان گڕیان لەو زەوییانە بەرداوە كە هاووڵاتییان گەنم و جۆیان لێ چاندووە و هێشتا دروێنە نەكردووە، ئەو پەلاماردان و ترس و دڵەڕاوكێیەش بۆ ئەوەیە كوردانی ئەو ناوچەیە ماڵ و زێدی خۆیان چۆڵ بكەن و لە جێیان عەرەبی هاوردە دابنێن". سەرچاوەكە وای گوت.

هەفتەی رابردووش كۆمەڵێك میلیشیای عێراقی هەڵیانكوتایە سەر گوندی پەلكانە و ویستیان بەزۆر گوندەكە بە هاووڵاتییان چۆڵ بكەن، بەڵام دوای بەرگری دانیشتووانی گوندەكە پلانەكەیان سەری نەگرت، ئەو چەكدارە عەرەبانە نیازیان بوو كۆمەڵێك عەرەبی هاوردە بخەنە جێی ئەو هاووڵاتییە كوردانە و هاوشێوەی رژێمی پێشوو ناوچە كوردستانییەكان تەعریب بكەن.

شەوی هەینی رابردوو هاوشێوەی ئەو رووداوانەی قەرەدەرە و مەنسوور لە خانەقین دەغڵودانی هاووڵاتییانی كورد سووتێندرا و لە بەشێكیش لە ناوچە كوردستانییەكان عەرەب بەرهەمی جووتیارانی كوردیان دروێنە كردووە و پووش و پاوانەكەیان سووتاندوون.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە بە پلانی پێشوەختە ئامادە كرابوو، پێشمەرگە لەو ناوچانە نەمان و بەشێكی هەرە زۆری هاووڵاتییانی كورد بەتایبەت لە سنووری كەركووك زێدی خۆیان بە ناچاری جێهێشت و ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون، ئەو بەشە كوردەی لە ناوچە و زێدی خۆیان ماونەتەوە، پاڵەپەستۆیەكی زۆریان بە ترساندن و هەڕەشە لێكردن خراوەتە سەر بۆ ئەوەی ماڵوحاڵیان جێ بهێڵن و ناوچەكانیان چۆڵ بكەن.




وشە - هیدایه‌ت جان