كاسبكارانی شێخەڵا لە بەردەم قایمقامیەتی هەولێر كۆ بوونەوە

:: AM:11:47:19/05/2019 ‌

 


دەستگێڕ و كاسبكارانی بازاڕی شیخەڵا  بۆ وەرگرتنەوەی عارەبانەكانیان، لە بەردەم قایمقامی هەولێر کۆ بوونەوە و داوا دەكەن سەرچاوەی بژێوییەكانیان پێ بدرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار، بەشێك لە دەستگێڕ و كاسبكارانی بازڕی شێخەڵای هەولێر لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامیەت کۆ بوونەوە، ئەو كاسبكارانە داوا دەكەن حكوومەت رێ لە كاركردنیان نەگرێت و دەڵێن دەستگێڕی تاكە سەرچاوەی بژێوییانە.

ئەحمەد مەحموود نوێنەری بەشێك لە خاوەن عارەبانە و دەستگێڕەكانی بازاڕی شیخەڵا رای گەیاند، ئێمە وەك بەشێك لە خاوەن عارەبانەكانی ناو بازاڕ كە ژمارەمان نزیكەی 400 كەسە، لەلایەن قایمقامیەتەوە عارەبانەكانمان وەرگیراوە و بەو هۆیەوە چەند رۆژە ناتوانین رۆژانەی ماڵ و منداڵمان دابین بكەین.

دووپاتی لەوەش كردەوە، قایمقام داوای لێ كردووین لە لیستێكدا ناو و ژمارە تەلەفۆنی سەرجەم ئەو كاسبكارانەیان پێ بدەین بۆ ئەوەی بتوانن رێكخستێكمان بۆ بكەن بۆ كاركردن لەناو شێخەڵادا.

چەند رۆژێك پێش ئێستە بە فەرمانی قایمقامییەتی هەولێر دەست بەسەر كۆمەڵێك عارەبانەی كاسبكارانی شێخەڵا گیرا، ئەو عارەبانانە زێدەڕۆییان كردبوو و قایمقامی هەولێر زانیاری ئەوەیان پێ گەیشتبوو كە شوێنی عارەبانەكان لەلایەن خەڵكەوە كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت.

هەولێر / زریان تەها


 





وشە - هیدایه‌ت جان