لە رووداوێكدا 34 چەكداری حەشدی شەعبی بوونە قوربانی

:: PM:01:04:19/05/2019 ‌

پاسیکی گواستنەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە باقوبە وەرگەڕا و بەهۆیەوە 34 چەکدار کوژران و بریندار بوون و سەرچاوەیەکیش لە نەخۆشخانەی دیالە دەڵێ، بەشێک لە بریندارەکان برینەکانیان قورسە.

ئەمڕۆ یەکشەم 19ی ئایار، عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری پۆلیسی دیالە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ پاسێگی گەورەی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە رێگەی باقوبە بۆ شارەدێی مەندەلی لە نزیك شارۆكەی بەلەدروز وەرگەڕا.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر روونی دەکاتەوە، بەو هۆیەوە شەش چەكداری لیوای 20ی حەشدی شەعبی کوژراون و 28ی تریش بریندار بوون.

ئەفسەری هەواڵگری پۆلیسی دیالە دەڵێ، دەستبەجێ بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی گشتی بەلەدروز و هۆی وەرگەڕانی پاسەکەیش جاری نادیارە تا ئەوکاتەی لیکۆڵینەوە لە سوێنی رووداوەکە تەواو نەبێت هیچ زانیارییەکی درووست بەردەست نییە.

سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی بەلەدروزی ئاشكرای كرد، شەش لە چەکداران لەکاتی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و ئەو بریندارانەی هێنراون بۆ نەخۆشخانە برینەکانیان قورسە و ئەگەر هەیە ژمارەی کوژراوانی رووداوەکە بەرز ببێتەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان