ناوی کاندیدانی سەرۆکی هەرێم ئاشکرا بوو

:: PM:01:27:19/05/2019 ‌

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناوی کاندیدانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد و دەڵێ، ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە پێنج کەسن کە مەرجە یاساییەکان دەیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەم 19ی ئایار سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ناوی پینج کاندیدەکەی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد کە بڕیارە لە پەرلەمان دەنگیان پێ بدرێت.

لە راگەیەندراوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا هاتووە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپیی بڕگەی سێی مادەی چوار لە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستووری ژمارە یەکی ساڵی 2019ناوی ئەو پاڵێوراوانەی مەرجی یاساییان تێدایە و خۆیان پاڵاوتبوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان رادەگەیەنێت.

راگەیەندراوەکە کە واژووی د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا نەبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی لەسەرە و ناوی پینج کاندیدەکەی بەو شێوەیە ئاشکرا کردووە.

1- نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی

2- ئومێد عەبدولسەلام قادر

3- محەمەد حەمەساڵح عومەر

4- رێبوار عەزیز مستەفا

5- هیوا عەبدوڵا خدر

بەپێی لیدوانی پەرلەمانتاران، بریارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت و بەپیی ریککەوتنی سێ لایەنی سەرەکی پەرلەمان نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی و یەکیتی و گۆڕانە و چاوەڕوان دەکریت زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەست بهێنێت.





وشە - هیدایه‌ت جان