باڵەكایەتی ... دوو شاخەوان لە مردن رزگار كران

:: PM:01:59:19/05/2019 ‌

درەنگانی شەوی رابردوو، تیمەكانی بەرگری شارستانی سۆران توانییان ئەندامانی گرووپێكی شاخەوانی لە مردن رزگار بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار عەمید عیماد رێكانی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران لە لێدوانێكیدا بە "وشە"ی راگەیاند، شەوی رابردوو گرووپێكی شاخەوانی كە پێكهاتبوون لە حەوت ژن و پیاو، دوو لە شاخەوانەكان بە ناوی یاسر سەمیر كە خەلكی مووسڵە و سەڵاحەدین سەڵاح دانیشتووی هەولێر،  لە چیایی هەڵگورد بەهۆی ناشارەزاییان لە گرووپەكە دادەبڕێن و ون بوون .

بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، شاخەوانەكان بەهۆی هەبوونی مین و تەقەمەنی و نیشانە و هێماكانی مین كە لە ناوچەكە هەڵواسرابوون، نەیانتوانیوە لە شوێنێ خۆیان بجووڵێن و لەبەر باران و سەرما وەستابوون  . 

زیاتر روونی دەكاتەوە، دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە دەستبەجێ تیمێكی هاوبەش لە بەرگری شارستانی حاجی ئومەران و بنكەی بەرگری شارستانی چۆمان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، بە یاوەری هاووڵاتییەكی گوندێ مەران و كارمەندێكی هاتوچۆی چۆمان كە شارەزا بوون لە رێیەكە گەیشتنە شوێنیان، خۆشبەختانە توانرا سەعات 12ی شەو هەردوو شاخەوانەكە رزگار بكەن و راستەوخۆ گەیەنرانە نەخۆشخانەی چۆمان و چارەسەری پێویستیان بۆ كرا .

چۆمان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، رێژەیەكی زۆری ناوچە گەشتیاری و كوێستان و چیاكانی دەڤەری باڵەكایەتی تا ئێستەشی لەگەڵ بێت مین و تەقەمەنی سەردەمی رژێمی بەعسی لێ ماوە و نەتوانراوە پاك بكرێتەوە، ساڵانە بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی سڤیل و رەوەند و كۆچەرییەكان دەبنە قوربانی .

چۆمان/ موڕشید برادۆستی









وشە - هیدایه‌ت جان