لە كۆبوونەوەیەكی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ستیڤ ڤاگن كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، كار و چالاكییەكانی كونسوڵخانەی ئەمەریكا و پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تاوتوێ كرا.
بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوە چوو، باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پوختەیەكی دەربارەی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێشكەش كرد.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و باشتربوونیان و چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێی گفتوگۆ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە خرانە بەرباس.
هاوكات تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە، دۆخی ئێستەی مووسڵ و دەوروبەری و ناوچە كێشە لەسەرەكان و هەنگاوەكانی قۆناغی دوای داعش لە بنبڕكردنی بیری توندڕەوی و ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەیان بە هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر و هاوپەیمانان و زەمینەسازیی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، لایەنێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.