ئۆفەرەكانی جەژن دڵی ژنان خۆش دەكەن

:: PM:03:25:19/05/2019 ‌


لەگەڵ نزیكبوونەوە لە دواین ڕۆژەكانی مانگی ڕەمەزان، ئامادەكارییەكان بۆ جەژن دەست پێ دەكەن، ئامادەكارییەكانیش لە جوانكارییەوە لە ژنان دەست پێ دەكات، بۆیە سەنتەرەكانی جوانكاری و ئارایشتگاكان و تەنانەت پزیشكانی جوانكاریش ئۆفەری تایبەت بە جەژن دادەنێن تا زۆرترین ژن ڕوویان تێبكات و سوودمەندبن.

كنتوری جەستە و دەرهێنانی چەوری لە پشت و ورگ و ڕان و نەشتەرگەری گەورەكردن و بچووككردنەوەی مەمك و پێڵووی چاو، نەشتەرگەری جوانكاری لووت و لێو، ئەمانە ئەو جوانكارییە سەردەمییانەن كە ئێستە لە زۆربەی نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی جوانكاریدا لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانكارییەوە دەكرێن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی هەولێری وەرگرتووە، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیكەی 100 نەشتەرگەری جوانكاری ئەنجام دراوە كە زۆربەیان نەشتەرگەری جوانكاری لووت بوون، جگە لە بۆتۆكس و فیلەر كە ڕۆژانە ژمارەی ئەوانەی فیلەر و بۆتۆكس دەكەن لە بەشی جوانكاری ئەو نەخۆشخانەیەدا دەگاتە زیاتر لە 20 كەس.

سارا عوسمان یەكێكە لەو كچانەی نەشتەرگەری جوانكاری بۆ لووتی كردووە، دەڵێت دەمەوێ بۆ جەژن زۆر جوانتربم، هەرچەند ئازاری نەتەرگەرییەكە هێندە زۆرە رۆحیشت دەربچێت هەر هێندە ئازاری دەبێت، بەڵام گرنگ ئەنجامەكەیە كە جوان دەبیت و شێوەی ڕوخسارت دەگۆڕێت و وەك ئەوە وایە دەست بە ژیانێكی نوێ بكەی.

ئەسمەر عادل یەكێكی ترە لە ژنانەی ماوەی دوو هەفتەیە نەشتەرگەری جوانكاری كردووە، دەڵێت  كنتوری جەستەم كردووە، واتا ڕیكخستنی شێوازی جەستە بە شیوازێكی جوان و نەهێشتنی چەوری لە پشت و ورگ و دەرهێنانی دواتر بەكارهێنانی بۆ ئەو شوێنانەی تری جەستە كە پێویستییان پێیەتی، ئەو دەڵێت لەدوای نەشتەرگەرییەكە ئازارێكی زۆری هەیە، بەڵام دڵی بەوە خۆشە توانیویەتی ببێتە خاوەن لەشولارێكی ڕێك و سەرنجڕاكێش.

لە سەنتەرەكانی جوانكاریدا ئۆفەری تایبەت بە هەریەك لە "لێزەر، خێتی ئاڵتوونی، بۆتۆكس، فیلەر ، هایفۆ، پاكردنەوەی ڕووخسار، توندكردنەوەی دەموچاو چەندان جۆری تری جوانكاری .." دەدرێت بە ژنان، چونكە ژنان هەمیشە هەوڵ دەدەن لە جەژن و بۆنە تایبەتەكاندا جیاوزتر دەربكەون و گۆڕانكاری لە ڕووخسار و جەستەیان بكەن.

هاوژین عەبدوڵا سەرپەرشتیاری یەكێك لە سەنتەرەكانی جوانكاری لە هەولێر لەبارەی ئۆفەرە تایبەتەكان بۆ جەژن گوتی، لە سەرەتای رەمەزانەوە دەست دەكەین بە ئامادەكارییەكان و ئۆفەری تایبەت دادەنێین بۆ هەریەك لە شیوازەكانی جوانكاری و پاكێجی تایبەت دروست دەكەین، بەجۆرێك كار لە پاكێجەكەدا دەكرێت كە هەم ژنان سوودی لێ ببینن هەم ئێمەش وەك سەنتەر، بۆ نموونە ئۆفەر دەدەین لێزەری هەموو جەستە بە 100$ لەكاتێكدا ئەوە پێش ڕەمەزان بە 300$ بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەدوای جەژن بووك گواستنەوە زۆرە، بۆیە بەم شێوەیە سوودی دوو لایەنی هەیە بۆ پاككردنەوی دەموچاو و دانانی نینۆك و بۆیەكردنی قژ و هەموو جۆرەكانی تریش بەم شێوەیە.

ئەوانەی پێش مانگی ڕەمەزان مارە كراون یان لە رەمەزاندا مارە دەكرێن و دوای جەژن دەگوازرێنەوە، مانگی ڕەمەزان بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی بتوانن ئامادەكارییەكانی بووكێنی بكەن و دڵخۆشن بە ئۆفەرە جیاوازەكان و بە كارئاسانییەكی گرنگ و باشی دەزانن و دەڵێن ئەو ئۆفەرانە لەڕووی مادییەوە هاوكارییان دەكات، چونكە لەكاتی گواستنەوەدا خەرجییەكی زۆریان دەكەوێتە سەر شان.

دنیا ڕەسووڵ ماوەی مانگێكە مارە كراوە و دەڵێ، دوای جەژن ئاهەنگی گواستنەوە دەگێڕێت، ئەو دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە و دەڵێت نرخەكان ئێستە لەچاو پێش ڕەمەزاندا زۆر باشترن و بەتایبەت كە ئۆفەری تایبەت بە بووك دانراوە، چونكە لەكاتی گواستنەوەدا تێچوویەكی زۆری دەوێت لە گۆڕینی ڕەنگی قژ و مەساجی دەموچاو و نینۆك چاكردن و لێزەر، دواتریش تەنیا بۆ تەسریحە و مكیاج نزیكەی 500$ دەوێت، بۆیە ئەو ئۆفەرانە هاوكارییەكی باشە.

ئۆفەرەكان لە مانگی ڕەمەزانەوە دەست پێ دەكەن و بەناوی ئۆفەری جەژن دەدرێن بە ژنان، ئەم ئۆفەرانە تا دوای جەژن بەردەوام دەبن، سەنتەرەكان لە رێی تۆڕی كۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیانەوە ئۆفەرەكانیان بڵاو دەكەنەوە لەڕێی نیشاندانی گۆڕانكارییەكانی پێش و دوای ئەنجدانی جوانكارییەكە دەیانەوێ سەرنجی زیاتری ژنان ڕابكێشن.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان

 



وشە - هیدایه‌ت جان