بەم شێوەیە ئەو زیانانە كەم بكەوە كە بەر قژ دەكەون

:: PM:03:33:19/05/2019 ‌

قژ بەشێوەیەكی ئاسان تووشی زیان دەبێت بەهۆی گۆڕینی كەشوهەواو زۆر خۆدانەبەر تیشكی خۆر و بەكارهێنانی ئامێرەكان و رەنگكردنی قژ، هەموو ئەمانە زیان بە قژ دەگەیەنن،  كاتێك قژ تووشی زیان دەبێت زیاتر هەڵدەوەرێت یان تەنك و زبر دەبێتەوە، ئەمەش وادەكات قژ بەردەوام ناتەندروست دیار بێت، بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان  زۆر بەرهەمی سروشتی و پێكهاتەی خۆراكی هەن كە زیانەكانی قژ كەم دەكەنەوە و یارمەتی باشتركردنی تەندروستی قژ دەدەن. ئەمان  هەندێكن لەو پێكهاتانەی كە تەندروستی قژ باشتر دەكەن.

یەكەم: ئاڤۆگادۆ، هەڵوەرینی قژ یەكێكە لە گرفتە باوەكان بەتایبەتی لەكاتی خۆشتندا یان داهێنانی قژ، بەڵام بەكارهێنانی ئاڤۆگادۆ بەهۆی ئەو پێكهاتە گرنگانەی كە تێیدایە یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات، باشتر وایە لەگەڵ كەوچكێك زەیتی گوێز هیند و دوو كەوچك هەنگوین تێكەڵ بكرێت تا دەبێت بە گیراوەیەكی باش و پاشان بۆ ماوەی 45 خولەك وەك ماسكێك بۆ قژت بەكاری بهێنە و دواتر بەئاوی گەرم بیشۆ باشتر وایە هەفتەی سێ‌ جار بەكار بهێنرێت تا هەست بە باشتركردنی قژت دەكەیت.

دووەم: بەكارهێنانی گوڵە هێرۆ، گوڵێكی قەد درێژی رەنگاوڕەنگە زۆر كات بەشێوە سروشتی لە ناوچە شاخاوییەكاندا هەیە هەروەها بەشێوەیەكی سروشتی یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات ئەگەر بتەوێت قژت بەهێز بكەیت، ئەوە باشتر وایە ئەم گوڵە بەكار بهێنرێت. گەڵای ئەم رووەكە دەتوانرێت بەكار بهێنرێت بۆ  شووشتنی قژ. هەروەها چەوری پێستی سەر كەم دەكاتەوە و وادەكات قژ بەشێوەیەكی خێراتر گەشە بكات.

سێیەم: ئالۆڤێرا، چارەسەرێكی ترشی تر بۆ خێراكردنی گەشەكردنی قژ بەكارهێنانی ئالۆڤێرایە. كە تەندروستی قژ باشتر دەكات و بڕێكی زۆر ڤیتامین ئەی، سی، ترشی فۆلیك، ترشی ئەمینی كە یارمەتی گەشەكردنی قژ دەدات و رێ لە دروستبوونی توێكڵی سەر دەگرێت، هەروەها چەوری پێستی سەر كەم دەكاتەوە.

چوارەم: سركە، بەكارهێنانی خەلی سپی یان سركەی سێو دەتوانرێت بۆ هاوسەنگكردنی  پیئیچی پێستی سەر بەكار بهێنرێت یارمەتی بەهێزكردنی قژ دەدات و گەشەكردنی خێرا دەكات. دەتوانرێت دوو كەوچك سركە لەگەڵ كووپێك ئاو تێكەڵ بكرێت پاشان بۆ قژت بەكاری بهێنە و دواتر بە ئاو شامپۆ و نەرمكەرەوەیەكی سووك قژت بشۆ. بەم شێوەیە یارمەتی بەهێزبوونی قژ دەدات و زیانەكان كەم دەكاتەوە.
 



وشە - ئاوات ئازاد