له كاتێكدا ململانێیه‌كى ئاشكرا له نێوان ئیسرائیل و ئێران هه‌یه و هیچ یه‌كێك له‌م دوو وڵاته دوژمنایه‌تى خۆى بۆ ئه‌ویتر ناشارێته‌وه، كه‌چى سه‌رچاوه‌كان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه ئیسرائیل سڵ له‌وه ده‌كاته‌وه، بكه‌وێته ناو ململانێكه‌وه و ئه‌گه‌ریش بۆ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا له ململانێكه به‌شدار بێت، ئه‌وا به‌شدارییه‌كه‌ى سنووردار ده‌بێت و سه‌ربازى نابێ.
ئیسرائیل و ئێران چڵ ساڵه دژایه‌تى یه‌كتر ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له بوارى راگه‌یاندن و سیاسه‌تیش ئه‌م دژایه‌تییه ناشارنه‌وه، بۆیه له‌گه‌ڵ ئاستى هه‌ڵكشانى گرژییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى نێوان ئێران و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، به‌ر له هه‌موو لایه‌نێك ئه‌و وڵاته‌ى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بێ هیچ دوودڵییه‌ك پشتگیرى ئه‌مه‌ریكا بكات و دژى ئێران بوه‌ستێته‌وه، ئه‌وا ئیسرائیل ده‌بێت.
چه‌ند هۆكارێكیش هه‌یه كه چاودێرانى سیاسى وا بیر بكه‌نه‌وه، یه‌كێك له‌وان پێوه‌ندى به‌هێزى نێوان ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكایه، به تایبه‌تى له سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپدا كه خزمه‌تێكى زۆرى ئیسرائیلى كردووه به تایبه‌تى كاتێك قودسى وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل ناساند و ددانى به ده‌سه‌ڵاتى ئیسرائیل نا له هه‌رێمى جۆلانى سووریا.
جگه له‌وه‌یش ئیسرائیل هه‌میشه ئێران به هه‌ڕه‌شه ده‌زانێ و به‌رپرسانى ئیسرائیل به راشكاوى دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر كاتێك هه‌ست به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه بكه‌ن، ئه‌وان سڵ له لێدانى ئێران ناكه‌نه‌وه. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه گه‌وره‌تر ده‌بێت كاتێك ده‌زانرێ هه‌ر یه‌كه له رژێمى ئه‌سه‌د و حزبوڵاى لبنانى نزیكترین هاوپه‌یمانه‌كانى ئێرانن.
هۆكارى سێیه‌میش ئه‌وه‌یه، ره‌نگه ئه‌مه‌ریكا بخوازێ ئیسرائیل له ململانێكه به‌شدار بێت بۆ ئه‌وه‌ى سوود له تواناى هه‌واڵگرى و سه‌ربازى ئیسرائیل ببینێت.
بۆیه له‌م بارودۆخه‌دا وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئیسرائیل لێدانى ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌كه‌نداو بقۆزێته‌وه. كه‌چى راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان ئه‌وانه‌ى له ئیسرائیل و له میدیاى رۆژئاوا بڵاوده‌كرێنه‌وه، به پێچه‌وانه‌ى ئه‌م پێشبینییه ده‌رى ده‌خه‌ن كه ئیسرائیل نایه‌وێ بچێته ململانێكه‌وه.
ماڵپه‌ڕى
ئیره‌م نیوزى ئیماراتى ئه‌مڕۆ راپۆرتێكی له‌بارەی ئه‌گه‌رى به‌شداربوونى ئیسرائیل له ململانێى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا تاوتوێى گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كات، تا چه‌ند ئیسرائیل له ململانێكه به‌شدار ده‌بێت. ئیره‌م نیوز ئاماژه‌ى بۆ چه‌ند زانیارییه‌ك كردووه كه پێشتر له رۆژنامه‌ى ئیسرائیل توده‌ى و رۆژنامه‌ى ئیندپێندنتى به‌ریتانى بڵاوكراونه‌ته‌وه.
یه‌كێك له زانیارییه‌كان ئه‌وه‌یه له سه‌روبه‌ندى توندبوونى ململانێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا شاندێكى هه‌واڵگرى ئیسرائیل سه‌ردانى واشنتنیان كردووه، رۆژنامه‌ى ئیسرائیل توده‌ى گوتوویه‌تى په‌یامى ئه‌و شانده ئه‌وه بووه ئیسرائیل خۆى ناخاته نێو گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران.
هه‌مان زانیاریش له رۆژنامه‌ى ئیندپێندنتى به‌ریتانى بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌و رۆژنامه به‌ریتانییه ده‌ڵێ شانده‌كه‌ى هه‌واڵگرى ئیسرائیل له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا باسیان له میكانیزمى هاوئاهه‌نگى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل كردووه، جگه له‌مه‌یش به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان به ئه‌مه‌ریكا داوه ئه‌وان نابنه به‌شێك له گرژییه‌كان.
ئیندپێندینتى به‌ریتانى ده‌ڵێ شانده‌كه له به‌رپرسانى گه‌وره‌ى هه‌واڵگرى سه‌ربازى و مووساد پێكهاتبوون، ئامانجیان ئه‌وه بوو، تاوتوێى ته‌نگژه‌كه بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى بزانن وڵاته‌كه‌یان له كاتى ته‌نگژه‌كه چۆن هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و چۆن رووبه‌ڕووى ته‌نگژه‌كه ده‌بێته‌وه.
له‌به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كرێت به‌رپرسانى ئیسرائیل پێیانوایه ئه‌وان ته‌نیا له یه‌ك حاڵه‌تدا به‌شدارى شه‌ڕى نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران ده‌کەن، ئه‌ویش ئه‌و كاته‌یه كه هێرش بكرێته سه‌ر ئیسرائیل. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان به‌دوورى ده‌زانن ئیسرائیل راسته‌وخۆ بكه‌وێته ژێر هێرشه‌كانى ئێران، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت هاوپه‌یمانه‌كانى ئێران له لبنان و جۆلانه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر ئیسرائیل.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ر ئیسرائیل به‌شدارى له شه‌ڕه‌كه بكات ئه‌وا به‌شدارییه‌كه سنووردار ده‌بێت و ته‌نیا له بوارى هه‌واڵگریى ده‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یش رۆژنامه‌ى ئیندپێندینتى به‌ریتانى ده‌ڵێ، ته‌نانه‌ت له‌كاتى سه‌ردانى شانده‌كه‌ى هه‌واڵگرى بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌ندێك زانیارى هه‌ستیار به به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا دراوه.
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بۆچوونانه‌یش هه‌ندێك له چاودێرانى ئیسرائیل پێیانوایه ئیسرائیل له ئێسته‌وه به‌شێك بووه له ته‌نگژه‌كه، ئه‌وان هێرشه‌كانى ئه‌و دواییه‌ی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیلیان كردۆته به‌ڵگه و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر گڵۆپى سه‌وز له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه دانه‌گیرسابێ ئه‌وا ئیسرائیل به‌و شێوه‌یه هێرش ناكات.