حزبی شیوعیی كوردستان له دوای هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ر له هه‌ر هێزێكی تر بڕیاری دا له حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ببێت به ئۆپۆزسیۆن. دكتۆر كاوه مه‌حموود سكرتێری حزبه‌كه له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه "ئۆپۆزسیۆنێكی پۆپۆلیست نابن و یان ئه‌و جۆره ئۆپۆزسیۆنه نابن هه‌رچی حكوومه‌ت پێشنیاری بكات به چاك و خراپ ره‌تی بكه‌نه‌وه".
بۆچی بوون به ئۆپۆزسیۆن له‌كاتێكدا له كابینه‌ی پێشوو ئۆپۆزسیۆن نه‌بوون؟
ڕاسته ئێمه له حكوومه‌تی رابردوو له حكوومه‌ت نه‌بووین، به‌ڵام ده‌نگمان به حكوومه‌ت دا، ئێسته گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌و سیستمه ئابوورییه‌ی لایه‌نه‌كان دایانڕشتووه له‌گه‌ڵ سیستمی ئابووری ئێمه ناگونجێت، بۆیه ئۆپۆزسیۆنێكی چه‌پی دیموكرات ده‌بین.
واتا ئێمه شوناسی خۆمان له ئۆپۆزسیۆنبوون راگه‌یاند، ئه‌و به‌رنامه‌ی ئێمه جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ لایه‌نه‌ی حكوومه‌ت پێك دێنن یان ئه‌و لایه‌نه‌ی خۆیان به ئۆپۆزسیۆن هه‌ژمار ده‌كه‌ن، ئێمه له حزبی شیوعی وه‌ك ره‌ش و سپی، به‌هه‌شت و جه‌هه‌نم، یان ئۆپۆزسیۆن و به‌رهه‌ڵستكار، سه‌یری رووداوه‌كان ناكه‌ین چونكه ژیانی سیاسی له‌وه گه‌وره‌تره.
ئه‌گه‌ر هێزێكی تر پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات، له‌گه‌ڵ سیستمی ئێوه بگونجێت له‌گه‌ڵی ده‌بن یان دژ؟
كه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین ئۆپۆزسیۆنین، مانای ئه‌وه نییه دژی هه‌موو ئه‌و پڕۆژه و كارانه ده‌بین كه خزمه‌ت به خه‌ڵك ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه له دانیشتنێك له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو ئه‌وه‌مان باس كرد ئه‌گه‌ر كارێك هه‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك، ئه‌وا ده‌توانین پێكه‌وه كار بكه‌ین، به‌ڵام كاتێك پرسی ده‌ستوور دێته به‌رباس، ئه‌وا ئێمه له‌گه‌ڵ ده‌ستوورێكی عه‌لمانین، ئه‌مه‌ش به دڵنیاییه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی وه‌ك یه‌كگرتوو ناگونجێت، یان هێزێكی وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنه، به‌ڵام ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كان بدرێت به كه‌رتی تایبه‌ت، به‌م روانگه‌یه‌وه ئێمه ناتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه كار بكه‌ین.
به‌پێی قسه‌كانی ئێوه بێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تر ناكه‌ن؟
به‌ڵێ ئێمه هاوپه‌یمانی نابه‌ستین له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه، چونكه هاوپه‌یمانی پێوه‌ندی هه‌یه به‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نه تا چه‌ند له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی تۆ ده‌گونجێت، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینن ئه‌و لایه‌نانه جیاوازییان نییه له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت له‌باره‌ی سیستمی ئابووری، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و لایه‌نه چه‌په‌كانی تری كوردستان هه‌وڵ ده‌ده‌ین كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك چه‌ترێك بین بۆ یه‌كتر.
به بۆچوونی ئێوه ئه‌دای كاری ئۆپۆزسیۆن لاوازه یان گه‌شه‌ی كردووه؟
ئێمه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنێكی پۆپۆلیستی نین، یان ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ره‌ت ده‌كاته‌وه كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه پێشنیار كراوه، هه‌روه‌ها كاری ئۆپۆزسیۆن گوتاری توندوتیژی نییه، بۆیه ئێمه پێمان وایه هێزی ئۆپۆزسیۆنی له‌وه‌دایه چ ئه‌لته‌رناتیڤێك ده‌خاته‌ڕوو به‌رانبه‌ر به‌و پڕۆژه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵات پێشكه‌شی ده‌كات.
بۆچوونی ئێوه چییه له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت؟
راستییه‌كه‌ی ئێمه سه‌یری كارنامه‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ین، له رابردوو حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی پێكهات، بینینمان چۆن بوو، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی داخوازی هاووڵاتییانه‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م حكوومه‌ته هه‌نگاوی گه‌وره بنێت وه‌ك رووبه‌ڕووبووه‌نه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و زیاتر به‌دامه‌زراوه‌ییبوون، یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، هه‌روه‌ها سیاسه‌تێكی ئابووریمان هه‌بێت ته‌نیا پشت به‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات نه‌به‌ستین كه نه‌وت بێت، به‌ڵكو گرنگی به سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی تر بده‌ین بۆ زیادكرنی داهات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێسته له سیستمی ئابووری پێڕه‌و ده‌كرێت، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ نه‌كرێت به یاساكانی وه‌به‌رهێنان و ئه‌و جۆره پێدانی كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كان به كه‌رتی تایبه‌ت، پێم وانییه حكوومه‌ت كاری گه‌وره ئه‌نجام بدات.
وه‌ك حزبی شیوعی پێوه‌ندی ئێسته‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی ناوه‌ندی چۆن ده‌بینن؟
پێوه‌ندی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان گرێ دراوه به بوونی كۆمه‌ڵێك گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و به‌رگریه‌ی هێزه‌ی پێشمه‌رگه كردیان له دوای رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر، چونكه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ندی توانای هه‌بووایه كوردستان داگیر بكات، ئه‌وا ده‌یكرد، به‌ڵام توانای نه‌بوو، بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌یه شتێكی كاتییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ند ئاماده نییه ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات، هه‌روه‌ها پابه‌ندی بڕگه و ماده‌كانی ده‌ستوور نابێت .
نابێت وا لێك بدرێته‌وه مووچه و بودجه له به‌غداوه دێت و خێر به هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ڵكو ناچاره بیدات، بینیمان حكوومه‌تی ناوه‌ند چ جۆره گه‌مارۆیه‌كی خسته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له دنیای ده‌ره‌وه‌ی داببڕێنێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هاوكاری و خۆراگری خه‌ڵك توانی هه‌موو ئه‌و گه‌مارۆیانه تێكبشكێنێت و سه‌ركه‌وتوو بێت له كرانه‌وه‌ی ده‌رگه داخراوه‌كان.
به تێڕوانینی ئێوه عادل عه‌بدولمه‌هدی هی ئه‌وه‌یه كورد ئومێدی پێی هه‌بێت؟
كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی نییه له عێراق، به‌ڵكو ئێمه گرفتی جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستوورمان هه‌یه، ئه‌گه‌رنا ئێمه ژن و ژنخوازی ناكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی باشه ته‌واو كێشه‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بووه، ئێمه كێشه‌ی ده‌ستوور و فیدراڵیی و جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی 140مان هه‌یه، بۆیه هه‌ر كه‌سێكی تر بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه‌ی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وا جیاوازی بۆ هه‌رێمی كوردستان نییه عه‌بادی بێ مالیكی بێ یان عادل عه‌بدولمه‌هدی بێت.
*پێوه‌ندی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان گرێ دراوه به بوونی كۆمه‌ڵێك گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و به‌رگریه‌ی هێزه‌ی پێشمه‌رگه كردیان له دوای رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر.
وشه/ دیمانه- زریان ته‌ها