سینى و زه‌رف یارییه‌كى كه‌له‌پوورى تایبه‌ته به شاره‌كانى كه‌ركووك و هه‌ولێر و كۆیه و مێژوویه‌كى كۆنى نه‌زانراوى هه‌یه. ئه‌م یارییه تایبه‌ته به‌شه‌وانى مانگى ره‌مه‌زان و له قاوه‌خانه‌كان به‌گشتى و له هه‌ندێ كووچه و كۆڵان و ماڵانیش ده‌كرێت. زۆر جاران گۆرانیبێژه ناوداره‌كانى شاریش ئاماده‌ی ده‌بن و گۆرانى و مه‌قام ده‌چڕن. ئامانج له‌م یارییه بته‌وكردنى پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ى لێبورده‌یى و خۆشه‌ویستییه له نێوان خه‌ڵك.
له شوێنه گشتییه‌كاندا وه‌ك قاوه‌خانه گه‌وره‌كان، هه‌میشه ده‌هۆڵ و زوڕناش له یارییه‌كه ئاماده ده‌بێت، یاریزانانى تیپه دۆڕاوه‌كه‌ى ئه‌م یارییه، شیرینى ده‌به‌خشن به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا، كه‌سانى براوه‌ش له‌كاتى بردنه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ ئاوازى ده‌هۆڵ و زوڕناكه ده‌ست ده‌گرن و هه‌ڵده‌په‌ڕن.
دایی قه‌مبه‌ر پیاوێكى به‌ته‌مه‌ن و یاریزانێكى ناودارى كه‌ركووكه له‌باره‌ى ئه‌م یارییه له رابردوودا گوتى: له ساڵانى سه‌ده‌ى رابردوو شاره‌كانى كه‌ركووك و هه‌ولێر له شه‌وانى مانگى ره‌مه‌زان تیپه‌كان سه‌ردانى یه‌كتریان كردووه. له كه‌ركووك گۆرانیبێژان "سه‌ڵاح داوده و سابیر كوردستانى و هابه"یان ده‌برد له‌گه‌ڵ خۆیان بۆ شارى هه‌ولێر و له‌وێ له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژه‌كانى شارى هه‌ولێر وه‌ك "مشكۆ و حه‌یده‌ر به‌قاڵ و ره‌سووڵ گه‌ردى" له كاتى یارییه‌كان تا پارشیو پێشبڕكێى گۆرانى و مه‌قامیان ده‌كرد. هه‌روه‌ها تیپه‌كانى هه‌ولێریش به‌هه‌مانشێوه ده‌هاتن بۆ كه‌ركووك. له نێوان تیپه‌كانى گه‌ڕه‌كه‌كانى شاریش كێبه‌ركێ ده‌كرا.
مامۆستا "ئه‌حمه‌د تاقانه"ی نووسه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م یارییه بۆ "وشه" گوتى: ئه‌م یارییه له كۆنه‌وه له كه‌ركووك و هه‌ولێر و كۆیه و شوێنانی تریش كراوه. له كه‌ركووك پێی ده‌ڵێن "سینی زه‌رف" و له هه‌ولێر "سینى سینییانێ" و له كۆیه پێی گوتراوه "زه‌رفێن".
زیاتر گوتی، یارییه‌كه به دوو تاقمی سێ كه‌سی واته شه‌ش كه‌س ده‌كرێ، 11 كاسه "زه‌رف"ی كانزای زه‌ردی به ده‌وری سینییه‌كدا به شیله، یان به "ڕه‌حه‌ته‌لقوم" ده‌چه‌سپێنرێ، هه‌ر تاقمه و له‌كایه‌ی خۆیدا له‌ژێر په‌رده یان به‌تانیه‌دا موروویه‌ك له‌ژێر زه‌رفێكدا ده‌شارێته‌وه، تاقمی به‌رامبه‌ر ده‌بێ بیدۆزنه‌وه.
شێخ ڕه‌زا تاڵه‌بانیی شاعیر شیعرێكى له‌باره‌ى ئه‌م یارییه هه‌یه، مامۆستا تاقانه ئه‌ویشی به‌به‌ڵگه‌وه پشتڕاست كرده‌وه و گوتى: شێخ ڕه‌زا 100 ساڵ زیاتر به‌ر له ئێسته له كۆیه ئه‌م یارییه‌ی كردووه. له شیعرێكدا به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش تۆماری كردووه، شیعره‌كه وه‌ك ده‌قێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیش و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی ئه‌م یارییه‌ش سوودی لێ ده‌بینرێ.
ته‌واوی شیعره‌كه نۆ دێڕه شیعره، من ته‌نیا سێ دێڕی یه‌كه‌می ئه‌و شیعره وه‌ك نموونه ده‌هێنمه‌وه. ناونیشانی شیعره‌كه "له كاتی زه‌رفێندا"یه و ده‌ڵێ:
ئه‌ی مه‌لا قه‌ت تۆ له زه‌رفێندا وه‌ها ئازا نه‌بووی
یا له حیزیی به‌ختی من، یا مۆره‌كه‌ت مووی پێوه بوو
حاڵ له سێ خاڵی نییه، تو خودا به‌ڕاستی پێم بڵێ
مووی سمێڵت یا به‌رت، یا كلكی یابووی پێوه بوو
وا ده‌زانم مووی ڕزیوی پێستی ده‌باغخانه بوو
چونكه ئاساری كه‌تیره و جه‌وت و مازووی پێوه بوو
دیاره شێخ له یارییه‌كه‌دا دۆڕاوه، بۆیه به‌و مه‌لایه ده‌ڵێ كه یارییه‌كه‌ی لێ بردووه‌ته‌وه (كه نازانین كێیه) ئه‌ی مه‌لا تۆ له زه‌رفێن "سینی زه‌رف"دا قه‌ت وا ئازا نه‌بووی، یا له حیزیی به‌خته‌كه‌ی منه، یا ئه‌و مۆره (موروو)ه‌ی شاردبوومانه‌وه تۆ بۆ فێڵ، مووت پێوه لكاندبوو له‌ژێر زه‌رفه‌كه‌وه ده‌ركه‌وێ و بیبینی و بزانی مورووه‌كه له‌ژێر كام زه‌رفه‌دا شاراوه‌ته‌وه، به‌مه‌به‌ستێكی تر شێخ ده‌ڵێ: مۆر ـ ه‌كه‌ت، واته كونه ڕه‌نگ مۆره‌كه‌ت. مووی پێوه‌یه بۆیه به‌ختت هه‌یه.
ئه‌وه‌شیان دیاره كه ده‌ڵێ ئه‌م كاره ده‌بێ یه‌كێك بێ له‌م سێ خاڵانه‌ی خواره‌وه، به‌ڕاستی وه‌ره پێم بڵێ: مووی سمێڵتی پێوه بوو؟ یا مووی به‌رت، یان كلكی هێسترت پێوه كردبوو؟!.
ئینجا شێخ خۆی وه‌ڵام ده‌داته‌وه و به مه‌لا ده‌ڵێ: وابزانم مووی ڕزیوی ئه‌و پێستانه بوو كه له كاتی خۆشه‌كردنیاندا له ده‌باغخانه كه‌تیره و جه‌وت و مازووی لێده‌ده‌ن مووه‌كانی لێ ببێته‌وه. چونكه ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێوه بوو.
شاعیر مه‌به‌ستی سمت و ده‌وروبه‌ری كۆمه‌كه‌ی مه‌لایه كه پیسایی پێوه بێ وایه. ئه‌م شیعره به‌ڵگه‌یه‌كیشه ده‌یسه‌لمێنێ، كورد 100 ساڵ پتر پێش ئێسته سینى و زه‌رف یان زه‌رفێنیان كردووه.
تێبینی: ئه‌م شیعره له لاپه‌ڕه (35 ـ 36) ی دیوانی شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی ـ چاپی 1946ی شێخ عه‌لی تاڵه‌بانییه‌وه وه‌رگیراوه.
وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌بارى