سازمانی خەبات: پێشمەرگەکانی دیموکرات لە هەڵگورد گەمارۆیان داوین

:: PM:12:17:01/06/2019 ‌

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە داواکارییەکی بەپەلەدا رای دەگەیەنێت، لە شەوی رابردۆوە هێزێکی پێشمەرگەی ئەو حزبە لە چیای هەڵگورد لە لایەن پیشمەرگەی هەردوو حزبی دیموکراتەوە گەمارۆ دراون.

ئەمڕۆ شەموو یەکی حوزەیران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە داواکارییەکدا بڵاوی کردووەتەوە، پێشمەرگەکانی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چیای هەڵگورد، گەمارۆی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتیان داوە.

داواکارییەکە بەناوی بابەشێخ حوسێنی، سەرۆکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە نووسراوە و داوا لە هەردوو سکرتێری حدک و حدکا دەکات بەتەنگ داواکەیەوە بچن و رێگری لە شەڕ و پێکدادانی نێوان ئەو هێزانە بکەن.

دەقی داواکارییەکەی بابەشێخ حوسێنی:

پێشمەرگەی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان لە شەوی هەینی لە سەر شەممە و تا ئەمڕۆَ شەممە گەمارۆی دەستەێك لە پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران یان داوە لە چیای هەڵگورد بە مەبەستی شەڕو پێكدادان.


لە گەڵ ئەوەی سازمانی خەبات پێوەندی بە هەر لایەنی حیزبی دیموكڕاتەوە كردوە بۆ ئارام كردنەوەی وەزعەكە بەڵام بە داخەوە هەنگاوی بە كردەوەیان بۆ كۆتایی هێنانی ئەو گەمارۆیە هەڵنەگرتوە.


بەم ئاگادرایە، داوا لە بەڕێزان كاك مستەفا هیجری و كاك مستەفا مەولودی دەكەم بە زوویی بۆ كۆتایی هاتنی ئەو كێشەیەو گەمارۆی پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات هەنگاو هەڵگرن.


هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە هەر كێشەێك بۆ پێشمەرگەكانی سازمانی خەبات ڕووبدات كاك مستەفا هیجری و كاك مستەفا مەولودی بە بەرپرس دەزانم.


بابەشێخ حوسەینی
شەممە 1 ی ژوئەنی 2019




وشە - هیدایه‌ت جان