سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای دەگەیەنێت كە چەند بەرپرسێكی تەناهی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان هاوپەیمانان رازی بكەن ئەو گیراو و زیندانییانەی داعش كە لە كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستانن و رەگەزنامەی جۆراوجۆریان هەیە و وڵاتەكانیان ئامادە نین وەریان گرنەوە، بۆ زیندان یان كەمپێك لە سنووری گەرمیان بگوازرێنەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە"وشە"ی راگەیاندووە، بۆ ئەم مەبەستە ئەوان پێشنیازی كۆنتراكتێكیان كردووە لەبەرانبەر بڕێك پارە كە بە چەندان ملیۆن دۆلاری ئەمەریكایی مەزندە دەكرێت، ئەو زیندانیانە لەژێر چاودێریی چەكدارانی سەر بەو گرووپە جێگیر بكرێن.
لەماوەی رابردووشدا ئەو بەرپرسە تەناهیانەی یەكێتی چەندینجار سەردانی رۆژئاوایان كردووە و لەگەل هاوپەیمانان وردەكاری ئەو گرێبەستەیان باس كردووە، بەڵام تا ئێستە لەلایەن هاوپەیمانانەوە وڵامیان نەدراوەتەوە.
پێشتر هاوپەیمانان داوایان لە لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان كردبوو كە بەشێك لەو گیراوانە بۆ ناو هەرێم یان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم بگوازرێنەوە، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕەت كراوەتەوە. چونكە هێنانی ئەو گیراوانە بۆ ناو هەرێم وێڕای ئەوەی كە ڕەچاو نەكردنی هەستی ماڵباتی قوربانیانی دەستی داعش لە هەرێم و لە گەرمیانە، هاوكات مەترسییەكی تەناهییە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان.