بۆ یەكەم جار تۆپهاوێژی ئەمەریكی بۆردمانی داعشیان كرد

:: AM:08:56:16/10/2016 ‌

فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، شەوی ڕابردوو بۆ یەكەم جار تۆپهاوێژەكانی ئەمەریكا لەسەر زەمین بۆ یەكەم جار هێرشیان كردە سەر تیرۆریستانی داعش و بە خەستی بۆردمانیان كردن.

عومەر حوسێن یەكێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە ئاشكرای كرد، سەربازانی ئەمەریكا لە ناوچەكانی بەعشیقە، بۆ یەكەم جار بنكەكانی داعشیان لە مووسڵ بە تۆپی دوورهاوێژی ئەمەریكی بۆردمان كرد.

هەروەها گوتی، سەربازانی ئەمەریكا سەربازگەیەكیان لە میحوەری بەعشیقە دروست كردووە و ژمارەیەكی زۆر تۆپی دوورهاوێژی سوپای ئەمەریكایان لێ جێگیر كردووە، ئەو تۆپهاوێژانەش دوور دەڕۆن و دەتوانن بگەنە نێو مووسڵ.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئەوەشی گوت، تیرۆریستان تایەی ئۆتۆمبێل و نەوت لە نێو خەندەقەكان ئاگر تێ بەردەدەن كە پێشتر دروستیان كردوون، بۆ ئەوەی فڕۆكەكان نەیانبینن.

شارۆكەی بەعشیقە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای مووسڵ بە دووری 20 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەكە.

ئەمەریكا دوای نزیكبوونەوەی تیرۆریستان لە هەولێر، لە رۆژی 10 ئاب/ئۆگستس، بۆ یەكەم جار هێرشیان كردە سەر تیرۆریستان لە مەخموور و گوێڕ، دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێك هێنرا كە لە 63 وڵات پێك دێ، سەرجەمیان لە رێی فڕۆكەی جەنگی و هاوكاری مرۆیی و كۆمەكی سەربازی بۆ هێزە شەڕكەرەكانی دژ بە تیرۆریستان بەشداری هاوپەیمانیەتییەكەیان كرد.

هاوكات ئەمەریكا بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بەرگری، زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی تایبەتی خۆی ڕەوانەی عێراق كردووە، كە بەشێكیان ئەركیان پاراستنی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی ئەمەریكایە لە عێراق، ئەوەی تر لە مەشق و راهێنانی هێزەكانی عێراق ڕۆڵ دەبینن.

سه‌رچاوه‌: العربی الجدید.



وشە - باز ئه‌حمه‌د