ده‌یه‌وێ بیسه‌لمێنێ كوردستان لانكه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاین و نه‌ته‌وه‌كانه
شاناز جه‌مال كه كچه كوردێكی دانیشتووی شاری سلێمانییه، ماوه‌ی شه‌ش ساڵه كاری دیزاینی جلوبه‌رگی كوردی و خشڵی ژنان ده‌كات، ئه‌و له دیمانه‌یه‌كیدا بۆ "وشه" ئاشكرای ده‌كات، ئێسته كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كدا ده‌كات كه بریتییه له دروستكردنی عه‌بایه‌ك و پێشكه‌شی پاپای ڤاتیكان و سه‌رۆكی كاسۆلیكه‌كانی دنیای ده‌كات، عه‌باكه ڕه‌مزی هه‌موو ئاینه‌كانی كوردستانی له‌سه‌ر نه‌خشێنراوه.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی ده‌ستت پێ كردووه چییه؟
ئه‌م پڕۆژه‌یه بریتییه له دروستكردنی عه‌بایه‌ك كه پێشكه‌شی پاپای ڤاتیكان و سه‌رۆكی كاسۆلیكه‌كانی دنیای ده‌كه‌م، مه‌به‌ستی من له ناردنی ئه‌و عه‌بایه بۆ پاپای ڤاتیكان و سه‌رۆكی كاسۆلیكه‌كانی دنیا چه‌ند شتێك له‌خۆ ده‌گرێ، یه‌كێك له‌وانه ئه‌و عه‌بایه ڕه‌مزی هه‌موو ئاینه‌كانی كوردستانی له‌سه‌ر نه‌خشێنراوه به‌بێ جیاوازی، ده‌مه‌وێ لێره‌دا پیشانی هه‌موو دنیای بده‌م كه كوردستان هه‌ر له كۆنه‌وه لانكه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ژیانی ئاین و نه‌ته‌وه‌كانه به‌بێ جیاوازی.
ئه‌و عه‌بایه چۆن عه‌بایه‌كه؟
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بینێرم، عه‌بایه‌كی شانی پاپای ڤاتیكانه كه له ڕێوڕه‌سمه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان به‌كاری ده‌هێنن، پشتی عه‌باكه خاچێكی كاسۆلیكهكانم له‌سه‌ر جاجم و به‌رد و یاقووت و مه‌رجان چنیوه كه پێنج هه‌زار به‌ردم تێدا به‌كار هێناوه، ئه‌م پێنج هه‌زار به‌رده ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و پێنج هه‌زار شه‌هیده‌ی كه له هه‌ڵه‌بجه بوونه قوربانی و شه‌هید بوون، ئه‌مه‌ش هێمایه‌كه بۆ كورد و هه‌رگیز لێمان نابێته‌وه. هه‌روه‌ها به‌شی پێشه‌وه‌ی عه‌باكه هه‌ردوو شانه‌كه‌ی هه‌ر لایه‌كی هێمای چوار ئاینی له‌سه‌ره، ئاینه‌كانیش به‌هه‌مانشێوه له‌سه‌ر بابه‌تی جاجم و كوژه‌كه و بابه‌تی كوردهواری كراوه.
حكوومه‌ت ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه تا بتوانی ئه‌و دیارییه‌ت بگات به پاپای ڤاتیكان؟
بێگومان حكوومه‌ت هاوكاری و كارئاسانی بۆ ده‌ربڕیوم، بۆیه به پێویستی ده‌زانم زۆر سوپاسی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی بكه‌م و زۆر پاڵپشتی منیان كرد بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌م، هه‌روه‌ها له من زۆر په‌رۆشتر بوون له گه‌یاندنی ئه‌و عه‌بایه‌م بۆ لای پاپای ڤاتیكان و سه‌رۆكی كاسۆلیكه‌كانی دنیا، بۆیه ئه‌و كاره‌م له‌ڕێی حكوومه‌ته‌وه كرد بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی نه‌بێت به‌هیچ لایه‌نێكی سیاسییه‌وه، چونكه ئه‌و كاره به ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆم و ماوه‌ی پێنج تا شه‌ش مانگ كارم كردووه له‌سه‌ری تا ته‌واوم كردووه، له كۆتادا ویستم له‌ڕێی حكوومه‌تی خۆمه‌وه بڕوا و وه‌ك ناوی كچێكی كورد و كوردستان بیگه‌یه‌نمه ڤاتیكان و هه‌موو دنیا.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵه كاری دیزاینی جلوبه‌رگ ده‌كه‌ی؟
ماوه‌ی شه‌ش ساڵه كاری دیزاینی جلوبه‌رگی كوردی و خشڵی ژنان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌و كاره‌ی ده‌یكه‌م كه‌مێك جیاوازه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مێك نزیكه له ریسایكلینه‌وه و كار له‌سه‌ر ئه‌و جاجم و بابه‌ته كۆن و به‌ڕه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له كورده‌واریدا هه‌بوون و به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن، جارێكی تر دیزاینیان ده‌كه‌مه‌وه به‌شێوازی ئێكسسوار و بابه‌تی خۆ ڕازاندنه‌وه‌ی ژنان و ڕازاندنه‌وه‌ی ناو ماڵ به‌كاری ده‌هێنمه‌وه.
بۆچی ده‌ته‌وێ ئه‌و بابه‌ته كۆنانه‌ی كوردهواری دیسان زیندوو بكه‌یته‌وه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستییه‌كی زۆرم بۆ دروستكردنی خشڵ و بابه‌تی ڕازاندنه‌وه‌ی ژنان و ڕازاندنه‌وه‌ی ناو ماڵ هه‌یه، چونكه خشلَ ده‌چێته هه‌موو شوێنێكه‌وه و ده‌توانی وه‌ك ڕازاندنه‌وه یا دیاری به‌كاری بهێنیت، هه‌رچه‌نده له بابه‌تی جلوبه‌رگ كه‌متر كارم له‌سه‌ری كردووه، به‌ڵام تا ئاستێكی باش توانیومه خزمه‌ت به كولتووری كوردی بكه‌م له‌ڕێی دیزاینی جلوبه‌رگی كوردی كۆنه‌وه.
تا ئێسته به‌شداری هیچ پێشانگهیهكت بۆ نمایشكردنی به‌رهه‌مه‌كانت كردووه؟
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ده‌ستبه‌كاربوونم له كاری خۆم، توانیومه به‌شداری چه‌ندان پێشانگه بكه‌م له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی وڵات كه 17 پێشانگه‌ی هاوبه‌شن، له هه‌مان كاتدا خاوه‌نی سێ پێشانگه‌ی تایبه‌ت به‌خۆمم و یه‌كێك له پێشانگه تایبه‌ته‌كانم له ئه‌مه‌ریكا بوو، جگه له‌وه‌ش ئه‌مساڵ به هه‌مانشێوه به‌شێكی به‌رهه‌مه دهستییهكانم بۆ كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا به دیاری نارد وه‌ك دیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵیم بێ، كاره‌كانم به‌رده‌وام فرۆشتنێكی زۆر باشی له‌سه‌ره و داوای ده‌كه‌ن.
جگه له كاری دهستڕهنگینی ڕۆژانه به چ شێكی تره‌وه سه‌رقاڵی؟
جگه له كاری ده‌ستڕه‌نگینیم، كاری خۆبه‌خشی ده‌كه‌م و ماوه‌ی ساڵێك زیاتره له به‌شی چاكسازی ژنانی منداڵانی هه‌ولێر مامۆستای خۆبه‌خشم و فێری ده‌ستڕه‌نگینییان ده‌كه‌م و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، هه‌وڵیش ده‌ده‌م له داهاتوودا پڕۆژه‌شیان بۆ ئه‌نجام بده‌م.
خه‌ونت چییه تا له‌و ڕێیه‌وه پێی بگه‌یت؟
بێگومان هه‌موو كه‌سێك خه‌ونی هه‌یه كه شوێنێكی تایبه‌ت به‌خۆی و كارگه‌یه‌كی هه‌بێت، هه‌روه‌ها زۆر حه‌ز ده‌كه‌م دوای ئه‌و كاره‌م كه له سه‌فه‌ره‌كه‌م گه‌ڕامه‌وه، به‌ڕاستی كاره دهستییهكانم ببێت به بڕاندێكی كوردهواری و موڵكی كوردهواری پێوه دیار بێت، له هه‌مان كاتدا چه‌ند كه‌سێكیش فێری ئه‌و كاره بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن له‌و ڕێیه‌وه داهاتێك بۆ خۆیان دابین بكه‌ن و ببنه خاوه‌نی دهستڕهنگینی و پشت به‌خۆیان ببه‌ستن.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال