سیروان بابه‌عه‌لی نووسه‌ر كه له منداڵییه‌وه خولیای نووسین بووه و به هۆنراوه ده‌ستی پێ كردووه، دواتر بیرۆكه‌ی نووسینه‌كانی كافكا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروست كردووه و له‌و رێیه‌وه پڕژاوه‌ته سه‌ر نووسین. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا نووسه‌ر باسی كولتوور و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كوردی ده‌كات.
ئه‌ده‌ب به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر چ پێوه‌ندییه‌كی به كولتووره‌وه هه‌یه؟ رۆڵی كولتوور به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاته‌وه چییه و به‌ریه‌ككه‌وتنی كولتووره جیاوازه‌كان تا چه‌ند كۆمه‌كی ئه‌ده‌بیات ده‌كات؟
گومان له‌وه‌دا نییه كه كولتوور و ئه‌ده‌بیات پێوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه و كاریگه‌ریشیان بۆ سه‌ر یه‌كتر ڕوون و ئاشكرایه، له‌لایه‌كه‌وه كولتوور و داونه‌ریتی نه‌ته‌وه‌یی كار ده‌كاته سه‌ر ئه‌ده‌بیات و ڕه‌نگی تێدا ده‌داته‌وه و ده‌بێته هه‌وێنی نووسین. وه‌ك له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی نووسه‌ران و شاعیرانی كورددا ده‌بینین. نموونه‌یان ئاماژه‌كردنی هێمنی شاعیره به به‌یت و چیرۆكه كۆنه كوردییه‌كانی وه‌ك (خه‌ج و سیامه‌ند، بارام و گوڵئه‌ندام، مهم و زین و...)، ئه‌مه لای نووسه‌رانی تریش هه‌یه. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌ده‌بیاتیش كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر كولتووری كۆمه‌ڵ داده‌نێت، وه‌ك ڕوونه كولتوور و فه‌رهه‌نگ به‌رده‌وام له نوێبوونه‌وه و گۆڕاندان و هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه ڕوو ده‌ده‌ن كاری تێده‌كه‌ن، ده‌یگۆڕن و له چۆنیه‌تیی گۆڕانهكهشدا جێی خۆیان ده‌بێت. له‌مباره‌یه‌وه ده‌كرێ بگوترێ هه‌رچه‌نده ئه‌ده‌بیات مه‌كۆی بیركردنه‌وه بێت و قووڵ بڕوانێته دیارده و پرسه جۆراوجۆره‌كان، واته خاوه‌نی جیهانبینییه‌كی قووڵ بێت، توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌و كاریگه‌رییه‌دا بۆ سه‌ر فه‌رهه‌نگ ده‌یبێت سه‌ركه‌وتووتر بێت و له ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و نوێكردنه‌وه و بوار خۆشكردندا بۆ پێوه‌ندی و نزیكبوونه‌وه له فه‌رهه‌نگه‌كانی تر رۆڵی ئه‌رێنیی هه‌بێت. چونكه ئه‌م سه‌رده‌مه خوازیاری پێكه‌وه‌سازانی كولتوور و نه‌ته‌وه و گه‌لانی جیاجیا پێكه‌وه‌یه و پێویسته دوور بكه‌وێته‌وه له فه‌رهه‌نگی داخراوی كۆنی ڕابردوو سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕ و كوشتاری دڕندانه بووه و له مێژوودا هه‌موویان تۆمار كراون.
كامه كولتوور كۆمه‌كی ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ی كردووه؟
زانایانی بواری كۆمه‌ڵناسی بڕوایان وایه فه‌رهه‌نگ و كولتوور به‌ره‌و پێگه‌یشتن هه‌نگاو ده‌نێت و هه‌رگیز ناوه‌ستێت. هه‌ڵبه‌ت له‌م ڕێیه‌دا به‌ربه‌ست و كۆسپیشی دێته به‌رده‌م، به‌ڵام له‌به‌ر كاریگه‌ریی دینامیزمی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا به‌ربه‌سته‌كان لاده‌دات و ده‌چێته پێشه‌وه. ئه‌و دینامیزمه ناوخۆییه ده‌كرێ زیادكردنی ژماری دانیشتووان، په‌ره‌سه‌ندنی پێداویستییه‌كانی مرۆڤ، پێشكه‌وتنی شارستانیی و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان بێت بۆ دابینكردنی پێداویستییه جۆراوجۆره‌كان، له‌لایه‌كی تره‌وه دینامیزمی ده‌ره‌كییه به‌و واتایه‌ی هیچ سیستم و پێكهاته‌یه‌كی كولتووری ناتوانێت خۆی له به‌رانبه‌ر سیستمه كولتوورییه‌كانی تردا بپارێزێت و خۆی گۆشه‌گیر بكات. بۆیه ده‌كرێ بگوترێ هه‌م هۆكاری ناوخۆیی و هه‌م هۆكاری ده‌ره‌كی كاریگه‌ر بووه له‌سه‌ر كولتووری كوردان و بێگومان كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م گه‌له بووه. بۆ وێنه كاریگه‌ریی كولتووری وڵاتانی دراوسێ و ئاین و بیروبۆچوونه ناوچه‌یی و جیهانییه‌كان، به‌گوێره‌ی نزیكایه‌تی و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كوردان بابه‌تێكی دیاره كه ده‌كرێ بڵێین خوێندنی بوستان و گوڵستانی سه‌عدیی فارسی زمان له حوجره‌ی فه‌قێیاندا یه‌كێكه له‌و كاریگه‌رییانه. یان له شیعردا و نموونه‌ی به‌رچاو كاریگه‌ریی شیعری فڕه‌نسایه له‌سه‌ر گۆرانی شاعیر، هه‌روه‌ها گۆڕانكاریی له شیعری كلاسیك‌دا به‌ره‌و شیعری نوێ به‌هۆی پێوه‌ندیی كوردانه‌وه له‌گه‌ڵ توركه‌كان و دواتر ئاشنابوونیان به ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی. كه‌واته كاریگه‌رییه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی كۆنكرێت دیاری ناكرێت و ناكرێ بگوترێ به‌شێوه‌یه‌كی دیار و سنووردار فڵانه كولتوور كاری كردووه‌ته سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كوردی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كرێ به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی ئاماژه‌ی پێ بكرێت، كاریگه‌ریی ئه‌ده‌ب و كولتووری فارسی و عه‌ره‌بی بووه هه‌م به‌هۆی نزیكایهتییهوه و هه‌م به هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی زاڵ له دوو به‌شی كوردستاندا فارس و عه‌ره‌ب بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاینی ئیسلام هۆكارێكی تر بووه بۆ كاركردنی كولتوور و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر كولتوور و ئه‌ده‌بی كوردی.
له سه‌رده‌مێكدا كه سه‌ره‌تای دانانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بوو، واته له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌وكات ئه‌دیبانی كورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داران كامه‌یان رۆڵی كاراتریان هه‌بووه بۆ پاراستنی كولتووری كوردی؟
هه‌ركامه‌یان به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج و ئاستی ڕووناكبیریی گشتی كاریگه‌ریی خۆیان هه‌بووه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كاتێ بزووتنه‌وه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌و سه‌ده‌یه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ریش لای سه‌ركرده‌كان بیری نه‌ته‌وه‌یی پێناسه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی هه‌بووبێت، به‌ڵام لای جه‌ماوه‌ری ئه‌وكاته‌ی كورد بابه‌ته‌كه ده‌ركی سه‌رده‌مییانه نه‌كراوه و زیاتر وه‌ك شوێنكه‌وتنی سه‌ركرده‌یه‌ك و گه‌وره و پیاوماقووڵێك بووه. ده‌كرێ ئاماژه به‌و بۆچوونانه بكرێت كه له‌باره‌ی شێخ مه‌حموودی حه‌فید و شۆڕشه‌كه‌ی له‌سه‌ر زاراندایه، بۆ وێنه ده‌گوترێت له فڵانه گوند شێخ پای به دارهتوویهكی وشكه‌وه ناوه و دواتر ئه‌و داره تووه سه‌وز بووه‌ته‌وه، ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه خه‌ڵك كه‌س و ڕێزی سه‌ركرده‌كه‌یان لا گرینگ بووه و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه كاڵ و لاواز بووه. به‌ڵام دواتر و به گه‌شه‌ی ڕووناكبیری و پێشكه‌وتنی خوێنه‌واری و به‌هۆی گۆڕانكاریی ناوچه‌یی و جیهانییه‌وه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش گۆڕاوه.
به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی هاتنه ئاراوه و له‌به‌ر كاریگه‌ریی بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری جۆراوجۆری سیاسی و به‌تایبه‌ت بیری چه‌پدا، سیاسه‌ت رۆڵی زۆری بینی له كاركردنه سه‌ر كولتوور و ئه‌ده‌بی كورددا. شیعری كوردی پڕ بوو له وشه‌ی كرێكار و ڕه‌نجده‌ر و.. و بیری ڕووناكبیری كورد به لای شۆڕشی كریكار و جووتیاردا ئاوڕی دایه‌وه، واته ئه‌م گۆڕانكارییانه له‌سه‌ر كولتوور و ئه‌ده‌بی كوردی كاریگه‌ر بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شۆڕشه‌كانی كوردان خۆیان كه ئه‌مجاره‌یان لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی زیاتر خۆی ده‌رده‌خست، زیاتر له ناو ئه‌ده‌بی كورددا ڕه‌نگی دایه‌وه و له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بینین چیرۆك و ڕۆمان و شیعری كوردی سه‌رنج ده‌داته لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و ڕووناكبیریی نه‌ته‌وه‌یی، ڕۆمانی پێشمه‌رگه‌ی جه‌عفه‌ری قازی، ژانی گه‌لی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، شیعری دڵدار و قانع و هتد ئه‌و ڕاستییه ڕوون ده‌كه‌نه‌وه.
پێت وانییه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كوردی هه‌میشه ده‌گوشرێت به ئایدیۆلۆجی ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی له‌لایه‌ن فارس و توركه‌كان، له ناو عه‌ره‌به‌كانیش به بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی؟
ئه‌م پرسیاره ئه‌گه‌ر به یه‌ك وشه وه‌ڵام بده‌مه‌وه ده‌ڵێم به‌ڵێ وایه، به‌ڵام پێویسته زیاتر شی بكرێته‌وه. ئه‌وه‌ی كه گه‌لان یان ده‌سه‌ڵاتانی سه‌رده‌ست له كوردستان چۆن ده‌جووڵێنه‌وه ڕوونه و گومانی له‌سه‌ر نییه، بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستی و شۆڤینیزمیش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگره له به‌رده‌م ئه‌و مه‌به‌سته‌دا و ته‌نانه‌ت له به‌رده‌م گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی و بگره زیاتریش له به‌رده‌م ژیانێكی زۆر ئاسایی‌دا بۆ كوردان. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كورد خۆیشی زۆر تاوانباره، تاوانباره به‌وه‌ی نه‌یتوانیوه بیرێكی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه‌كراوی تۆكمه دامه‌زرێنێت و ڕووناكبیرییهكی سیاسیی به‌هێزی هه‌بێت. ده‌مه‌وێ بڵێم كورد له خۆناسیندا زۆر ته‌مبه‌ڵ و كهمكار بووه، ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر گه‌لان و كولتوور و ژیانی گه‌لانی تر كاری كردووه و ئه‌سته‌میی كێشاوه، بۆ خۆی ئه‌و كاره‌ی نه‌كردووه. من پێم وایه تا ئێسته‌ش به‌و جۆره‌ی پێویسته كورد له ژیانی خۆیدا ناسكار نییه. كورد ئێسته‌ش له زۆر كار و هه‌وڵدانیدا به‌شێوه‌ی ئه‌زموون و خه‌تا ده‌ڕواته پێشه‌وه. پلان و به‌رنامه‌ی ورد یان هه‌ر نییه یان لایه‌نی هۆزایه‌تی و دابی كۆن و ڕێش سپێتی و ئه‌و جۆره شتانه ئه‌وه‌نده زاڵن كه هه‌موو شتێكی زانستییانه و نوێ ده‌خه‌نه په‌راوێزه‌وه.
وشه/ دیمانه- هه‌ورین نه‌جات