فەرماندەیەك: سەرەتای جەنگی مووسڵ دەستی پێ كردووە

:: AM:09:23:16/10/2016 ‌

فەرماندەیەكی سوپای عێراق ئاشكرای كرد، لە سنووری میحوەری گوێڕ لە سەعات یەكی شەوی ڕابردووەوە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە سەختی بۆردمانی مووسڵ دەكەن و تا ئێستەش بۆردمانەكان بەردەوامن، سەرەتاكانی جەنگی مووسڵ بۆ وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كردووە.

عەمید قاسم عەدنانی فەرماندە لە هێزەكانی سوپای عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە سەختی بۆردمانی بنكە و بارەگاكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان لە شەوی ڕابردووەوە دەست پێ كردووە و زیانی یەكجار زۆر بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە.

ئاماژەی دا، بەهۆی پێدانی زانیاری هەواڵگری لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، لە شەوەوە تا ئێستە فڕۆكەكان بە سەركەوتوویی توانیویانە 12 بنكەی تیرۆریستان بكەنە ئامانج و وێرانی بكەن و تیرۆریستانیش بكوژن.

هەروەها گوتی، سەرەتای هێرش بۆ سەر تیرۆریستان و دەركردنیان لە مووسڵ دەستی پێ كردووە و بۆردمانی فڕۆكەكان بە خەستی بەردەوام دەبێ و لە رۆژانی داهاتووش پێشڕەوی زەمینی دەست پێ دەكات.

لە رۆژانی ڕابردوو بە دەیان هەزار سەربازی سوپای عێراق هاتنە ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ و ئامادەكارییەكان بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بەرەو كۆتا دەچێت، بەگوێرەی زانیاریی میدیاكانی جیهانیش، زیاتر لە 60 هەزار سەرباز بەشداریی شەڕی مووسڵ دەكەن.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق و یەكێكە لە شارە مێژوویییەكانی دنیا، لە 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی سوپا و پۆلیسی شارەكە، بەتەواوی كەوتە ژێر دەستی تیرۆریستان و بنكەی سەرەكی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە لە عێراقدا، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكورەوە توانیویەتی پێشڕەوی بەرچاو بكاتە سەر تیرۆریستان لە مووسڵ و ناوچەیەكی یەكجار فرەوانیان لێ پاك بكاتەوە.

وشە/تایبەت.



وشە - رامیار جەواد