له راپۆرتى رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى هاتووه، ئه‌مه‌ریكا له عێراق رێوشوێنه ته‌ناهییه‌كانى خۆى خاو نه‌كردووه‌ته‌وه، ماوه‌یه‌كیشه رێ نادات میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان به كار بهێنن.
له مانگى رابردوودا له كاتى هه‌ڵكشانى گرژییه‌كانى نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و ئێران له ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا مووشه‌كێك ئاراسته‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا كرا. هه‌رچه‌نده ئه‌و مووشه‌كه هیچ زیانێكى مادى و گیانى بۆ دیپلۆماتكارانى ئه‌مه‌ریكا نه‌بوو.
به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا له‌و كاته‌وه له عێراق رێوشوێنێكى ته‌ناهى توندى گرتووه‌ته‌به‌ر، سه‌رچاوه عێراقییه‌كان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه، تا ئێسته ئه‌و رێوشوێنانه به توندى ماونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت زیادیشى كردووه به تایبه‌تى له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى كه ئه‌مه‌ریكا گومانى ئه‌وه‌یان لێ ده‌كات له ئێرانه‌وه نزیك بن.
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێ، له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه. ئه‌مه‌ریكا زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنى ته‌ناهى توندى له ده‌وروبه‌رى باره‌گاكانى خۆى له عێراق گرتووه‌ته‌به‌ر، له دوایین رێكاریش بڕیار دراوه فڕینى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان له هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى قه‌ده‌غه بكرێت.
به‌رپرسێكى عێراقى كه ناوى ئاشكرا نه‌كراوه، له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ "به كرده‌یى هێزه‌كانى سه‌ر به میلیشیاى حه‌شدى شه‌عبى به‌كارهێنانى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانیان بۆ وێنه‌گرتن و چاودێرى راگرتووه له باكور و رۆژئاواى عێراق" ئه‌و به‌رپرسه دووپاتى ده‌كاته‌وه، ئه‌م كاره‌ى حه‌شد پێوه‌ندى به بڕیارێكى ئه‌مه‌ریكاوه هه‌یه كه بۆ سه‌لامه‌تى بنه‌كه‌كانى خۆى داویه‌تى.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى چه‌ند فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانى هه‌یه، به‌رپرسه عێراقییه‌كه باسى ژماره‌ى فڕۆكه‌كانى نه‌كردووه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ ده‌ڵێ "هه‌ندێك له هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى كه له ژماره‌ى په‌نجه‌كانى ده‌ست تێپه‌ڕ ناكه‌ن، فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانیان هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وانیش ئه‌و هێزانەن كه راسته‌وخۆ پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه".
دووپاتیشى ده‌كاته‌وه فڕۆكه‌كان له‌و جۆرانه‌ن كه بۆ وێنه‌گرتن و چاودێریى به‌كار ده‌هێنرێن، نه‌وه‌ك بۆردمان و هێرشكردن.
هه‌ر چه‌نده به‌رپرسه عێراقییه‌كه ناوى ئه‌و میلیشیایانه‌ى نه‌هێناوە كه خاوه‌نى فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانن، به‌ڵام له راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ناوى چه‌ند هێزێك ئاشكرا كراوه كه خاوه‌نى فڕۆكه‌كه‌ن و دووباره ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كرێت كه ئه‌و هێزانه هه‌موویان راسته‌وخۆ سه‌ر به ئێرانن، له‌وانه نوجه‌با، عه‌سائیب، حزبوڵا، سه‌رایا عاشورا، كه‌تائیب سه‌ید شوهه‌دا و به‌در.
ئه‌و هێزانه‌یش له ساڵى 2015 وه ئه‌و جۆره فڕۆكانه به‌كارده‌هێنن كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه دروست كراون، ئه‌م فڕۆكانه له هه‌ر دوو جۆرن، واته له باڵى جێگیر و شێوه‌ى ههلیكۆپتهرن، پێشتریش ئه‌و فڕۆكانه له‌لایه‌ن حه‌شد له شه‌ڕى داعش به‌كارهێنراون.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى كه له لایه‌ن به‌رپرسه عێراقییه‌كه‌وه به رۆژنامه‌كه دراوه، له ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو ئه‌و فڕۆكانه راگیراون و حه‌شد ناتوانێ به‌كاریان بهێنێ، له باره‌ى جۆرى قهدهغهكردنهكهیش به‌رپرسه‌كه باسى ئه‌وه كردووه، له سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراقى و به فرمانى ئه‌مه‌ریكا بووه.
چونكه به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان كردووه هه‌ر فڕۆكه‌یه‌كى له‌م جۆره له باره‌گاكانیان نزیك ببێته‌وه ئه‌وا ده‌یخه‌نه خواره‌وه. هه‌ر ئه‌و به‌رپرسه ده‌ڵێ" ئه‌مه‌ریكا هێشتا له حاڵه‌تى ئاماده‌باشى دایه و ئاستى رێكارییه ته‌ناهییه‌كانى نزم نه‌كردووه‌ته‌وه.
تاڵب عیساوى به‌رپرسى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى له شارۆكه‌ى قائیمى سه‌ر به پارێزگاى ئه‌نبار له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید، ته‌واوى زانیارییه‌كانى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێ " ئێسته ئه‌م چالاكییه ته‌نیا له لایه‌ن سوپاى عێراقه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت و فڕۆكه‌ى چاودێرى ئه‌مه‌ریكیش له ناوچه‌كه چاودێرى بارودۆخى ته‌ناهى ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى چۆن پابه‌ندى بڕیاره‌كه‌ى حكوومه‌تى عێراق بووه، ئه‌و تاڵب عیساوى به‌رپرسى حه‌شدى شه‌عبى هیچ ورده‌كارییه‌كى ده‌رنه‌خستووه و ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ ده‌ڵێ" حه‌شد به‌شێكه له هێزه ته‌ناهییه‌كانى عێراق و پابه‌ندى بڕیاره‌كانى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌كداره‌كان و حكوومه‌تى عێراق ده‌بێت".
فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان كه به" درۆن" و "فڕۆكه‌ى بێ سه‌رنشین"یش ناو ده‌برێت بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵى 1916 له به‌ریتانیا دروست كرا و دواتر له لایه‌ن وڵاتانى تر‌ى وه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ڵمانیا په‌ره‌ى پێ درا، ئێسته له سه‌ر ئاستى دنیا له‌لایه‌ن چه‌ندان وڵاته‌وه به‌رهه‌م دێت. یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ى كه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دروستى ده‌كات ئێرانه.
ئه‌م جۆره فڕۆكه‌یه له‌م چه‌ند شه‌ڕه‌ى دواییدا له یه‌مه‌ن و سووریا و لیبیا و عێراق كاریگه‌رى ده‌ركه‌تووه. به گوێره‌ى راپۆرتێك كه له كه‌ناڵى جه‌زیره بڵاوكراوه‌ته‌وه ساڵانه 100 ملیار دۆلار له به‌رهه‌مهێنانى ئه‌م جۆره فڕۆكه‌یه خه‌رج ده‌كرێت.