له سنوورى شارۆكه‌ى پێنجوێن، جۆره په‌پووله‌یه‌ك په‌یدابووه، به شه‌وان زیاتر ده‌بن و زیانی بۆ گه‌ڵا و دار و خونچه‌ی دره‌خته‌كان هه‌یه و خه‌ڵكی پێنجوێن و به‌ته‌مه‌نه‌كانیش، ده‌ڵێن "ئه‌م په‌پوله‌یه تازه‌یه و پێشتر بوونی نه‌بووه".
ئاراس حامید، هاووڵاتیى و جووتیار له پێنجوێن، به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ماوه‌ى چه‌ندان ساڵه له پێنجوێن له‌ناو دره‌خت و نه‌مام و ره‌ز و باخدا كارم كردووه، نه‌مبینیووه له‌و جۆره‌ى پهپولهیهى كه له‌دواى ئێواران و تاریكبوونى ئاسمان، ماوه‌ى چه‌ند شه‌وێكه له سنوورى پێنجوێن ده‌رده‌كه‌ون.
زیاتر گوتى، "له‌سه‌ر زانین و چۆنیه‌تى گه‌شه‌كردن و ناوى ئه‌م په‌پووله‌یه، زۆر پرسیارمان كردووه له شاره‌زایانى بوارى ڕووه‌ك و گیانهوهرناسى و ته‌نانه‌ت به‌ته‌مه‌نه‌كانى سنوورى پێنجوێن، به‌ڵام ئه‌وانیش سه‌رسام بوون و ده‌ڵێن تا ئێسته شتى له‌م جۆرهمانه نه‌بینیووه".
ئاماژه‌ى به‌وه كرد، په‌پووله‌كه به ڕۆژ كه‌متر ده‌رده‌كه‌وێت له نزیك دار و دره‌ختن، به‌ڵام شه‌وان زۆر ده‌بن و ڕه‌نگیان سپیه و زیانى زۆرى گه‌یاندووه‌ته به‌رهه‌مه جیاوازه‌كانى كشتوكاڵ.
لای خۆیه‌وه، نه‌ورۆز محه‌مه‌د، ئه‌ندازیارى كشتوكاڵ له پێنجوێن، بۆ "وشه" ڕوونی كرده‌وه، " ئه‌م ساڵ ئه‌م په‌پووله‌یه له سنووره‌كه‌ماندا ده‌ركه‌وتووه و پێشتر نه‌بووه، بۆیه نازانین چۆن له‌ناو ده‌برێن و كه‌م ده‌كرێنه‌وه".
دووپاتى كرده‌وه، هه‌میشه كه باسى په‌پووله ده‌كرێت بهزیندهوهرێكى بێ زیان دێته به‌رچاومان، به‌ڵام ئه‌م په‌پوله‌یه پێچه‌وانه‌كه‌ى راسته و زیانێكى زۆرى بۆ نه‌مام و كشتوكاڵیش هه‌یه.
شارۆكه‌ى پێنجوێن، یه‌كێكه له‌ناوچه كوێستانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و نزیكه‌ى 96 كیلۆمه‌تر له‌شارى سلێمانیه‌وه دووره و له‌وه‌رزى هاویندا جووتیارانى ناوچه‌كه به‌ده‌ست چه‌ندان نه‌خۆشى و مێرووى زیانبه‌خشه‌وه ده‌ناڵێنن.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى