وتەكانی سەرۆك بارزانی.. ئاماژەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی كوردستان و عێراق

:: PM:08:37:10/06/2019 ‌
وتارەكەی ئەمڕۆی سەرۆك بارزانی لە شەقامی كوردستان و عێراق كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە و وەك چەترێك بۆ ئاشتەوای دەبینرێ‌ لەماوەی چەند ساڵی داهاتوو، بەتایبەت كە ئێستە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستێكی جێگیر دایە.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی حوزەیران، ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو، لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك بارزانی لەبەردەم میوانانی كوردستانی و عێراقی و بیانی وتارێكی پێشكەش كرد و چەندان جار دووپاتی لەچارەسەری كێشەكان بە گفتوگۆ كردەوە هەروەك لە ئاستی ناوخۆی داوای چارەسەری كێشەكانی كرد.

وتارەكەی سەرۆك بارزانی لەلایەن چاودێرانەوە وەك ئاماژەیەكی سەرەكی دەبنرێ‌ بۆ ئاشتەوایی و بنەمای كاركردنی داهاتوو لەناوخۆ و دەرەوەی كوردستان.
 
مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە، وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئاماژەیەكە بۆ ئاشتەوایی و یەكخستنی ناوماڵی كورد.

نەجاڕ بۆ "وشە" گوتی، بۆ ئەو قۆناغەی كوردستان و عێراق وتارەكەی سەرۆك بارزانی گرنگی تایبەتی هەیە، هەوڵێكە بۆ ئاشتەوایی لە عێراق و ناوچەكە. هەروەك ڕوونی كردەوە كە سەرانی عێراق لە ڕێی ئەو وتارەوە بۆیان دەردەكەوێ‌ كە كورد بەردەوام لەگەڵ چارەسەری كێشەكاندایە.

پەرلەمانتارەكەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە سەرۆك بارزانی خۆی وەك چەترێك وایە بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە، ئەوەیشی ئەمڕۆ لە وتارەكەی ئاماژەی بۆ كرد دووپات كردنەوەبوو لەسەر پێشخستنی وڵات و چارەسەری كێشەكان بە گفتوگۆ.

لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش وتارەكەی بارزانی كردنەوەی دەرگەیەكی تر بوو بۆ چارەسەری كێشەكان و یەكلا كردنەوەی كۆیی پرسەكان، وەك ئەوەی داوای كرد لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كێشەكانیان چارەسەر بكەن. ستار نووری چاودێری سیاسیی پێی وایەكە وتارەكەی سەرۆك بارزانی ئاماژەیەكی گرنگە بۆ چارەسەری كێشەكان.

ڕوونیشی كردەوە كە بە ئاماژەدان هاتنە پێشەوەی قۆناغێكی نوێ‌ پێویستە كورد بەشێوەیەكی تر خۆی ئامادە بكات و لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە.

دەقی وتەكانی سەرۆك بارزانی 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان بەخێر بێن سەرچاوان
زۆر سوپاستان دەكەین بۆ خێرهاتنتان و زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان.
سوپاس بۆ خوای گەورە كە یارمەتیداین بۆ رێكخستنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی 30ی ئەیلووی ساڵی رابردوو. سوپاس بۆ گەلی كوردستان، بۆ خۆڕاگرییان بەرانبەر زۆر لە تەحەدیات و پیلانی جۆراوجۆر، سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان.

لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی ساڵی رابردوو هەلومەرجێكی تازە هاتە پێشەوە، ئەوەبوو لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆش سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و لە سبەینێوەش هەنگاوەكانی دامەزراندنی حكومەتی هەرێم دەست پێدەكات.

لێرەدا من پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەم و داوای سەركەوتنی بۆ دەكەم و بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەم.
داوای جیددیم لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ ئەوەیە، كە پێكەوە هەوڵ بدەن هەرچی زووترە ئەو كێشانەی كە ماون چارەسەریان بكەن، بەتایبەتی ئەو كێشانەی كە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم یان بڵێین ناوچەكانی كێشە لەسەر، چونكە رۆژبەڕۆژ كێشەكان زیاتر قووڵتر دەبن و جێگەی مەترسی جیددین. پێویستە بە حیكمەت و بە لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت، بەپێی دەستوور.

ڕاستە داعش تووشی شكستی گەورە بووە، بەڵام داعش ماوە، هەڕەشەی داعش ماوە، هەروەها خەریكە خۆی ڕێكبخاتەوە و هاوبیری داعشیش ماون و هەردووكیان پێكەوە مەترسی جیددین لەسەر وڵاتەكە و ئەمن و ئاسایشی نەك هەر عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكوو هەموو ناوچەكە و هەموو جیهان، بۆیە پێویستی بە وریاییەكی زۆر و هەماهەنگییەكی تەواو هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورەیە، جارێكی دیكە كارەساتی وەكو ساڵی 2014 دووبارە نەبێتەوە لەم وڵاتە.

بۆ كێشەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئومێدەوارین كە هەموو لایەنەكان بە ئاشتی چارەسەری كێشەكان بكەن، چونكە بە تەئكید شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە.

لەناو هەرێمیشدا داواكارم لایەنە سیاسییەكان بە گیانی برایەتی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی كێشەكانی نێوخۆ چارەسەر بكەن.

جارێكی تر بەخێرهاتنی هەمووتان دەكەم و زۆر سوپاستان دەكەم.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم