شارەوانی هەولێر هیچ كارتێك بۆ گەڕەكی بەختەوەری دروست نەكراوە

:: PM:12:22:11/06/2019 ‌
شارەوانی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات كە كڕین و فرۆشتن بە كارتی گەڕەكی بەختەوەر "قەرەبووی گوندی كۆری" نەكەن و دەڵێ، ئەو كارتانە تەزویرن.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی حوزەیران، كرمانج دەشتەكی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گوێبیستی ئەوە بووین جۆرە كارتێك لەلایەن هاووڵاتییانەوە كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت بەناوی گەڕەكی بەختەوەری.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانی هەولێر گوتی، هاووڵاتییان ئاگەدار دەكەینەوە بەهیچ شێوەیەك ئەو كارتانە ڕاست نیە و تەزوویرن، چونكە قەرەبووی گوندی كۆری هیچ جۆرە كارتێكی بۆ دروست نەكراوە و ڕاستەوخۆ تاپۆ دەكرێت و بەرپرسانی تاپۆش بۆ ئەو مەبەستە ئاگەدار كراونەتەوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، پێویستە هاووڵاتییان ئاگەداربن فێڵیان لێ نەكرێ گوایە كارتی زەوییەكانی گەڕەكی بەختەوەرییە و مامەڵەی پێوە دەكری،َ ئەو كارتە بەهیچ شێوەیەك پێوەندیی بە زەوییەكانی گەڕەكی بەختەوەری نیە و تەزویرە، ئەو كەسەی مامەڵە بەو كارتە بكات خۆی بەرپرسە.

پێش جەژن تیروپشك بۆ چوار هەزار و 132 سوودمەندی گوندی كۆری كرا و بە پارچە زەوییەك قەرەبوو كرانەوە.





وشە - رامیار جەواد